زانا دڵشاد دزەیى : چۆپى ئیحسان فەتاح، ساڵى ١٩٨٣ لە کەرکووک لە دایکبووە، لەگەڵ خانەوادەکەى لە وڵاتى هۆڵەندا نیشتەجێیە، لە ١٦ ساڵیەوە کەوتووەتە سەر شاشەی تەلەفزیۆن، ئێستا خاوەن 3 ئەلبووم و ١٥ کلیپی بڵاوکراوەیە، بە مەبەستى کارى هونەرى و کلیپکردنى، ئێستا چۆپى فەتاح بە سەردانێک لە هەولێرە و (سڤیل) ئەو چاوپێکەوتنەى لەگەڵ سازکرد
سڤیل: زۆر باس لە رەسەنایەتی دەکرێ، بەرای تۆ رەسەنایەتی چییە، پێناسە و شیکارت چییە بۆ رەسەنایەتی؟
چۆپى فەتاح: ئێمەی کورد ئەرشیفێکی هونەری گەورەمان نییە، هەردەم دوژمنانمان ویستویانە کەلتوری کوردی بەگشتی و هونەری کوردی بەتایبەتی لەناوبەرن و نەهێڵن پێشبکەوێت، بۆیە ئێستا ئەرکی سەرشانی هەر هونەرمەندێکە گرنگی بدات بەرەسەنایەتی و پاراستنی هونەری کوردی.
سڤیل: ئاوێتەبوونێک لە نێوان رەسەنایەتی و هاوچەرخێتی لە گۆرانییەکانتدا دەبینین، ئایا ئەمەت وەک ستایلێکی جێگیر وەرگرتووە یان نیازی ستایلگەلی هەیە؟
چۆپى فەتاح: هەندێک کەس بەمنیان وتووە تۆ دەبێت ستایلی خۆت بدۆزیتەوە و رێچکەی خۆت بگریت، من پێیانم وتووە مەرج نییە من لەسەر ستایلێکی تایبەت بڕۆم گەر بتوانم لە چەند ستایلێکی جیاوازدا بە سەرکەوتوویی کاربکەم دوودڵی لێ ناکەم، بۆیە ئێستا دەبینیت گۆرانی ئینگلیزی دەڵێم و حەیران و مەقامیش دەڵێم و گۆرانی فۆلکلۆری و رۆژئاوایی دەڵێم.
سڤیل: دوایین ئەلبوومی گۆرانیت لەگەڵ ئاوازدانەر هەڵکەوت زاهیر چۆن دەبینی؟ بەڕای تۆ ئەو ئەلبوومە توانی وەرچەرخانێک لە هونەری تۆدا دروست بکات؟
چۆپى فەتاح: من ئەو ئەلبوومەم لەگەڵ کاک هەڵکەوت دوو ساڵ پێش ئێستا بڕیارم لەسەردا، پێم باشە لەهەموو ستایلێکدا کاربکەم.
سڤیل: بەڵام بە بەراورد لەگەڵ ئەلبوومەکانی پێشووت، دوا ئەلبوومت لەنێو خەڵک هیچ دەنگدانەوەیەکی نەبوو؟
چۆپى فەتاح: رەنگە هەندێک کەس لێی رازی نەبن، هیچ هونەرمەندێک ناتوانێت کارێک بکات بە دڵی هەموو کەسێک بێت، لەهەمانکاتدا لەلایەن زۆر کەسیشەوە دەستخۆشییم لێکراوە، ئەگەر بە دڵی خەڵک نەبووایە، بۆ دووەمجار لەلایەن ڤین تیڤییەوە چاپ نەدەکرایەوە.
سڤیل: دەگوترێ چۆپی لە بەرهەکانی پێشووی لە هەڵبژاردنی تێکست سەرکەوتووتر بوو، بەڵام لە دوا ئەلبوومت جیاوازیەکى زۆر هەبوو لەو تێکستانەی کە پێشتر چۆپی پێناسراوە، چۆن بوو ئەوە روویدا؟
چۆپى فەتاح: هەموو تێکستەکان و ئاوازەکان خۆم هەڵمبژاردوون و زۆر رازییم لە دەستی تێکستەکان، بۆ نموونە تێکستی ئەو بەرێزانە بوون “ئەکرەم ئەمین، دکتۆر ئاراس عەبدلکەریم، مەهاباد قەرەداخی، ئەدیب چەلکی، حەمە سەعید ئیبراهیم، رەنج سەنگاوی” ئەو بەڕێزانە تێکستیان بۆ هونەرمەندان زەکەریا و حەسەن شەریف و شوان پەروەر و عەدنان کەریم و زۆر کەڵە هونەرمەندی تر داناوە و جێدەستیان لە ئەدەبیاتی کوردیدا دیارە.
سڤیل: دوا پرۆژەی هونەریت چییە؟
چۆپى فەتاح: کلیپێکی ئینگلیزییم ئامادەی بڵاوکردنەوەیە، لە لوبنان کردوومە و زۆر رازییم لەدەستى، هەروەها سێدییە ئینگلیزیەکەم ئامادەیە و تەنیا ماسترینگی ماوە. سێدی مەقاماتم هەیە و ئەویش هەر میکسینگ و ماسترینگی ماوە ١٢ تراکە و ناوم لێناوە “شارا” شارا ئەو باوەشە گەنمانەیە کە خەرمانی لێ دروست دەکرێت و منیش مەقاماتەکانم لە دەڤەری دهۆک و سلێمانی و کەرکووک و هەولێر کۆکردووەتەوە، هەروەها دایکیشم ناوی “شارا”یە، لەگەڵ ڤین تیڤی کۆنتراکتم کردووە و ئەوان هەڵدەستن بە بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکە و مەقامی “لە پاشمەرگم”م کردووە بە کلیپ بە شێوەیەکی جوان و ستافێکی تورکی لەگەڵ ڤین تیڤی بەو کارە هەڵساون.
سڤیل: بەڕای تۆ دەکرێ لە رێگەی زۆریی ئەو دەنگانەوە گۆرانی ژنانە لەهونەری کوردیدا دروست بێت.. یان تاچەند گۆرانی ژنانە لە هونەری کوردیدا بوونی هەیە؟
چۆپى فەتاح: هەموو کاتێک کە گوێم لێ دەبێت ژنێک یان کچێک هاتووەتە ناو بواری هونەرییەوە دڵخۆش دەبم، بێگومان گۆرانی ژنانە هەبووە و رویشی لەزیادبوونە.
سڤیل: پێشوو هەولی حەیران و جلی کوردیت دەدا، هەتا لە جۆری جلوبەرگ وەک کچە کوردێکی شەرقیانە دەردەکەوتی، بەڵام ئێستا تۆش گۆڕاوی؟.
چۆپى فەتاح: هەوڵی من هەر بەردەوامە لە وتنی حەیران لە سێدی مەقامەکانم دوو گۆرانی حەیرانی تێدایە و بەمزووانە گوێتان لێ دەبێت، زۆریش شانازی بە جلی کوردییەوە دەکەم.
سڤیل: دوو ساڵ بەر لە ئێستا، لە رۆژنامەکان بڵاوکرایەوە کە تۆ و هەردی سەڵاح بۆ پرۆژەی هونەری زەویتان وەرگرتووە، ئەو پرۆژەیە بە کوێ گەیشت؟
چۆپى فەتاح: من هەتا ئێستا بۆ هیچ پرۆژەیەک ئەرزەم وەرنەگرتووە.
سڤیل: تۆ گرێبەستێکت لەگەڵ کۆمپانیای ئاسیاسێل کردووە، خەڵک پێیان وایە کۆمپانیاکان لە کوردستان سەر بە حزبن، کۆڕەک هی پارتی و ئاسیاسێل هی یەکێتی، چۆن ئامادەی ریکلام بۆ کۆمپانیایەک بکەی کە خەڵک بە حزبی دەزانن؟
چۆپى فەتاح: پێش هەموو شتێک من دژایەتی هیچ پارتێکی کوردی ناکەم، باوکم خۆی پێشمەرگە بووە، کۆمپانیای ئاسیاسێلیش کۆمپانیایەکی کوردییە و لە سەرانسەری عێراق کاردەکات و زۆر کەسی لە بێکاری رزگار کردووە و خزمەتێکی پێشکەوتووی مۆدێرنیش پێشکەش بە ئێمە دەکات، من بە ئەرکی سەرشانی خۆمی دەزانم کە خزمەتیان بکەم و هەڵبەتە کۆمپانیای ئاسیاسێلیش زۆر خزمەتی هونەرەکەی منیان کردووە و هاوکاری هونەرمەندانی تریشیان کردووە.
سڤیل: سێ ساڵە شووت کردووە، بۆچی تائێستا نەبوویت بە دایک؟
چۆپى فەتاح: من قوتابییم و هاوسەرەکەشم هەر قوتابییە، ئەم ساڵ هەردووکمان بە کەلۆریۆسمان هێنا، نیازمان وایە ساڵێکی دیکە دەستبکەیین بە خوێندنی ماستەر، ئەگەر خوێندن تەواو بکەیین بێگومان پێمان باشە منداڵمان ببێت.
چۆپى فەتاح: زۆربەی ژن و مێرە هونەرمەندەکان جیادەبنەوە، ئایندەی خۆت چۆن دەبینی؟
چۆپى فەتاح: ئێمە یەکترمان خۆشدەوێت و خێزانێکی بەختەوەریین.
سڤیل: بۆچی تائێستا لەگەڵ هاوسەرەکەت دەرنەکەوتووی؟
چۆپى فەتاح: ئێمە زۆرجار پێکەوە دەچینە کۆنسێرتەکانم و سەفەری دەرەوە دەکەین.
سڤیل: ماوەیەک گۆرانیبێژ شانیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی وتبووى “چۆپی لە دوا کلیپی لاسایی کلیپەکەى منى کردۆتەوە و ئەسپی بە کارهێناوە” چ قسەیەکت لەسەر ئەوە هەیە؟
چۆپى فەتاح: دوای ئەوەی کلیپەکەم تەواو بوو، گوێم لە ناوی “شانیا” بوو هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازم، بەڵام پەیوەندی نێوان مرۆڤ و ئەسپ زۆر کۆنە و من پێم وانییە من یان شانیا خانم یەکەم کەس بووبێتیین کلیپمان لەگەڵ ئەسپ کردبێت، بە سەدان کلیپ لەگەڵ ئەسپدا کراوە، بۆ نموونە هونەرمەند کازم ساهیر و رۆژین و چەندیین هونەرمەندی دیکە.