لۆکەیشن) ڕۆڵێکی زۆر گرنگ لە کلیپدا دەبینێت، بە ئەندازەیەک زۆرجار ئەگەر کلیپێک لۆکەیشنێکی جوان و مودێرنی ھەبێت، ئەوا ڕەنگە لای بینەر سەرنجڕاکێشتر بێت، ھەتا ئەگەر گۆرانییەکە خەسڵەتی گۆرانیشی تێدا نەبێت، دەرھێنەرانی کوردیش لە بارەی لۆکەیشنی کلیپەوە ڕاوسەرنجی خۆیان ھەیە و جیاوازن، کە لێرەدا بەشێکیان دەخەینە ڕوو.
(سامی کاکە) دەرھێنەرێکی دیار و چاکی شاری ھەولێرە و لە بارەی لۆکەیشنی کلیپ قسەی خۆی ھەیە و دەڵێت: “سروشت و دیمەنەکانی کوردستان زۆر جوانە، ھەوێنێکە بۆ دروستبوونی چەندان لۆکەیشنی کلیپ، بەڵگەشمان بۆ ئەمە ئەو دەرھێنەرە جیھانییانەیە کە دێنە کوردستان و شایەدی ئەوە دەدەن کە کوردستان خۆی لە خۆیدا ستۆدیەکی گەورەیەیە بۆ سینەما و کلیپ.
ئێمەی دەرھێنەرانی کوردیش ئەگەر جاران گلەیی ئەوەمان ھەبوایە لۆکەیشنی کلیپمان نەبووایە، بەڵام ئێستا باڵەخانە و ھەوارگەی جوانمان ھەیە، ئەمانە ھەموو وامان لێ دەکات کە ئیدی بیر لەوە نەکەینەوە بۆ ئەنجامدانی کلیپ ڕوو لە وڵاتی دیکەی بکەین، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا ئێمەی دەرھێنەران زۆر جار ڕووبەرووی گرفتی نەبوونی لۆکەیشنێک بە کوالیتی بەرز دەبینەوە.”
ئەو گوتیشی: “گرفتەکان بریتین لە نەبوونی ستۆدیۆیەکی پڕۆفیشناڵ بە کوالیتی بەرز، کە بتوانرێت لۆکەیشنێکی بەرھەم لێ بھێنرێت و پەیوەندی لەگەڵ ناوەڕۆکی کلیپەکە ھەبێت. ھەروەھا نەبوونی کەسانی بسپۆر کە کاری لۆکەیشن دەکەن، چونکە لە وڵاتان کاری دەرھێنەر لەگەڵ ئەو کەسەی کە لۆکەیشن دادەنێت لە یەکتری جیاکراوەتەوە. لە لایەکی دیکەیشەوە نەبوونی بودجەیەکی باش بۆ ئەنجامدانی کلیپێک.”
(سامی کاکە) ڕەخنەیشی لە ھەندێک لە گۆرانیبیژان گرت کە زۆر جار دەچنەوە دەرەوەی وڵات و لۆکەیشنێکی وەھا ھەڵنابژرێن کە لەگەڵ ناوەڕۆکی گۆرانییەکەدا بگونجێت.
(شوڕشڤان) دەرھێنەرێکی دیکەیە، کە چەندین کلیپی لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان دەرھێناوە، لە بارەی لۆکەیشنیشەوە دەڵێت: “بۆ ماوەی ١٠ ساڵە من لە ئەڵمانیا ژیاوم و ھەموو کات لەگەل میدیا و ھونەری کوردی دامە، پێش چەند ساڵێک لە ئەوروپا لە کوردستان تی ڤی دەرھێنەر و ئامادەکار بووم، بە بۆنەی ئەم کارەوە زۆر دەوڵەتی ئەوروپام بینیوە، زۆر شوێن و بینایەی جوان و گەورەم بینوە لەگەڵ زۆر کۆلتۆر و ستایلی بیانی، پێش ھەموو شتێک من خۆم سەر بەرز ئەبینم ئەگەر لە ھەولێر بژیم کە پایتەختێکی خۆش و جوان و مۆدێرنە، شاری ھەولێر وەکۆ جوانی کەمتر نییە لە ھیچ شارێکی جیھان، من پێم وایە کوردستان ھەمووی لۆکەیشنی جوانە، من بڕیارم داوە لە مڕۆوە ئەو کیلپانەی من دەیکەم لە کوردستان ئەنجامی بدەم بە بە تایبەت ھەولێری مۆدێرن، بۆیە من لەو بڕوایە نیم کە ھەندێک کەس پێیان وایە کوردستان لۆکەشنی تێدا نییە بۆ کلیپ، بە پێچەوانەوە سروشت و دیمەنی کوردستان وایکردووە کە کلیپی زۆر جوانی لێ بەرھەمھێنرێت، من وەکو دەرھێنەر خۆشحاڵم کە دەبینم کوردستانەکەم پرە لە لۆکایشنی جوان، بۆیە پێم وایە ئەگەر حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بتوانێت پاڵپشتی ئەو دەرھێنانە بکات کە کاری دەرھێنان دەکەن، ئەوا بە ئاسانترین شێوە دەتوانرێت سروشت و پێشکەوتنەکانی کوردستان پیشانی دەرەوە بدرێت.”
(ھەردی عومەری) دەرھێنەریش لە بارەی لۆکەیشنی کلیپیەوە بۆ “ھەولێر” دەڵێت: “باشتر وایە بۆ ھەموو کلیپێک لۆکەیشنێک بدۆزرێتەوە، لە ڕووی گونجان و دیکۆر و جوانیدا.
من پێم وایە کوردستان گونجاوە بۆ کلیپ کردن بۆ بابەتی کلتور و نیشتمانی، ھەروەھا کوردستان گونجاوە بۆ کلیپ ئەگەر ئێمە ڕازی بین ھونەرییانە وێنەی بگرین، من وەکو دەرھێنەریکیش لەو بڕوایە دام کە لە ھەموو شوێنێک دەتوانرێت لۆکەیشنی کلیپی تیا بدۆزرێتەوە.”
ئاریان دەرگەڵەیی