جەمالى دەلاک:
ڕاستە مردن لەڕێگاى هەموومان دەدا و سوننەتى ژیانە هەرڕۆژەو یەکێکمان دەبێت ئەم ژیانە بەجێ بهێڵین ، بەڵام ژیان لەیەکێکەوە بۆیەکێکى تر بێگومان جیاوازى هەیە ، بەدەگمەن ڕێکەوتووە ژیانى هونەرمەندان و ئەدیبان وشاعیران و نووسەران و ….تاد میللەتەکەمان لەوپەڕى ڕەفاهیەتدا ژیابن ، نەخێر مەحاڵە چونکە مێژووى ژیانیان پێمان دەڵێن کە لەوپەڕى کولە مەرگى و ململانێ بەرامبەر بە دابینکردنى ژیان کۆششیان کردووە ، چونکە مامۆستا هێمن هەرگیز لەخۆڕا نەى فەرمووە ( هونەرمەند و ژیانى خۆش مەحاڵە ) بۆیە دەبینین زۆرێک لە هونەرمەندانى گەلەکەمان بەهەژارى و نەدارى ژیاون و بەبێکەسى سەریان ناوەتەوە ،
بەداخەوە یەکێک لەو کەسایەتیانە کەماوەى چەند ڕۆژێکە لەوماڵەى کەبەتەنیا دەژیا لەدارەتووى نزیک شارى هەولێر بەبێکەسى و هاودەمى دڵى لەدلێدان کەوتووە و بۆهەمیشە سەرى ناوەتەوە ،هەموو حەزو ئاواتەکانى لەتەک خۆیدا برد، ئەوەى جێگەى داخە ئەو هونەرمەند و قسە خۆشانە تا گوڕو تینیان تێدا هەیە و دەنگە خۆشەکەیان لەکاردایە بۆ دامرکانەوەى حەزو بەسەربردنى شەوە سوورەکان و هەڵدانى پێک لەچاوى ئەو هونەرمەندەى کەشەو دەداتە دەستى ڕووناکیى ڕۆژ بەدەنگ و قسەخۆشەکانى ، بەڵام کاتێک تەمەن هەڵدەکشێ و دەنگ و چریکەى جارانى نەماوە ئیتر فەرامۆش دەکرێت و چیتر هاودەمى ئەو شەوانە نابێت ،ئەگەر هەرهاوکارییەکى مادیش کرابێت ، بێگوومان وەکو لێدانى دەرزییەکى بەنج وایە بۆماوەیەکى کەم ئازارەکانى کەمبۆتەوە ، پاشان ئازارەکانى سەرلەنوێ سەرى هەڵداوەتەوە ،
هونەرمەند و قسەخۆشى شارى سلێمانى ئیبراهیم سەعید کەناسراوبوو بە ( بلەى سەعەکەڕ) ئەوە چەند ڕۆژێکە ماڵئاوایى لێکردین و بارگەى پێچایەوە بەرەو دونیاى فانى بەڕێکەوت ، ڕووحى شاد و گڵکۆکەى پڕنووربێت ، گردەکەى سەیوانى سلێمانى ئەوە ئازیزێکى ترى شارەکەمان ، بەرەو ئامێزى خاکەکەى تۆ هات و لەئامێزى بگرە ، چیتر بەکۆڵانەکانى سەرشەقام و سەرکارێزو چوارباخ و دەرگەزێن و شیوى قازى و جولەکان و مەڵکەندى و سابوونکەران و کانى ئاسکان و سەرچنارو ……تاد گوزەر ناکات و بۆهەمیشە داى لەشەقەى باڵ و بەرەو هاوڕێ و دۆستە دێرینەکانى دەکشێ ، هەزار ڕەحمەت لەگۆڕت و سڵاوى کوچەو کۆڵانەکانى شارى سلێمانى بگەیەنە بەهونەرمەند و دەنگخۆش ( بەکرى حاجى سەعید ( بەکر قڕقێنە) و هونەرمەند
( ئەحمەد شەماڵ ) ( ئەحەى خولە سنەیى ) و حەمەى بەکر و ( عوسمان عەلى و برایمى خەیات وقسە خۆشى شار ( حەسەنى شیرین ) و ……تاد ڕووحى هەموویان شادبێت