(حاجی مەکی عەبدوڵڵا) : ” ئەو خەڵاتە جێگای شانازییەکی زۆر گەورەیە لە ھەولێر بوو بە مێژوویەکی زۆر جوان لای من!”.
ئێواری رۆژی یەک شەممە لە ھەولێر ٢٢/ ١/ ٢٠١٢ لە ھۆڵی بەڕێوەبەرایەتی ھونەریی شانۆ، لە مەراسێمێکی شایستەدا خەڵاتی رێلێنان بۆ ھونەرمەندی ناوداری بواری شانۆ و درامای کوردیی (حاجی مەکی عەبدوڵڵا) ناسراو بە (عەلی فەنی) سازکرا، لەو مەراسیمەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە ھونەرمەندان و رۆشنبیران و راگەیندکاران ھەروەھا نوێنەری حیزب و لایەنە سیاسەکان ئامادەی رێورەسمەکە بوون.
ھەریەک لە ھونەرمەندان (حەمەسەعید حەمە فەرەج جاف، ئەحمەد سالار، نازم دڵبەند و ھیوا سوعاد) ووتەی یادەوەریی و بەرز راگرتنی کارە ھونەرییەکانی ھونەرمەند (حاجی مەکی)ـیان باسکرد، ئەوەی لە ووتەکانی ئەو ھونەرمەندانە سەرنجی ئامادەبووانی راکێشا، ھونەرمەند (نازم دڵبەند) لە وتەکەیداباسی خانمە ھونەرمەندێکی کرد، کە سەردەمانێک لە گەڵ ھونەرمەند (حاجی مەکی) و (ئەحمەد سالار) کاری جوانی کردووە، لە دراماکانی وەک (پیسکەی تەرپیر و باوەژن خوابناسە) لە دیارتیرن کارەکانی خانمە ھونەرمەند (ئەختەر کەریم)ـە، کە لە ئێستادا پەکی کەوتووەو سواڵ دەکات، ئەو قسەی (دڵبەند) بووە جێگای نیگەرانی ھونەرمەندان و بەرپرسانی ئامادەبوو، ھەر لەو مەراسیمەدا (عەلی حوسێن) بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان بەڵینی بە ئامادەبووان و ھونەرمەندان دا مووچەیەکی تا ھەتایی بۆ بڕێتەوەو کە بووە جێگای خۆشخاڵی ھونەرمەندان و (حاجی مەکی عەبدوڵڵا) ھەروەھا دکتۆرە (شوکریە رەسوڵ) ئەویش لەلای خۆیەوە بەڵێنی دا ھاوکاری ئەو خانمە ھونەرمەندە بکات”.
ھەروەھا (ھۆشیار نوری لەک) سەرۆکی سەنتەر لە ووتەیەکی دا ئاماژەی بۆ ئەو خەڵاتە کرد و گوتی : “ئێمە وەک سەنتەرێکی رۆشنبیری کەساڵانێک لەگەڵ چینی ھونەرمەندان و رۆشنبیران نزیکن و خاوەنی یەکەم رۆژنامەی ئەھلی بووین بە ناوی رۆژنامەی “ھونەرستان”ـو ھەروەھا گۆڤاری “نواڵەی نوێ” کە تائێستاکە بەردەوامەو زیاتر لە سەد ژمارەی لێدەرچووە، ھەمیشە لاپەرەی رۆژنامەو گۆڤارەکەمان بۆ ھونەرمەندان رۆشنبیرانی کورد رەخساندووە، خەڵاتکردنی ھونەرمەندێکی وەک (حاجی مەکی عەبدوڵڵا) بە ئەرکی خۆمان زانیووە، چونکە ساڵانێکە ئەو ھونەرمەندە بە بێ پچڕان خزمەت بە ھونەریی گەلەکەمان دەکات و خاوەنی چەندیین شاکاریی ھونەرییە، بۆیە ئێمە ئەمڕۆ ویستمان رێز لەو ھەموو کارە جوانەی ئەو ھونەرمەندە بگرین و خەڵاتی رێزلێنانی پێ ببەخشین”.
ھونەرمەند (حاجی مەکی) لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رۆژنامەی “ھەولێر” گوتی : “سوپاسی برادەرانی سەنتەری رۆشنبیری “بەھرە” دەکەم لە ھەولێر، کە ئەمڕۆ منیان بەسەر کردۆتەوەو رێز لەکار و بەرھەمە ھونەرییەکانی من دەگرن، دیارە رێزلێنان بۆ ھەر ھونەرمەندێک یا ھەر نووسەرێک کەسایەتیەک جوانترین و پڕ بایەخترین کاییە بۆ ئەو کەسە، چونکە ئەو کاتە ھەست بە حەسانەوەیەکی رۆحی دەکەیت و دەزانیت ماندوو بوونەکەت بە فیرۆ نەچووەو کەسانێک ھەن رێز لەو ھەوڵانەی تۆ دەگرن”.
(عەلی فەنی) ھونەرمەند لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد لە ماوەی نزیکەی (٦٠) کار کردن لە بواری ھونەریی بۆ یەکەمین جارە خەڵاتی پێدەبەخشرێت و گوتی : “من لە ماوەی (٦٠) ساڵ کار کردنم لە بواری ھونەریی شانۆ و درامای کوردیی، بۆ یەکەمین جارە خەڵات دەکرێم و رێزم لێدەگرن، ئیتر من نازانم چی بڵێم چونکە ئەوە بۆ خۆی پرسیارێکە و دەبێ کێ وەڵامی دەداتەوە نازانم؟! ئاخر مرۆڤێک (٦٠) ساڵ تەمەنی خۆی ببەخشێت بە کارێک وابزانم کەم نیە!، چونکە پڕ بایەخ ترین کایە لای ھەموو مرۆڤێک تەمەنە، منیش ئەوە ھەموو تەمەنی خۆم بەخشیوەتە ھونەرەکەم و تا ئێستاکەش بەردەوامم، جگە لەوانەش من یەکەم کەس بووم لە دوای راپەڕین فلیمی سینەماێکی سینەماییم بەناوی (نێرگز بووکی کوردستان) بەرھەم ھێنا، ھەروەھا چەندیین بەرھەمی درامی تەلەفزیۆنیم لە بیرۆکەو کاری نواندنی خۆم بەرھەمم ھێناوەو بوونەتە فلیمی زۆر بەناوبانگ لە کوردستان و جێگای خۆی گرتووە، ئیتر وابزانم دەبوایە دەزگاو لایەنی پەیوەندی داری دیکەش بیر لەو خەڵاتە بکەنەوە، بەڵام بەھەر حاڵ من ئەو خەڵاتە لە ئێستادا بۆ من مانای زۆر دەبەخشێت”.
(حاجی مەکی عەبدوڵڵا) ئەو خەڵاتەی ئەو لە شاری ھەولێر بۆ خۆی مێژوویەکی جوانەو شانازی پێوەدەکات و گوتی : “ئەو خەڵاتەی من کە لەشاری ھەولێر بەمن بەخشرا بۆ من جێگای شانازییەکی زۆر گەورەیە، ھەروەھا بوو بە مێژوویەکی زۆر جوان لەلای من، چونکە من ساڵانێکی زۆر لەشاری ھەولێر ژیاوم و کاری ھونەرییم تێدا ئەنجامداوە، ھەروەھا خەڵکی ئەو شارە لای من زۆر خۆشەویستن و جارێکی دیکەش لەرێگەی ئەو خەڵاتەی، کە لەلایەن سەنتەرێکی رۆشنبیری ئەو شارەوە بە من بەخشرا، ئەو خۆشەویستە دووپات بوویەوە، جارێکی تر ھەولێر منی لە ئامێز گرتەوەو قەرزارباری ھەولێر و ھەولێریەکان بوومەوە، بۆیە من ئەمڕۆ لە شاری ھەولێر ئەو خەڵاتە بە دوو خەڵات بۆمن و جارێکی دیکە ئەو شارە ھاتەوە نێو یادەوریەکانی (عەلی فەنی)”.
دەربارەی ئەو ھەستەی کە بەرامبەر ھەولێر ھەیەتی لێمان پرسی حەز ناکەی جارێکی دیکە بگەڕێتەوە لە ھەولێر ژیان بەسەر ببەیت ؟ لەوەڵامدا (عەلی فەنی) گوتی : “حەز ئەکەم جارێکی دیکە بگەڕێمەوە بۆ ھەولێر بژیم، ئەگەر خانووێکم بۆ بکرن، بە پێکەنینەوە… ئاوا جارێکی دیکە دێمەوە بۆ لەو شارە دەژیم، چونکە من لە ھەولێر کە ژیاوم ژیانێکی خۆشم ھەبووەو یادەوری جوانم لەگەڵ خەڵکی ئەو شارە ھەبووە”.
لە کۆتایی دا ھونەرمەند (حاجی مەکی عەبدوڵڵا) دەربارەی بەردەوامی لە کاری ھونەریی و بەرھەمی تازەی گوتی : “لە ئێستاشدا ئەو گەڕمو گورییە بۆ ھونەر ھەم بووە ھەرماوە، کاری ھونەریی تازەشەم لەبەردەست دایە، کە لە ئێستادا خەریکم ئامادەکارییان بۆ دەکەم”.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا