واشنتۆن، مەسعودى مەلا هەمزە : بە مەبەستى سازکردنى شەشەمین فێستیڤاڵی بەدرخان لە واشنتۆن وەفدی دەزگاى چاپ و بڵاوکردنەوەى بەدرخان گەیشتنە واشتنۆن. ئەو فێستیڤاڵە کە دەزگاى بەدرخان بە هەماهەنگى لەگەڵ بەشی کلتوورى نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە وانشنتۆن سازیدەکا، تێیدا چەندین چالاکى رۆشنبیری و هونەرى و کلتوورى نمایش دەکرێ.
لەمبارەیەوە حەمید ئەبوبەکر بەدرخان بەرپرسی دەزگاى چاپ و بڵاوکردنەوەى بەدرخان گوتى: بە مەبەستى دروستکردنى پردی پەیوەندى و رۆشنبیری لەنێوان هەردوو گەلى کورد و ئەمریکا، دەزگاى بەدرخان بە ئەرکى سەرشانى خۆی زانى کە فێستیڤاڵی حەوتەمى بەدرخان لە واشنتۆن سازبکاو لەو فێستیڤاڵەدا چەندین چالاکى هونەرى و رۆشنبیری و کلتوورى نمایش دەکەین، کە تێیدا نووسەران و رۆشنبیران و مامۆستایانى زانکۆکانى کوردستان لێکۆڵینەوەو سیمینار پێشکەش دەکەن.
بڕیارە هەر لەو فێستیڤاڵەدا چەند کورتە فیلمێکى کوردى و چەند فیلمێکى دیکۆمێنتارى کوردی نمایش بکرێ، هەروەک بەشێک لە کوردانى نیشتەجێی ئەمریکا بە چالاکى جۆراوجۆر بەشدارى لەو فێستیڤاڵە دەکەن. شایانى باسە دەزگاى چاپ و بڵاوکردنەوەى بەدرخان ساڵانە فێستیڤاڵی بەدرخان سازدەکاو هەر ساڵەو لەو وڵاتێک ئەنجامى داوە، ئەم فێستیڤاڵەش لە رۆژانى 29و30/6/2010 لە ماڵی سویدى لە واشنتۆن بەڕێوەدەچێ.