ھەولێر : ھاوار بازرگان، کە یەکێک لە گۆرانیبێژەکانی ھەولێرە و بە زمانی کوردی و تورکی گۆرانی وتووە، بڕیاریدا واز لە گۆرانی وتن بێنێ.
ھونەرمەند ھاوار بازرگان، لە ١٩٨٩ لەگەڵ تیپی مۆسیقای ژاڵە گۆرانی وتووە و ساڵی ١٩٩٣ یەکەم کاسێتی گۆرانی لەگەڵ ھەمان تیپ بڵاوکردەوە و ئێستا خاوەن ٢٥ گۆرانییە، ھاوار لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی (ھەولێر) راگەیاند، بڕیاریداوە ھیچی تر گۆرانی نەڵێت، وتیشی “ئەو بڕیارەم پەیوەندی بە ھیچ ھۆکارێکەوە نییە، بەڵکو تەنیا بڕیاری خۆمە، کە حەزناکەم ھیچیتر کاری ھونەری بکەم”. ھاوار بازرگان ئەوەشی راگەیاند، بڕیاربوو گۆرانییەک لە ئاواز و ھۆنراوەی ھونەرمەند رەشوان شێخانی تۆمار بکات کە موزیکی گۆرانییەکەش ئامادەکراوە، بەڵام ئەو دەڵێت “گۆرانییەکەم تۆمار نەکرد و دامناوە بیدەم بە ھونەرمەندێکی تر تۆماری بکات”.