مەسعودى مەلا هەمزە : کۆمەڵێک لە هاوڕێ و دۆستانى هەرە نزیکى هونەرمەند حەمە جەزا لە شارى هەولێر پرسەیەکى یەک رۆژەى بۆ دادەنێن. ئەم پرسەیە کە کاتژمێر 3ى ئێوارەى رۆژی دووشەممە 4/10/2010 لە مزگەوتى رەشاد موفتى شارى هەولێر دادەنرێ، تێیدا هاوڕێیان و دۆستانى هونەرمەند خاوەنى پرسەکەن. بەپێی ئەو سەرچاوانەى لە لیژنەى ئامادەکارى پرسەکەوە دەستکەوتووە ئەم پرسەیە وەک وەفایەکى خەڵکى هەولێر و هاوڕێیانى هونەرمەندە بۆ گیانى پاکى، هەروەک پرسەى حەمە جەزا پرسەى هەموو کوردێکە بە تایبەتى خەڵکى هەولێر، چونکە هەر حەمە جەزا بوو شەوانى هەولێری دەگەشاندەوەو خۆی و هونەرەکەى لە هەولێر بە تەواوى پێگەیشتن.
ئەم پرسەیە بۆ هەموو خەڵکەو لە کاتژمێر 3 دەستپێدەکاو تاکو کاتژمێر 5ى ئێوارە بەردەوام دەبێ.
شایانى باسە هونەرمەند جەمە جەزا لەشەوى 1/10/2010 دواى ململانێیەکى دوور و درێژ لەگەڵ نەخۆشی دوا ماڵئاوایی لەدنیاى هونەر و دۆست و هەڤاڵان و هەواداران و بنەماڵەکەى کرد.