هەولێر، مەسعودى مەلا هەمزە : دواى ئەوەى فیلمى دیکۆمێنتى (شۆڕشێک لە غەریبى) لە دەرهێنانى (هەڤاڵ حەمەد) بەشدارى کرد لە ڤیستیڤاڵى (کێرچ) لە ئۆکراینا و توانى لە نێو 38 فیلمى بەشدارى فێستیڤاڵدا خەڵاتى باشترین فیلم بەدەست بهێنى، ئەوجارەیان لە فێستیڤاڵی تالین بەشدارە. ئەم فێستیڤاڵە کە لە 25-8-2010) لە وڵاتى ئیستۆنیا بەڕێوەدەچێ و تێیدا چەندین فیلم بەشدارن.
هەڤاڵ حەمەد لە لێدوانێکیدا گوتى: “شۆڕشێک لە غەریبى فیلمێکى دیکۆمێنتیەو باس لە ژیانى هەڤاڵانى بارزانى دەکات لە یەکێتى سۆڤیەتى جاران، ژیان و بەسەرهاتى ئەو ئافرەتانەى کە لەگەڵ پیاوەکانیان گەڕانەوە کوردستان و 50 ساڵە لە غوربەت ژیان بەسەردەبەن، کە بۆتە هۆى دابڕانى کوڕ و باوک و دایک لە یەکترى.
هەڤاڵ گوتیشی: “هیوادارم بتوانم لەم ڤیستیڤاڵە ئەنجامێکى باش بەدەست بهێنم و لە ڕێگاى ئەم بەرهەمەوە لاپەڕەیەک لە مێژووى کورد بە وڵاتان بناسێنم، سوپاسى کوردستان tvیش دەکەم کە هاوکاریان کردووم تا بتوانم بەشدارى لەم ڤیستیڤاڵە بکەم”.
شایانى باسە ئەم فیلمە بەرهەمى کوردستان تیڤییە (ئەژین ئەحمەد) کارى مۆنتاژى ئەنجامداوەو هەڤاڵ حەمەد کارى وێنەگرتن و دەرهێنانى بۆ ئەنجامداوە.