چاوپێکەوتنى: زانا دڵشاد دزەیى : شانۆکار خاتوو مەى کەریم، گلەیى لە هونەرمەندانى هەولێر و حزبەکەى خۆى پارتى دەکات، چونکە ئەو دەڵێ هونەرمەندانى هەولێر شارچێتم لەگەڵ دەکەن و بەشدارى کارە هونەرییەکانم پێ ناکەن، هەروەها دەڵێت “لەسەر پارتى ئاوارەى هەولێر بووم، بەڵام پارتى حەقەکەم ناداتێ”.
هونەرمەند مەى عەبدولکەریم، لە 1965 لە سلێمانى لە دایکبووە، لە 1989 کۆلیژى هونەرە جوانەکان بەشى شانۆى تەواوکردووە، وەک ئەو ئاماژەى بۆ دەکات، لە 1996 لەسەر پارتى ئاوارەى هەولێر بووە، مەى کەریم لەو چاوپێکەوتنەى لەگەڵ (سڤیل) هۆکارى بەشدارینەکردنى لە کارە هونەرییەکانى چەند ساڵى رابردوو بەهۆکارى شارچێتى هونەرمەندانى هەولێر دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت “رووبەروو بە هونەرمەندەکانى هەولێرم وتووە ئێوە شارچێتیم لەگەڵ دەکەن، من وەک مەى پێم خۆشە لە بەرهەمەکانیان بەشدارى بکەم، مادام ماڵم لە هەولێرە و هەویەکەم لەسەر هونەرمەندانى هەولێرە، بەڵام ئەوان بەشدارى ئیشەکانم پێناکەن”. مەى کەریم باس لەوە دەکات، کاتێک کۆمەڵەى هونەرمەندانى سلێمانى دروستبوو، لەناو 5 پیاودا، ئەو تاکە ئافرەت بوو، کە بە 59 دەنگ دەنگ دەرچوو، “هەر ئەوەش بووە هۆى ئەوەى من لە شارى سلێمانى دووربخرێمەوە بۆ هەولێر”. مەى کەریم کە لە پەیمانگاى هونەرە جوانەکانى هەولێر، سەرۆک بەشى شانۆ بوو، بەڵام سێ ساڵى رابردوو بەهۆى کێشەیەکەوە لە پەیمانگا دوورخرایەوە، ئێستا لە چاڵاکى قوتابخانەکانە، کە بە بڕواى خۆى تەنیا لەبەرئەوەى دژى گەندەڵییە، بۆیە لە هەموو لایەک رقیان لێیە و دوورى دەخەنەوە و “دەڵێن ست مەى خەتەرە و ئاشکرامان دەکات”. مەى کەریم وتیشى “راستە ئێستا لە چاڵاکى قوتابخانەکان وەک سەرپرشتیار کار دەکەم، بەڵام من لە ئیشى ئەوێدا هیچ مورتاح نیم، چونکە حەزم لەئیشوکارى هونەرییە”. لەو بارەیەوە مەى کەریم گلەیى لە حزبەکەى خۆى پارتى دەکات، کە نەهاتووە بەدواداچوون بۆ ئەو مەسەلەیە بکات، وەک خۆى دەڵێت “من وەک ئافرەتێکى ئاوارە هاتم بۆ شارى هەولێر، من لەسەر پارتى ئاوارەى هەولێر بووم، لەسەر پارتى دایک و خۆشکم نەما، بۆچى ئێستا لێم ناپرسێ و بڵێ ست مەى بۆچى لەپەیمانگا دوورخرایەوە؟”. ناوبراو ئەوە ناشارێتەوە کە ئێستا هەست بە نیگەرانیەکى زۆر دەکات، ئاماژەى بەوەشدا چەند هونەرمەندێک و چەندینجار کۆمەڵەى هونەرە جوانەکانى کورد داوایان لێ کردووە بگەڕێتەوە سلێمانى، بەڵام ئەو وەک دەڵێ ئەگەر لە هەولێر رێگەم لێ نەگرن، حەزدەکات هەر لە هەولێر لەگەڵ هونەرمەندەکانى هەولێر کارى هونەرى بکات، وتیشى “بەڵام ئەگەر بزانم لە هەولێر هەروا ئیهمال دەکرێم، بڕیارم داوە لە هاوینى ئەمساڵ بۆ یەکجارى بگەڕێمەوە سلێمانى، لەوێدا وەک مامۆستا دەگەڕێمەوە پەیمانگا و لەگەڵ گروپەکانیش ئیشى هونەرى دەکەم”. مەى ئاوا باس لە بەسەربردنى کاتەکانى رۆژانەى خۆى دەکات و دەڵێت “رۆژانەى خۆم بە ئینتەرنێت و چوونم بۆ بەڕێوەبەرایەتى شانۆ، خوێندنەوەى رۆژنامە و گۆڤارەکان بەسەر دەبەم، هەروەها ئەگەر کەسێک پێویستى بەمن بێت لەبوارى وەرگێڕانى شانۆ یاخود مۆسیقا یارمەتى دەدەم، بەڵام بێزارم لەو ژیانە، نامەوێ وا بەبێ ئیش دانیشم، بەڕاستى ئەوە غەدرە لێم دەکرێت”. مەى دڵى بەوە خۆشبوو لە کۆنگرەى دووەمى رێکخراوى هونەرمەندانى کوردستان وەک ئافرەتە هونەرمەندێک خۆى هەڵبژێرێ، دڵنیابوو لەوەى دەنگ بەدەست دێنى و دەردەچێت، بەڵام کۆنگرە تەواوبوو و مەی لەجێى دڵخۆشى نیگەران بوو، چونکە دەڵێ کەس ئاگاداری نەکردم بۆ رۆژى کۆنگرە، بە بەرپرسى لقى دوو، هەروەها بە هونەرمەند هیوا سوعادیشى وتووە “غەدرتان لێکردووم، چونکە من حەزدەکەم خۆم هەڵبژێرم”. مەى دەڵێت “ئەوان پێیان وتووم کێشە نییە بۆ رۆژى هەڵبژاردنى لقى هەولێر خۆت هەڵبژێرە و تۆڵەت بۆ دەکەینەوە، کەچى دیسان ئەو رۆژە لە هەڵبژاردن بێ بەشیان کردم، کە هاتم بۆ هۆڵى هەڵبژاردنەکە هەموو شتێک یەکلایى کرابۆیەوە و نەیانهێشت خۆم هەڵبژێرم”. مەى ئەوەى پێى سەیرە کە لە 2011 رێکخراوى تازەى هونەرمەندان خالیە لەئافرەت! رێکخراوەکە بە “گوڵێکى بێ بۆنى وشکبوو” وەسف کرد، کە “تەنیا پارە وەربگرێ و بیخاتە گیرفانیەوە”.