مەسعودى مەلا هەمزە :لەژێر چاودێری نەوزاد هادى پارێزگارى هەولێر ناوەندى هەولێری رێکخراوى هونەرمەندانى کوردستان مەراسیمێکى رێزلێنان بۆ پێشمەرگەى دێرین و هونەرمەند حەمە جەزا لە هەولێر سازدەکرێ. ئەو مەراسیمە کە کاتژمێر 11ى سەرلەبەیانى لەهۆڵی بەڕێوەبەرایەتى چالاکى قوتابخانەکانى هەولێر بەڕێوەدەچێ و تێیدا چەندین وتار و دیکۆمێنت لەمەڕ گەورەیی حەمەجەزا دەخرێتەڕوو، هەروەک باس لەو ساتانەى حەمە جەزا دەکرێ کە لە هەولێر ژیاوەو گەشەى کردووە.
لە لێدوانێکدا هیوا سوعاد سەرۆکى ناوەندى هەولێری رێکخراوى هونەرمەندانى کوردستان گوتى: وەکو وەفایەک بۆ رۆحى هونەرمەندو پێشمەرگەى دێرینى نەمر حەمە جەزا ناوەندەکەمان بە لەژێر چاودێری نەوزاد هادى پارێزگارى هەولێر مەراسیمێکى رێزلێنان بۆ هونەرمەند رێکدەخەین”.
هیوا گوتیشی: بەوپێیەى حەمە جەزا وەکو هونەرمەندێکى کوردستانى زیاتر لە شارى هەولێر هونەرەکەى گەشەى کردووە و پێشکەوتووە، ناوەندەکەمان بە ئەرکى سەرشانى خۆی دەزانێ مەراسیمێکى رێزلێنان بۆ هونەرمەند رێکبخا”.
شایانى باسە هونەرمەند حەمە جەزا لەساڵی 1949 لە دایکبووەو لە ساڵی 1969″وە خەریکى کارى هونەرییە، بەداخەوە لە 31لەسەر1/10/2010 بە نەخۆشیەکى درێژخایەن و دواى ململانێیەکى زۆر لەگەڵ نەخۆشی دواماڵئاوایی لە دۆستانى کردو بە ئامادەبوونى جەماوەرێکى بێ شومار لە گردی سەیوانى شارى سلێمانى بەخاک سپێردرا.