مەسعودى مەلا هەمزە: لە کەشێکى تەواو ئازاد و دیموکراسیدا و بە ئامادەبوونى ئەندامانى کۆنگرە، دووەمین کۆنگرەى هونەرمەندانى کوردستان لەژێر دروشمى “پیشەیی، داهێنان، جوانکارى” دەستى بە کارەکانى خۆی کرد. سەرلەبەیانى رۆژی شەممە 25/12/2010 لە هۆڵی پێشەواى شارى هەولێر بە ئامادەبوونى نوێنەرى هەریەک لە سەرۆکى هەرێمى کوردستان و سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و پارێزگارى هەولێر و نوێنەرى حزب و لایەنە سیاسییەکان و هونەرمەندان، دووەمین کۆنگرەى هونەرمەندانى کوردستان دەستى بەکارەکانى کرد.
وەک هەمیشە دەقیقەیەک وەستان بۆ گیانى پاکى شەهیدان و هونەرمەندانى کۆچکردوو دەستپێکى مەراسیمەکە بوو، دواتر وتارى لیژنەى ئامادەکارى کۆنگرە لە لایەن مۆفەق عارف لهۆنى خوێندرایەوەو باسی لەوەکرد کە ئەوان وەک لیژنەى ئامادەکارى کۆنگرە زۆر بە پاکى و بێ باکى کاریان کردووەو دڵخۆشن بە گەیشتنە ئەم قۆناغەى کۆنگرە.
دواتر وتارى رێکخراوى هونەرمەندانى پێشوو لەلایەن فەرەیدون دارتاش سەرۆکى رێکخراو خوێندرایەوەو باسی لە کارەکانى خۆیان کردو پیرۆزباییشی لەو کەسانەکرد کە دەبنە نوێنەرى نوێی هونەرمەندان، هەروەک داواشی لە پارێزگارى هەولێر کرد بفەرمووێت بە فەرمى کۆنگرەکە بکاتەوە.
نەوزاد هادى پارێزگارى هەولێر لە وتەیەکیدا دڵخۆشی خۆی دەربڕی بە کۆبوونەوەى سەرجەم هونەرمەندان لە پایتەختى کوردستان و سازکردنى ئەو کۆنگرەیەشی بە کارێکى گرنگ بۆ هونەرمەندان وەک چینێکى پێشەنگى کۆمەڵگا خستەڕوو.
دواتر وتارى سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەلایەن “د. کاوە محمود” نوێنەرى سەرۆکى هەرێم خوێندرایەوەو وێڕاى دەربڕینى خۆشحاڵی بە سازکردنى کۆنگرە پاڵپشتیکردنى هونەرمەندانى بە کارێکى گرنگ وەسفکرد، هەروەک زیرەک کەمال نوێنەرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستانیش لە وتارەکەى سەرۆکى حکومەتدا ئاماژەى بە گرنگى ئەم کۆنگرەیە کردو پیرۆزبایی سەرۆکى حکومەتى لە هونەرمەندان کرد.
خوێندنەوەى چەندین بروسکەى پیرۆزبایی بەشێکى دیکەى مەراسیمى کردنەوەى کۆنگرە بوو، نمایشکردنى دوو تابلۆی هونەریش لەلایەن تیپی هونەرەمیللییەکانى هەولێر کۆتایی بە مەراسیمى کردنەوەى کۆنگرە هێنا.
لەتاقی ئێوارەى هەمان رۆژدا دەستکرا بە کارەکانى کۆنگرەو راپۆرتى دارایی خوێندرایەوەو لیژنەى سەرپەرشتیارى کۆنگرە پێکهات و ئینجا گفتوگۆکردن لەسەر بابەتەکان و دروستکردنى چەندان لیژنەى کۆتایی رۆژی یەکەمى کۆنگرە بوو.
شایانى باسە ئەم کۆنگرە بەیانیش 26/12 بەردەوام دەبێ و تێیدا راپۆرتى لیژنەکان دەخوێندرێتەوە.