هونەرمەندی شانۆکار (کارۆخ ئیبراهیم حەکیم) ناوێکی دیار و بەرچاوی ئەمڕۆی گۆڕەپانی شانۆییە لەکوردستان و شاری هەولێر بەتایبەتی، ئەو شانۆ کارە لاوە، هەمیشە هەوڵدەدات بە فۆرمێکی تازە و سەردەمیانە مامەڵە لەگەڵ رەوتی شانۆ بکات، هەروەها دیدگای (کارۆخ ئیبراهیم) بە جۆرێکی دیکەوە دەڕوانێتە مامەڵە کردن لەگەڵ دونیای شانۆ بەتایبەتی لە زەمەنی ئێستاماندا، لەدیدارێکی تایبەتدا بۆ خوێنەرانی هەفتەنامەی “هونەری هەولێر” ئەو شانۆکارە گەنجەمان هێنایە ئاخاوتن و بۆ چوونی خۆی لە بەرامبەر ئەو پرسانەی خستمانە بەردەستی بەم شێوەیەی خوارە وەڵامی بۆ دانا.
سەرەتا لە دروست بوونی گروپەکەتان دەست پێدەکەم، ئامانجتان لەدامەزراندنی گروپێک بەناوی “گروپی گەنج بۆ شانۆ” چی بوو ؟
کارۆخ : “کارکردن لە پێناو گەشەپێدانى رەوتى هونەر بە تایبەتى هونەرى شانۆ و بە جیهانى کردنى شانۆی کوردیی و بەرز کردنەوەى ئاستى هۆشیارى شانۆکاران، ئەندامانى گروپی “گەنج بۆ شانۆ” بۆ گەشەکردنى تواناى بەهرەو ویستى شانۆییان، لەسەر ئاستى کوردستان ئامانجى گشتى پێکهێنانى ئەم گروپە بوون، هەرچەندە بە ئەکادیمى کردنى ڕەوتى شانۆى کوردیی بە تایبەتى و کارکردن، لەسەر میتۆدى زانستى گەنج بۆ شانۆ کە لە پاشەڕۆژدا ببێتە جێگاى دیراسە کردن و توێژینەوەى قوتابیانى قوتابخانەى شانۆ و هەزم کردنى گۆرانکارییەکانى، زانستى شانۆیى لە عەقڵیەتى تاکى ئەمڕۆدا، ئامانجێکی ترمان ئەوە بووە، کە خوێندن و کارکردن لەسەر دەقەکانى گەنج بۆ شانۆ لە شوێنە هونەرییەکانی تر، بە ئامانجى تایبەتى ئەم گروپە کارى لەسەر بکرێت، گروپى گەنج بۆ شانۆ لە ساتەکانى عەقڵیەتى مەعریفى دەکۆڵێتەوە بۆ دانەبڕان لە ڕەوتى پێشکەوتن و گەشەکردنى هونەر بەتایبەتى هونەرى شانۆ لە جیهاندا گەنج بۆ شانۆ لە واقیعێکدا کار دەکات، کەوا ڕەچاوى فاکتەرەکانى ژینگەو بارى کەسێتى ئەو سنورە جوگرافیاى کارکردنە دەکات، لە بەرنامەیدا پێوەرى بۆ دەکات و بوونى هەستەوەرەکانى مەعریفى رادەگرێت ئەم ئامانجەش بە خوازراوى لە دروست بوونى گروپ کارمان لەسەر کردووە”.
گروپێک بەو ناونیشانە تاچەند توانیویەتی ببێتە سەکۆیەک بۆ کۆکردنەوەی گەنجانی شانۆکار و دەرخستنی تواناکانیان ؟
کارۆخ : “هەمیشە پرسیار لە ناونیشان و هەڵبژاردنى ناوى گەنج کراوە، هەرچەندە زۆرێک وادەزانن یاخوود واى تێگەیشتوون کە مەبەست لە هەڵبژاردنى ناوى گەنج بۆ کۆکردنەوەى زۆرترین رێژەى گەنجانى شانۆکارانە، ئەمەش بە پێچەوانەى ئەو مەبەست و مانایانەیە کە ئێمە هەڵمانبژاردووە، ئەوەى گرنگە باسى بکەم شتێکە، کە لە گروپدا هەمیشە کارى لەسەر دەکرێت، ئەویش ئەوەندەى گروپ کار لەسەر چۆنیەتى دەکات لە هەڵبژاردنى ئەندامەکان، ئەوەندە باوەڕى بە چەنداییەتى نییە، کەواتە جگە لە چۆنییەتى ئێمە مەبەستمانە ئەو هێزە پڕ لە نەوەستان و بەردەوامیەى لە هەست و هزرى گەنجدا هەیە، بە تەواوى لە هەموو ساتە وەختەکانى کار کردنمان هەڵگرى پەیامى ئێمە بێت، کەواتە ناوى گەنج بۆ هەڵبژاردنیان لەلاى ئێمە، رووکەش نییە بە قەد ئەوەى هێزێکى گەورەى خەفەکراوى ناوەوەیە کە هەمیشە مرۆڤ پێویستى پێیەتى”.
ئەو کارە شانۆیانەی لەلایەن گروپەکەی ئێوە بەرهەم هاتووە، پێت وایە لە ناو ئەو بازنە چەق بەستیوەیەی شانۆی کوردی لە ئێستادا تێکەتووە توانیویەتانە جموجۆڵی شانۆیی دروست بکەنەوە ؟
کارۆخ : “شانۆکارى راستەقینە و جددى هەرگیز هەست بە بازنەیەکى لەو جۆرە ناکات کە بەرێزتان ئاماژەى پێدەکەن، من پێم وایە ئەو شانۆکارەى راستەقینەیی و جددیەتى خۆى لە دەست داوە، لە نێو بازنە چەق بەستوەکەن، ناو هێنانى بەردەوامى گەنج بۆ شانۆ لە نێو ناوەندە هونەرى و رۆشنبیرییەکەى ئێستا لە کوردستان، بە ماناى جموجۆڵى پەیامى راستەقینەى گروپ دێت، کە چۆن هەوڵەکانیان جموجۆڵێکى ئاکتیڤ و کاراى لە نێو شانۆدا دروست کردووە، تا رادەى ئەوەى لە ئێستادا زۆرێک لە گروپ و یەکە ئیدارییەکانیش، دەیانەوێت لەسەر هەمان سیستەمى کارکردنى گەنج بۆ شانۆ بڕۆن، جا راستەوخۆ بێت یان ناراستەوخۆ، کەواتە هەوڵى بەردەوامى گەنج بۆ شانۆ، نەک تەنها جموجۆڵێکى کاراى خستە نێو شانۆوە، بەڵکو لەگەڵ ئەوەش زۆرێک لە گروپەکانى ناچار بە بە خۆداچونەوەو سەر لە نوێ کۆکردنەوەى خۆیان کرد”.
ئێوە لەکاتی نمایشی شانۆگەریەکانتان زۆربەی رۆڵی کار ئەکتەرەکان دەدەن بەو شانۆکارانەی ئەندامن لەگروپەکەتان بۆچی ؟
کارۆخ : “نەخێر تەنها رۆڵ نادەیەن بەو شانۆکارانەی کە ئەندامی گروپن، بەڵکو لە زۆربەى کارەکانى گروپی “گەنج بۆ شانۆ” زۆرێک لە هونەرمەندان هاوشان بەشدار بووینە، لەگەڵ ئێمە و کاریان کردووە، ئەوەتا هونەرمەندان ( عومەر دڵپاک، سەلام کۆیى، حەمە سەعید حەسەن، سامان عومەر، گۆران مەحەمەد) ئەو کەسانەن لە درەرەوەى گروپ بوون و کەچى رۆڵى سەرەکیان لە کارە شانۆییەکانى ئێمە پێدراوە، ئەوەش بە ماناى ئەوەیە، کە گروپ ئەوەندەى کار لەسەر پێویستى باش بۆ کارەکانى دەکات، ئەوەندە ڕەچاوى ئەندامبوون ناکات، چونکە لە کۆتاییدا بەرهەم تەنها هى گروپى گەنج بۆ شانۆیە”.
بۆچی شانۆگەریەکانتان تەنها لەشاری هەولێر نمایش دەکەن و هەوڵتان نەداوە لەشار و شارۆچەکەکانی دیکەش نمایشی بکەن ؟
کارۆخ : “ئێمە پێمان وایە هەر پەیامێک ئەگەر لە چەقى کارکردنى مەوداکەى بەرفراوان نەبێت، ناتوانێت کاریگەرى و هێزى خۆى بە شێوەیەکى پارچە پارچەیى بچەسپێنێت، بۆیە گروپ دوێنى نمایشى شانۆیى تەنها لە هەولێر ئەنجام دەدا، کەچى دەبینى ئەمرۆ خەڵک لە سلێمانى و دهۆک و کەرکوک و ناوچەکانیترى کوردستان، چەند کیلۆمەترێک دەبڕن و ئامادەى نمایشە شانۆیەکەى گەنج بۆ شانۆ دەبن، ئەمەشیان ئەو مەبەستە بوو، کە ئێمە دەمانویست بیپێکین، گەنج بۆ شانۆ بە جددى کار بۆ ئەوە دەکات هێزى لە چەقدا بۆ مەودایەکى بازنەیى گەورە بەرفراوان بکات، ئەوەش لە داهاتوودا درکى پێدەکرێت”.
زۆربەی ئەو هونەرمەندە شانۆکارانەی ئەزموونییان هەیە لەکاری شانۆیی دا، دەڵێن شانۆی کوردی لە قەیران دایە، هەندێکیشان دەڵێن شانۆی کوردی ئەو پەیامەی جاران هەیبوو لەدەستی داوە و بۆیە جەماوەریش لەشانۆ تۆراوە، ئێوە وەک شانۆکارێکی گەنج لەم بارەیەوە چی دەڵێن ؟
کارۆخ : “منیش دەڵێم زۆربەى زۆرى ئەو هونەرمەندانەى شانۆى کوردیی لە قەیراندا دەبینن، ئەوان بەرپرسى یەکەمى ئەم قەیرانەن، ئەگەر نا بۆ گەنج بۆ شانۆ ئەم قەیرانە نابینێت، بۆ گەنجێکى جددى هەستى پێناکات، چونکە بە جددى قەیرانى شانۆ نییە، بەڵکو هەندێک تەنگژەى بچووک هەن، کە دەکرێت لەگەڵ تێپەر بوونى کات، ئەم تەنگژانەش چارەسەر بکرێت، من قەیران لە شانۆدا نابینم، ئەوەندەى قەیران لە عەقڵیەتى خەراپ دەبینم، دواتر با بێین بپرسین ئەو کەسانە کێن بەردەوام دەستەواژەى قەیران بەکار دەهێنن؟ من پێم وایە ئەوەى مسقاڵێک رۆشنبیرییەتى شانۆییى هەبێت و ئاگاى لە ووردو درشتى جموجۆڵەکانى ئەم هونەرە هەبێت، هەرگیز ئامادە نییە باسى قەیران بکات، ئەوەشە وایکردووە هەر کاتێک مایکێک یان ریکۆردەرێکى رۆژنامەنووسانى لەبەردەم خۆیدا دەبینێتەوە، لە بێ ئاگایى و زانیارى خۆى هەر زوو بنێشتى دەمى چەند کەسێکیترى نا جددى و ناراستەقینە دەجوێتەوە و بە شان و باڵى قەیران هەڵدەدات، لە کاتێکدا ئەگەر لەو کەسانە بپرسین لە کۆى 10 دە نمایش لە ساڵێکدا چەند نمایش دەبینى، وەڵامەکەى تەنها ئەو نمایشە دەبێت کە خۆى بەشدار بووە، بۆیە ئەو چەقبووستیەى لە پێشدا باست کرد بە دەورى عەقڵى ئەوان بازنەى گرتووە”.
بەرای تۆ لەگەڵ هەبوونی ئەو هەموو گروپە شانۆییە لەشارەکانی هەولێر و سلێمانی پێت وانیە جموجۆڵی شانۆیی وەک پێویست نیە، کە هەندێک لەو گروپە شانۆییانە جاری وا هەیە ساڵی جارێکیش بەرهەمێکی شانۆییان نابیندرێ ؟
کارۆخ : “راستە گروپى زۆر هەیە، بەڵام هەموو ئەو گروپانەش بەدەر نین لە کێشە و گرفتى زۆر، بۆیە من واى دەبینم زۆر جار نەبوونى سیستەمێکى تۆکمەو بەرنامە بۆ دارێژراو ئاراستەکان بە پێى پێویست نابات، چونکە زۆر کار و هەنگاو هەیە، ئەگەر نەتوانیت بیهاوێژیت و جێبەجێى نەکەى، ئەوا لە جیاتى ئەوەى هەنگاوەکان پۆزەتیڤ بن، نێگەتیڤ دەردەچن، ئەگەر نا بۆ نموونە گوناهى بەرێوەبەراییەتى تیپ و سەنتەرە رۆشنبیرییەکان چییە ئەگەر لە سەرووى ئەوان بە عەقڵیەتێکى باش سەیرى هەنگاوەکان و نەکرێت و جێبەجێ نەکرێت، کەواتە کێشە تەنها گروپەکان نین، ئەوەندەى بەربەست و نا روونى و تێنەگەیشتنێک هەیە، دواتر کەى کەسى شیاو بۆ شوێنى شیاو دانرا، ئەو کاتە دەتوانیت تەنها گلەیى لە گروپەکان بکرێت، مەبەستیشم ئەوەیە کە من خاوەنى دوو بروانامەم لە بوارى شانۆیى دەکرێت لە بەرێوەبەراییەتى کشتوکاڵ بەرێوە ببەم؟ نەخێر هەرگیز ناکرێت، چونکە من شانۆکارم چ پەیوەندیم بە کشتوکاڵەوە هەیە، لێرە شوێنى نەشیاو بۆ من، کاریگەرى خەراپ جێدەهێڵت”.
تۆ پێت وایە ئەو پەیامەی لە سەردەمی ئێستادا گەنجی شانۆکار لە هەڵیگرتووە، دەتوانێ ببێتە مێژووێک دوای چەند ساڵێکی دیکە پێی بگوترێت سەردەمی شانۆی تازەگەری ؟
کارۆخ : “هەر سەردەم و رووداوێک قسەى خۆى هەیە، هەر قۆناغێکیش پەیام و ئامانجى تایبەتى خۆى، گرنگ قۆناغ و سەردەمەکان لە یەکتر ناچن و هەڵگرى چەندین هەنگاو و داهێنان و جموجۆڵیترە، بۆیە من پێم وایە هەر سەردەمەو چەند کەسێکیتر دەکاتە قارەمان لە مێژووى خۆیدا و کار و هەنگاو بەرهەمەکانى سەردەم بریار لە سەر بوونى ئەم دروست بوونەى دەدات، کەواتە ئەو کەسەى لە سەردەمى جیا پەیامێکى جیا لە پەیامەکانیتر دەگەینێت بەها پیرۆزەکانى خۆى پاراستووە و هەنگاوى پراکتیکى و وەرچەرخانانە دەهاوێژێت، دڵنیات دەکەمەوە ئە نەوەیە لەو کاتەدا دەبێتە درێژ کراوەى مێژووى دوێنێ و ئەمرۆى لە داهاتوودا شانازى پێوە دەکرێت”.
چۆڵی هۆڵەکان لەکاتی نمایشی شانۆگەریەکان لە ئێستادا، پێت وانیە ئەوە دەگەینێت کە بینەری شانۆ لە ئێستادا پێویستی بە جۆرێکی دیکەی شانۆ هەیە ؟
کارۆخ : “من چۆڵى هۆڵەکان بۆ هەندێک نمایشى کرچ و کاڵ دەگەرێنمەوە، ئەوەش شتێکى ئاسایە، لە هەموو دونیادا دەرئەنجامى کارى خراپ نەبوونى بینەر و چۆڵى هۆڵەکانە، ئەمەش بەو مانایەى دێت، کە هەموو پەیامە شانۆییەکان خۆیان لە ئاست خوارتر لە بیر و هزرى بینەر دەبینەوە، بۆیە پێویستە بیر کردنەوەکان لە ئاستێکى بەرزتر لە تێفکرینى بینەر بن، نەک بەلاى ئامادەبووان شتێکى نامۆ نەبن”.
تۆ کە بەرهەمێکی شانۆیی ئامادە دەکەیت تا چەند بیر لەوە دەکەیتەوە، بەرهەمەکەت لەناخی جەماوەر نزیک بێت و خەڵک لە نێو دەقەکەدا خۆی تێدا ببینێتەوە ؟
کارۆخ : “ساڵانە پێشکەش کردنى کارێکى من وەکو بەرهەمێکى تەواو لە هەموو پێکهاتەکانى نمایش، حەتمەن خۆ ئامادەکردن و بەرنامەى باشى دەوێت، لەلایەن خۆم و ستافى کار بەگشتى، بەڵام نەک بەو مەبەستەى من بمەوێت خۆم بخزێنمە نێو ویست و داخوازییەکانى بینەر، نەخێر، هەرگیز کارى وا ناکەم، من هەوڵى ئەوە نادەم، خۆم بکەمە بەند و دیلى دەستى بینەر، بەڵکو ئەوەى گرنگە لاى من، هەڵبژاردنى بابەتێکى تەژى لە پرسیارە، تا بینەر وەکو وەرگرێکى راستەوخۆ، هەمیشە لە بیرکردنەوەیەکى بەردەوام بێت، ئەمەش بە کار کردنە لەسەر دانەبڕان لە بینەر، نەک بە شێوەى بیرکردنەوەى بینەر، بەڵکو بە تەرح کردنى پەیامێکى مرۆڤانە”.
شانۆکارە بە ئەزموونەکان دەڵێن سەردەمی ساڵانی هەشتاکان سەردەمی زێرینی شانۆیی کوردیی بوو، ئایا ئێوەی شانۆکارانی گەنجیش هەمان بۆچوونتان هەیە ؟
کارۆخ : “دەکرێت بڵێین سەردەمێکى زۆر زیندوو بووە لە جموجۆڵى شانۆیى و زۆرى بینەران، بەڵام شانۆ لە کوردستاندا تا لەو قاڵبە لۆکاڵیەى خۆى بمێنێتەوە، کە لەسەردەمى هەشتاکانیش هەمان ئەو لۆکاڵیەى بە شێوەیەکى چڕتر بە دیار دەکەوت، هەرگیز ناتوانى دەستەواژەى زێرین بەکار بهێنین، چونکە هەمان ئەو شانۆکار و هونەرمەندانەى لە ئەرزى واقیعى ئەو سەردەم جموجۆڵێکى بەهێزیان هەیە، ئەوەتا خۆ زۆربەیان لە ژیان ماون و تەمەنیان هەزار ساڵ دەبێت انشالله، بۆ نەیانتوانى درێژە بەو سەردەمە بدەن؟ چونکە من پێم وایە ئەوان تەنها بۆ سەردەمێکى لەم جۆرە بە شێوەیەکى کارا بە دیار دەکەوتن، چونکە لە شەنگ و تاقەتى ئەوان بوو، بوونى قەزییەکى نەتەوەیى زیاتر هاندەر بوو بۆیان، تا بتوانن گەرم وگوڕتر بە دیار بکەون، بەڵام کوان ئەو کەسانەى جگە لە چەند کەسانێک نەبن کە توانیان خۆیان نوێ بکەنەوە، بۆیە بە شانۆییەک ناگوترێت کە تا سەر ئێسقان لە قاڵبە لۆکاڵیەکەى دەرباز نەبووبێت و ناوى زێرینى لێ بنێین و ئەم دەستەواژەیەى بێ لێکدانەوەو هاوکێشەکان لە ئەنجامى سۆز و گەرم و گوڕییەک دروست ببێت”.
ئەی ئەگەر رۆژێک بێت مێژووی شانۆیی کوردیی بنوسرێتەوە بەرای تۆ دەبێ بگەڕینەوە لەکام سەردەم دەست بە نووسینی ئەو مێژووە بکرێت ؟
کارۆخ : “من ئەو وەڵامە بۆ ئەو لیژنەیە بە جێ دەهێڵم، کە پێویستە و تا زووە دروست بکرێت و مێژووى شانۆ لە کوردستان و لاى کورد بنوسرێتەوە و لێکۆڵینەوەى تەواو و ووردى لەسەر بکرێت.، ئەستەمە رایەک بدەم پەیوەست بێت بە مێژوو و رابردووى نەتەوەکەم، بۆیە هەوڵ نادەم راى خۆم لەم مەسەلانە دەرببڕم”.
ئێوەی شانۆکارانی گەنج لەگەڵ شانۆکارە بە ئەزموون یاخوود روونتر بڵێم شانۆکارە بەتەمەنەکان، هەمیشە بۆچوونی جیاواز و زۆرجار دژ بەیەکتریش دەدوێن، بۆچی دەتانەوێ ئەو دوو جیلە لەیەکتر جیا بکەنەوە و هەریەکەتان بەجۆرێک لە بەرامبەرەکەی و لەکارەکانی بڕوانێ ؟
کارۆخ : “وەکو خۆم و بە تایبەتیش وەک گروپى “گەنج بۆ شانۆ” بەگشتى، لەوانەیە بۆچوونى جیاوازمان هەبێت، بەڵام هیچ کاتێک بیرکردنەوە لە دژاییەتى و رەت کردنەوەمان نییە، هەرچەندە لەشارستانیەت و مێژووى گەلاندا، هەمیشە ململانێى نەوەکان وەکو خاڵێکى سەرەکى خۆى بەسەر هەموو گۆرانکارییەکان زاڵ کردووە، ئەوەش شتێکى ئاساییە و بەردەوام ئەم جۆرە ململانێیە لە سروشتى مرۆڤدا شتێکى چاوەروان کراوە، من لەگەڵ بۆچوونى جیاوازم، بەڵام هەرگیز لەگەڵ ڕەت کردنەوەى یەکتر نیم، چونکە هەر کێشەیەک بۆچوونى جیاوازى لێ دروست دەبێت لە ئەرزى واقیعى ئێمە لایەنێکە، ئەویش تاکى ئێمە ئەوەندەى سەرقاڵى شانازى کردنە بە رابردووى، ئەوەندە بە دواى بیرکردنەوە و نوێبونەوە نییە بۆ داهاتووى، چونکە هەنگاوەکانى دوێنێ تەواو بوون، ئەوەى دەمێنێتەوە هەنگاوەکانى پێشەوەى خۆمانە، ئەمەش لە زۆربەى زۆرى نەوەکانى پێش ئێستامان زۆر بە زەقى بە دیار دەکەوێت، فەراغى ئەمەش بە دژاییەتیەکى سەقەت کۆتایی پێدێت”.
پەیمانگای هونەرە جوانەکان و کۆلیژی هونەرە جوانەکان، تاچەند توانیویانە شانۆکارانی گەنج بە شێوەیەکی زانستی پەروەردە بکەن ؟
کارۆخ : “ئەم دوو ناوەندە ئەکادیمیە، دوو شوێنى زانستین، دواتر خوێندن و پەیڕەوى پەروەردەیى لەم دوو ناوەندە بە شێوەیەکى زانستین، بەڵام ئەوە دەوەستێتە سەر ئەو کەسەى کە تا چەند دەتوانێت پڕەنسیبە زانستیەکان لە کارەکانیدا رەنگ بداتەوە، من هەموو کات ئەم دوو ناوەندەم بە شێوەیەکى ئاکتیڤ دێتە پێش چاو، بەڵام زۆرتر پەیمانگە، چونکە تەمەنى زیاترە لە کۆلێژ و خاوەنى چەندین دەرچووى ئاکتیڤن لە هەر سێ بوارى شانۆ و موزیک و شێوەکارى”.
ئەی بۆچی ساڵانە لە پەیمانگا و کۆلیژی هونەرە جوانەکان، ئەو هەموو قوتابییە لەبەشی شانۆ دەردەچن و دەبن خاوەنی بڕوانامە، کەچی بەدەگەمەن ئەکتەرێکی شانۆ دروست دەبێت ؟
کارۆخ : “بەر لە هەموو شتێک با لەوە تێبگەین و بەرچاو روونیەک دروست بکەین، کە پەیمانگە جگە لە شوێنێکى هونەرى جێگایەکى پەروەردەیشەو تەنها هونەرمەند پێناگەینێ، بەڵکو مامۆستاى هونەریش دروست دەکات، دواتر ئەگەر پەیمانگا یان کۆلێژ کارگەى سابوون نین تا بتوانن ساڵانە بەرهەمێکى زۆریان هەبێت، لە قۆناغێکدا لە هەر 10 قوتابیت هونەرمەندێکت بۆ دروست ببێت، کارێکى زۆر باشە، بۆ زانیارى زیاتر گروپى گەنج بۆ شانۆ هەموو ئەندامەکانى کەسانى دەرچووى پەیمانگە و کۆلێژ و قوتابی هەمان شوێنن، منیش بە شانازییەوە دەرچووى بەشى شانۆى پەیمانگە و کۆلێژى هونەر جوانەکانم”.
لە ئێستادا زۆربەی ئەکتەرانی شانۆکار بەرەو کاری نواندن لەدراما تەلفزیۆنەکان دەچن، پێت وایە ئەکتەرێکی شانۆکار دەتوانێ ببێت بە ئەکتەرێکی سەرکەوتووی بواری دراما ؟
کارۆخ : “شانۆ وەکو دایکى هەموو هونەرەکان وایە، هێزى مەوداو کار کردنى فراوانترە لە هەر هونەرێک، ئەوەش ئاساییە شانۆکارێک ئەگەر لە کارێکى درامى یان سینەما بەشداری بکات، چونکە لە دراما و سینەما شوهرەتى زیاتر هەیە و بوارى بینینى زیاترى بەدەرخستنى زۆرترە، بۆ سەرکەوتنیش دەگەرێتەوە بۆ ئەو شانۆکارەى کە تا چەند هێزى کار کردنى هەیە”.
ئەی چۆنە تۆ تا ئێستا ەشداریت لە کارێکی درامی تەلفزیۆنی نەکردووە ؟
کارۆخ : “زۆر داوام لێکراوە، بەردەوامیش داوام لێدەکەنەوە، بەڵام ئەوە ویستى خۆمە کە ئەم ماوەیە هەوڵى بەشدارى کردن لە دراماى تەلەفزیۆنى نادەم، چونکە مەبەستم نییە”.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا