زانا دڵشاد دزەیى : دڵنیا قەرەداخى، لە پارتى توڕەیە و دەڵێ من لەپێناو پارتى ئاوارە و ماندووبووم، بەڵام پارتى لە بەرامبەر مندا زۆر بێوەفا بوو. ئەو توڕەبوونەى دڵنیا قەرەداخى لەگەڵ دەستپێکردنى کۆنگرەى 13ى پارتى هات، کە رۆژى 11/12/ لە هەولێر بەڕێوەچوو، چەند هونەرمەندێک لە ناوەوە و دەرەوەى کوردستان بانگهێشت کران. رۆژێک دواى کۆنگرەى پارتى، دڵنیا قەرەداخى بەسەفەرێک بەرەو تورکیا بەڕێکەوت و پێش ئەوەى سەفەر بکات، (سڤیل) ئەو چاوپێکەوتنەى لەگەڵ سازکرد، کە دەڵێت “من یەکەم ئافرەتى کوردم کۆنسێرتم کردووە، ساڵى 1998 لە سلێمانى، یەکەم ئافرەتیشم، کە گۆرانیم بۆ کوڕ وتووە، یەکەم ئافرەتى کوردم بە جلى عەسکەری لەناو هێزى زێرەڤانى گۆرانیم گوتووە، من لە کارى هونەری دەستپێشخەرى زۆرم کردووە، بەڵام بەداخەوە شانسم نییە”.
سڤیل: بۆچى بەشداریت لە ئاهەنگى کۆنگرەى 13ى پارتی نەکرد، کە چەند گۆرانیبێژ بەشداربوون، لە کاتێک خۆت لە پارتى نزیکى؟
دڵنیا قەرەداخى: وایە، شانزە ساڵە من پارتیم، لەسەر کوردایەتى زۆر شتم قبوڵ کردووە، یەکێکم لەو هونەرمەندانەى لەسەر پارتى ئاوارە بووم، من کاتێک لەگەڵ پارتى بووم شەو هەبووە نان نەبووە بیخۆم، بە برسێتى خەوتووم، رۆژ هەبووە لە خودام ویستووە ساحێب خانوو لە دەرگام نەدات و نەڵێ کوا کرێى خانووەکەم، هەر لەکرێچێتى بووم، جارى واهەبووە دینارێکم پێ نەبووە سوارى سەیارە بم، بە ناچارى بۆ شوێنى زۆر دووریش بەپێ رۆشتووم، من لەبەر خاترى خۆشەویستى خۆم بۆ پارتى ئەوانەم بەسەرهاتووە، خەم بۆ ئەوە دەخۆم، وەک کورد دەڵێ “کێ کردى و کێ خواردى”، بەڵام پارتى بێوەفا بوو بەرامبەر بەمن.
سڤیل: بەڵام تۆ وەڵامى پرسیارەکەى منت نەدایەوە، بۆچى بەشدارت نەکرد؟
دڵنیا قەرەداخى: خۆزگە ئەو پرسیارەت لە پارتى دەکرد، لەوانەى کە کارەکانى کۆنگرەیان بەڕێوەبردووە، من دەپرسم ئایا ئەو هونەرمەندانەى بەشداربوون لەمن باشتر بوون؟ خزمەتى ئەوان لەمن زیاترە؟ بڕوا ناکەم، چونکە کاتێک من هونەرمەندبووم تەنیا من و سوهام حەسەن و پەروین شازادە لە هەولێر هەبووین، لە سلێمانیش پەیمان عومەر و تارا رەسووڵ هەبوون، من رێزم بۆ ئەو هونەرمەندانە هەیە، کە لە ئاهەنگى کۆنگرەى پارتى بەشداربوون، هەموویان خوشک و هاوڕێى منن، بەڵام من کوردى عێراقم، من لە ناخۆشى ئەو وڵاتە بووم، من لەبێ کارەبایى بووم، من سەرما و بێ نان بووم.
سڤیل: ئەو تەسحیانەى بۆ پارتیت داوە چین؟
دڵنیا قەرەداخى: گەورەتەرین تەسحیەى ئەو هونەرمەندانەى سەر بە لایەنێکى سیاسین، ئەوەیە کە زۆر لە جەماوەرەکەى خۆى لەدەست دەدات، لەبەرئەوەى هەموو کورد پارتى نییە، هەمووش یەکێتی نییە، حیزبى دیکەش هەیە، بەڵام من کاتێک پارتیم هەڵبژاردووە قەناعەتم پێى هەبووە، ئیتر لەوانەیە ئەوە زۆر زەرەرى بەمن گەیاندبێ لەرووى جەماوەرەوە، ئەوە گەورەترین تەسحیەى منە بۆ پارتى، لەبەرئەوە بۆیە بڕواى من زۆربەی ئەو هونەرمەندانە موستەحەق نەبوون، زۆرکەس هەبوو زۆر موستەحەقتر بوون، بامێژووى هەموومان سەیر بکەن، بابزانن مێژووى کێ کوردایەتى و خۆشەویستى کوردى لە دڵدا بووە، ئەوکاتە دەزانن کام لەوانە موستەحەقبوون بەشداربن، ئەگەر لەسەر ئەساسى خزمایەتى و برادەرایەتى نەبێت.
سڤیل: ئێستا تۆ دەتەوێ چ بە پارتى بڵێى؟
دڵنیا قەرەداخى: دەمەوێ بڵێم حەیف بۆ ئەو چەند ساڵەى خزمەتى پارتیم کرد، چونکە بە گیان و بە دڵ پارتیم خۆشویستووە، چاوەڕێى هیچ شتێکم لێ نەکردووە بمداتێ، لەبەرئەوەى لە کاتێکى ئاوا لەگەڵیان بووم کە وەزعى پارتى زۆر خراپ بووە، بەداخەوە ئەو چەند ساڵەى تەمەن لە خزمەتى ئەو حیزبە بەفیرۆ رۆیشت، قەدریان نەگرتم، کە من هەر لەبەر خۆشەویستى پارتى و کوردایەتى، پاشان خۆشەویستیم بۆ خاکەکەم، کوردستانم جێنەهێشت، من هەموو ئەوانە گلەیانەم لە خۆشەویستى خۆمە بۆ پارتى، کە من بۆ پارتى چەند بە وەفابووم و ئەوان چەند بێوەفا بوون بەرامبەر بەمن.
سڤیل: پڕۆژەى ئەلبوومى نوێت چییە؟
دڵنیا قەرەداخى: بە هیچ شێوەیەک بە نیازنیم ئەلبووم بکەم، ئەوەش لە ترسى زەرەر وازم لەئەلبووم هێنا، چونکە ئەلبووم لە کوردستان بۆ گۆرانیبێژ زەرەرە، بەڵام بۆ نەورۆز گۆرانییەکى تازەم بە کلیپەوە پەخش دەکرێت، کە ئەویشم هەر بۆ کوڕ وتووە، هێشتا ناوم بۆ دانەناوە، بەڵام لەبەرئەوەى گۆرانییەکەى پێشووم بە ناوى “بۆ کوڕێک” بوو، ئەمجارە رەنگە ناوى بنێم “بۆ کوڕان”.
سڤیل: رات چییە لەسەر دیارەى خۆرووتکردنەوەى ئەو کچە تازانەى هاتوونەتە بوارى گۆرانى گوتنەوە؟
دڵنیا قەرەداخى: هونەرمەندى راستەقینە پێویستى بەوە نییە خۆى رووتبکاتەوە، هونەرمەندى راستەقینە بەهونەرەکەى خۆى دەسەڵمێنى، من قەت لەگەڵ ئەوەدا نیم هونەرمەند خۆى رووتبکاتەوە هونەرەکەى پێشکەش بکات، ماوەیەک خەڵک لێى تێر دەبێت و دوایى بیریان دەچێتەوە، ئەو گۆرانیبێژە تازانە تەنیا بەرچاون، لەگەڵ رێز بۆ هەموویان، کە هیچ مەبەستێکم نییە و کێشەم لەگەڵ هیچیان نییە.
سڤیل: تائێستا لە کارى هونەرى خۆت، رازى لەوەى کە پێشکەش کردووە؟
دڵنیا قەرەداخى: لەراسیتدا ئەوەى من کردوومە خراپ نەبووە، مێژوویەکى بۆ دروستکردووم، بەڵام هێشتا زۆر شتم لەمێشکم دایە، کە بەداخەوە ناتوانم بیکەم، لەبەرئەوەى کەسێک نەبووە لەرووى مادییەوە هاوکاریم بکات، خەفەت لەوە دەخۆم، خۆم زۆر بە هونەرمەندتر دەزانم لەو هونەرمەندە تازانە، بەڵام حەقم خوراوە، هەڵبەت ئەوە شتى ترى لە دوایە.
سڤیل: ئەو کێشانەى بۆ ئافرەتى هونەرمەندەکان لە کوردستان دێنە پێشەوە چین؟
دڵنیا قەرەداخى: ئەگەر پێش 10 ساڵ ئەو پرسیارەت لەمن بکردایە زۆر شت هەبوو دەموت، کێشە بۆ ئافرەتى هونەرمەند زۆر زۆرە، من لەو رووەوە گلەیى لە کۆمەڵگە ناکەم، چونکە بەشبەحاڵى کە دەچم بۆ هەر شوێنێک رێزى زۆرم لێدەگرن، بەڵام کێشەى سەرەکى مادییە، جگەلەوە زۆر شت هەیە لەوانەیە نەتوانم باسى بکەم.
سڤیل: لە هەموو دەرکەوتنەکانت قژت درێژە، بەڵام دەڵێن دڵنیا قژى کورتە، ئەوە تاچەند راستە؟
دڵنیا قەرداخى: من هەمیشە قژم درێژ بووە، هەفتەیەکە قژم کورت کردووە، کردوومەتە شێوازى کاریەکى کورت.
سڤیل: دەڵێن دڵنیا حەز دەکات دەوڵەمەند بێت، ئەوە تاچەند راستە؟
دڵنیا قەرەداخى: راستە، جاران حەزم لێ نەبوو، بەڵام ئێستا زۆر حەز دەکەم کەسێکى دەوڵەمەند و سەرمایەدار بم و ئیشى بزنس و پرۆژەى گەورەى بازرگانى ئەنجام بدەم، بەڵام کارێکى قورسە، دڵنیام پێم ناکرێت.