سلێمانی: هونەرمەندو دەرهێنەر بەكر رەشید لەساڵی 1957 لەشاری سلێمانی لەگەرەكی سابونكەران لەدایك بووە خوێندنی ئامادەیی هەر لەوشارە تەواوكردوە دواتر چۆتە خوێندنی باڵا لەشاری بەغداد بۆ تەواوكردنی پەیمانگای هونەرە جوانەكان، بەهۆی نەبوونی بەبەعسی لەپەیمانگا وەرنەگیراوە ئێستا پسپۆرە لەبەشی شانۆ لەبەرێوەبەرایەتی هونەری شانۆ لە سلێمانی وەك ئەكتەر لەنزیكەی 8 شانۆگەری رۆڵی بینیوە و وەك دەرهێنەریش نزیكەی 9كاری ئەنجامداوەو لەبواری دراماشدا وەك نواندن لەسێ زنجیرەی درامای ژاڵە، رۆشنا، گەردەلوول بەشداری كردووە لەدەرەوەی وڵاتیش ئەو كارانەی كەكردویەتی بریتین لەشانۆیی مەملكەتی كۆترەكان، باڵندەی دەریا، دوا گۆرانی.
” خاوەنی دوو كوڕو كچێكە بەناوی (شڤان، شەمیران، شانۆ).
زنار: كاتێك كارێكی شانۆیی نمایش دەكەیت ئارامی دڵو دەرونت داگیر دەكات، یاخوود هەست بەدڵتەنگی دەكەیت.
بەكر رەشید: بێگومان كاركردن لەشانۆدا كاركردنە لەرۆحدا ئەم نمایشكردنە پەیوەستە بەرۆحی هونەرمەندو رۆحی بینەر كە لەیەك جیاناكرێنەوە، بەڵام بەشەرتێ كارە هونەریەكە كارێكی جاد بێت بۆ خزمەتی هونەرو مرۆڤایەتی بێت بۆیە من دەبینم كاركردن لەشانۆ كاركردنە لەگەڵ رۆحو جەستە هەمیشە هەست بەئارامی رۆحت دەكەیت كەدەچیتە سەر تەختی شانۆو كارێكی جوان نمایش دەكەین.
زنار: هۆكاری ئەو هەموو تراژیدیایە چیە كەلەشانۆدا دووبارە دەبنەوە ئایا قۆناغی شانۆی كوردی هەردەبێت خەمو مەینەت بچنێتەوە.
بەكر رەشید: زۆرینەی كارە شانۆیەكان یان بڵێن تێكستە شانۆیەكان تراژیدین ئەمە وای كردووە كەهونەر تراژیدیا لەخۆی بگرێت پێویستە ئەوەش بڵێم ئێمە نوسەری شانۆیمان نیە ئەوەی دەكرێت زۆرینەی عەرەبی یاخوود بێگانەیە كاركردن لەبواری شانۆی كۆمیدیا كارێكی قورسەو هەروەها ئێمە تێكستی كۆمیدیامان نیە و ئەكتەری كۆمیدی هاوتەمەن كەمن ئەوەی هەشە زیاتر گاڵتە جارییە.
زنار: بەرهەمی شانۆی كوردی لەگەڵ ئەو ئازادییەی كەهەیە كەمە ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە.
بەكر رەشید: ئەمڕۆ لەكوردستان بەڵكوو لەجیهاندا كاركردن لەشانۆدا كەم بۆتەوە بەڵام لای ئێمە زیاترە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆئەوەی ئێمەی كورد ئەوەندەی لەبواری سیاسیدا كاردەكەین ئەوەندە بەزانستو زانیاریو مەعریفە كارناكەین ئەمڕۆ زیاتر بۆتە پلەو پایەو پارە هەرچی رەوشتە جوانەكانە لەم وڵاتی ئێمەدا ون بووە ئەوەشی بەجوانی ماونەتەوە كەمن، بۆیە دەبینین لەشانۆ بەڵكوو شانۆی ژیانی راستەقینەی تاكیش لەم كۆمەڵَگایەدا بەرەو فەنابوون دەچێت ئەگەر ببینینو بەتوڕەیی ئاوڕێك نەدەینەوە ئەوا نەك شانۆ وڵاتیش نغرۆ دەبێت بۆیە من داواكارم ئەم قۆناغە بوەستێنن هەموو شتە جوانەكانی ژیان هەیە بكەینە شانۆ جارێكی تر بگەڕێنینەوە ناو هۆڵەكان وانەی شانۆ بۆمناڵەكانمان بڵێنەوە ئەوەی شانۆو هونەری نەبێ وڵاتیشی نابێ.
زنار: دەبێت هونەرمەند چەند شارەزابێت لەكلتوری نەتەوەكەی.
بەكر رەشید: دەبێت هونەرمەند پسپۆڕبێت لەبوارەكەی خۆیدا پاشان شارەزابێت لەرووی زانستی، دەروونی، فەلسەفی، كەلتوری، مێژوویی، بۆ ئەوەی كار بۆ نەتەوەكەیان بكاتو دەبێت هەمیشە مێژوو ئایندە ببەستینەوە بەیەكەوە لەهونەردا، خاك مرۆڤەكانی لەیاد نەكات چونكە هونەر بۆ مرۆڤایەتیە، چونكە هەر هونەرە خۆیو وڵاتەكەی بەجیهان دەناسێنێ.
زنار: هەست ناكەیت هونەرمەند ئەوەندە بەدوای هاوكاری مادیدا دەگەڕێت ئەوەندە خەریكی بەرهەم نیە.
بەكر رەشید: هەموو هونەرمەندێك بەدوای هاوكاریدا ناگەڕێت ئەوەی بەراستی هونەرمەند بێت ئەبێ (خالقی) بێ نەك پاسەوانی حزبو دەسەڵات بێ چونكە هونەر ئاگرە ئەگەر گەمەی پێ بكەیت ئەتسوتێنێ هونەرمەند دەبێت هەمیشە لەگەڕاندا بێت بۆداهێنان بۆدەبێت هەمیشە وەك مەلەوانێك وابێ سەوڵ لێ بداو بێ باڵ بێ لەگەردەلوولو تۆفان، بۆ ئەوەی مەلی بەختیاری بۆ مناڵەكانمان بێنینەوە دەبێت بڕوامان بە ئایندە هەبێ نەك بگەڕێین بۆ هاوكاری هەر هونەرمەندێك پاشكۆی هەبێ لەناو دەریادا نغرۆ دەبێو هونەرمەند دەبێت هەمیشە بەخشندە بێ بۆ ژیان.
زنار: دوێنێ پاشخانێكی باش بوو بۆ ئێوە تۆ چەند كاریگەری رابردووت لەسەرە.
بەكر رەشید: هیچ مرۆڤێك یان هونەرمەندێك بەبێ مێژوو ناژی بەڵام دەبێت بۆ ئایندە جوانتر كاربكەیت من شانازی بەمێژووی خۆمەوە دەكەم ئەگەر ئەو مێژووە نەبوایە ئەمڕۆ بەكر رەشیدیش نەدەبوو.
زنار: جەماوەری دوێنێ باوەشی بۆ دەكردنەوە ئەمڕۆ دوركەوتۆتەوە هۆكاری ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە.
بەكر رەشید: ئەوەی هونەرمەندی راستەقینەو بەخشندە بێت هەمیشە جەماوەر باوەشی بۆدەكاتەوەو لێی دوورناكەوێتەوە دەكرێت جەماوەر زۆر بێت بەڵام ئێمەش دەبێت بەهونەری خۆشەویستی باوەشیان بۆبكەینەوە چونكە هونەرمەند بەبێ جەماوەر وەك باخێكی وشك وایە باخەوانەكەی مردبێ.
زنار: رەسەنیو نەمری شانۆی كوردی لەچیدا دەبینیەوە.
بەكر رەشید: رەسەنی و نەمری شانۆ لەوەدایە ئەبینمەوە كەشانۆ ناسنامەی وڵاتە ئەگەر شانۆ نەبێت مرۆڤایەتی وڵاتی نابێ.
زنار: ئێوە ئامادەیەكی زۆرتان لەسەر تەختی شانۆ نیە بۆچی رووتان لەدرامای تەلەفزیۆنی كرد
بەكر رەشید: ئەمڕۆ نەك ئێمەی كورد بەڵكوو هونەرمەندانی جیهان بەرەو دنیای فیلمو سینەما دەروات ئێمەش پێویستە پەرە بەهونەر بدەین هونەرەكەمان لەدنیای فیلمو سینەما بگەیەنینە جیهان بەڵام لەهەمان كاتیشدا من وەك خۆم كار بۆ شانۆ دەكەم چونكە شانۆ تایبەتمەندی خۆی هەیە ناتوانم لێی جیاببمەوە بەڵام زیاتر كاری دەرهێنان دەكەم.