خه‌رمان هيرانى : کاتێک له هیزۆپه‌وه ده‌ستی لای چه‌پ ده‌گریت و به درێژایی رێگا ئهسفهلتیهکهدا روه‌و قه‌مته‌ران رێ ته‌یده‌که‌یت، سه‌ره‌تا له دووره‌وه گۆله شینه‌که‌ی به‌ربه‌ستی دوکان به‌دیده‌که‌یت، که لهدهستهراستهوه کۆسره‌ت به شکۆیه‌کی پر له نهێنی و چیرۆکداو له نزیکایه‌تیه‌کی ترسناکدا به‌سه‌ریدا شۆربۆته‌وه، هه‌ر ده‌ڵێی بۆ پاراستن یان ئاو خواردنه‌وه ئاوا له دامانی گۆلدایه. لهدوورتریشهوه و به‌رامبه‌ر ئاراسته‌ی رێوه، لوتکه‌کانی کوریس و هه‌ندێ وورده لووتکه‌ی ئاسۆس به‌دیار ده‌که‌ون. به درێژایی رێگا له وه ده‌ڕوانیت که‌ی ده‌گه‌یته سووچه‌که‌ی قه‌مته‌ران و له‌وێوه بیتوێنی سه‌وز و شین بکه‌وێته به‌ر چاوان.
هه‌ر له سه‌ره‌تای سووچه‌که‌وه، هه‌موو دیمه‌نه‌کان ده‌گۆڕین، ره‌نگ، رووناکی، کرانه‌وه و دڵئاوخواردنه‌وه.
هه‌ر له سه‌ر سووچی قهمتهرانهوه ئیدی زنجیره‌ی چیاکان هێنده زۆر و به شکۆن زۆر جار ئه‌وان دیمه‌نی قه‌شه‌نگی ده‌ریاچه‌و ده‌ریای کێلگه‌کانی گولهبهرؤژهت له‌به‌ر چاو ده‌خه‌ن که وه‌ک له‌شکرێکی به‌وه‌فاو ویقاره‌وه له‌به‌رده‌م خۆردا وه‌ستاون.
ئه‌مه هه‌موو زاده‌ی هه‌ر سه‌فه‌رێکم بووه له کاتی گه‌ڕانه‌وه‌دا بۆ ڕانیه، هه‌ر له منداڵیه‌وه ئه‌مه خولیا بووه‌و به گه‌وره‌ییش هه‌ر ماوه‌ته‌وه‌و دیمه‌نی هاتۆته سه‌ر و هی تری لێفڕیدراوه.
به‌ڵام سه‌فه‌ره‌که له‌وێ کۆتایی نایه‌ت، هه‌ر گه‌یشتیته بیتوێن مانای ئه‌وه نیه که گه‌یشتویته دڵه گه‌وره‌که‌ی ئه‌و ده‌شته، هه‌ر خواخوای ئه‌وه‌ته که لادێکانی سه‌ر ڕیگا، کانی ماران، قهرهنیاغاو گردجان ببریت و بگه‌یته چوارقورنه‌و به زه‌حمه‌تیش به‌لای چه‌پدا نهنواڕیت به‌لای حاجیاوادا، به‌ڵکو زوو له هه‌ڵکشانێکی دیاردا ڕووه‌و کلکه‌ی کۆڵین ده‌شتی چوارقوڕنه به‌جێده‌هێڵیت و هه‌ر به ئه‌نقه‌ستیش به‌لای راستدا ناڕوانیت، چونکه باره‌گا کۆنه‌که‌ی تیپی بیست‌وچواری سوپای فاشیسته‌کان هیچ بیره‌وه‌ری جوانی تیادا نیه، جگه له‌و رۆژه‌ی که له چێشته‌نگاوێکی رۆژی 6/3 ی 1991 دا که که‌وته ده‌ستی ڕاپه‌ڕیوان.
کلکه‌ی کۆڵین له کۆتایی شاخی حاجیلهدا که تیایدا شاخه‌کان زیاتر له ته‌پۆڵکه ده‌چن هه‌ڵکه‌وتووه. له‌وێوه ئیدی بۆ من ده‌رگای بیره‌وه‌ری، ژیان، مردن، ئاسووده‌یی و کێشمه‌کێشی خه‌بات واڵا ده‌کاته‌وه.
له‌وێوه هه‌ر به‌ده‌رکه‌وتنی کێوه‌ڕه‌ش، دڵئاو ده‌خواته‌وه‌و زوو تێده‌گه‌ی که له ڕانیه نزیک بوویته‌وه، هه‌ر له‌وێوه ئیشتیای ئاوی، قوله، ڕه‌شه‌مێرگ، کوێره‌کانی و کانی مه‌لاسلێمان تینووت ده‌کات.
له‌وێوه ده‌ته‌وێ که‌س نه‌بینیت و هه‌رخۆت به ته‌نیا له ڕاز‌و نیازه‌کانی شاره‌که تێبگه‌یت.
نزیکه‌ی 18 ساڵ ده‌بێت ئه‌م شاره‌م به‌جێهشتووه، هه‌ر نه‌بێت وه‌ک جه‌سته، چونکه ئه‌مشاره نه‌فره‌تیه‌کی له‌گه‌ڵدایه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که چه‌ند مانگێک به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی که هه‌تاهه‌تایه ئاڵوده‌ی بیت و نه‌توانی ده‌ستی لێبهردهی.
ئه‌مه‌م له‌باوکم و دایکمه‌وه بۆ به‌جێماوه، ئه‌وان له زووانێکهوه هاتنه ئێره‌و بوو مه‌نزڵگای هه‌میشه‌ییان، ماڵیان پێکه‌وه نا، ژیانیان دروستکردو وه‌چه‌یان نایه‌وه، زۆرێکیش جگهرسۆزیان له بناری کێوه‌ره‌شی به‌ئه‌مه‌کدا شارده‌وه.
ئازاره‌کانی رۆژگار هیچیان وایان نه‌کرد ڕانیه‌م له‌به‌ر چاو وون بێت، به‌ڵام خۆ منیش دڵم پربوو له گله‌یی و گازانده له ڕانیه، هه‌ر ساڵیک له‌مه‌وبه‌ر و له رۆژانه‌دا دایکی نه‌مرم له رانیه تووشی جه‌ڵته هات و له زێدی خۆیدا له‌و شاره‌ی که ڕؤڵهکانی تیادا شارده‌وه که‌مترین یارمه‌تی وه‌رنه‌گرت، ئه‌مبۆلانسێک نه‌بوو بیگه‌یه‌نێته نه‌خۆشخانه!
هه‌ر له‌م شاره‌دا که گلكۆی ئازیزانمی لێیه هیچمان جێگۆرێکی بچووکیشمان نیه!!
به‌ڵام داخۆ منداڵ له دایکی خۆی زویریش بێت چه‌ند زویربوونه‌که‌ی بڕ ده‌کات؟
ئه‌مساڵ گه‌رامه‌وه بۆ کوردستان و ده‌با ڕانیه له خشته‌ی گه‌شته‌که‌مدا بایه، ده‌با چووبامه سه‌ر گۆڕی ئازیزان، باوک، برا و خوشکان.
به‌ڵام نه‌مده‌زانی ئه‌مه‌کی شار و که‌سانی ئه‌وه‌نده به‌هێزه که قورگی نووساوم هێنده‌ی تر گریاناوی ده‌کات و ناهێلێت ووشه‌یه‌کیش ده‌ربڕم!
هه‌ر له کلکه‌ی کۆڵینه‌وه، جاران پێمخۆشبوو ته‌نیابم، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان نا، هه‌ر له‌وێوه ئامێزی ئازیزان و بهئهمهکانی شار له پێشوازی دابوون.
کاربه‌ده‌ستانی حکومه‌ت، حیزب، هونه‌رمه‌ندان و دۆستانی به‌ئه‌مه‌ک، ئه‌وان به‌م ساتانه تۆزی غه‌ریبی چه‌ندین ساڵه‌یان له روو ته‌کاندم .
له رۆژانێکدا که من و خانه‌واده‌که‌م، له تاریکترین رۆژه‌کاندا، له خه‌باتی بێووچاندا بووین، سه‌ره‌ڕم بووین بۆ گۆرانکاری و پێشڤه‌چوون، زۆر جاران ده‌بووینه ئامانجی ناحه‌زان و نه‌یاران، هه‌تا کۆمه‌ڵگای خۆشمان ره‌حمی پێنه‌ده‌کردین،
به‌ڵام ئه‌مجاره، ئهمهکباران بوو، ئه‌مه‌ش وایلێکردم که بڵێم، هه‌زار ره‌حمه‌ت له گۆرتان، دایک و باوکم که واتان پهروهردهکردین، که کۆڵ نه‌ده‌ین، یادتان به‌خێر، کاوه، نه‌به‌ز، خوناو و هیران که هه‌ریه‌که‌تان له بوارێک‌دا ژیان و سووتان بۆ ئه‌مشاره‌و ئه‌و خه‌ڵکه، ئه‌وه‌تا ڕه‌نجمان به زایه نه‌چووه،
له ناخی دڵه‌وه سوپاستان ده‌که‌م، ده‌ستتان ده‌گووشم، هه‌مووتان، هه‌موو ئه‌وانه‌ی که له پێشوازیمدا بوون. ئای چه‌ند هه‌ستم به گه‌وره‌یی ئێوه کرد.
من هه‌ر کچی به‌وه‌فای شاره‌که‌ی خۆمم، جه‌سته‌شم له‌وێ نه‌بێت، رۆحم هه‌ر له‌وێوه‌و به ئاوی سازگاری قوله‌ش نه‌بێت گه‌رووی نووساوم تێرئاو نابێت.
دووباره سوپاس و ماڵی هه‌مووتان ئاوا.