نەوال ئەلزوغبی خۆی ئامادە دەکات لەناوەڕاستی ئەم مانگەدا سەردانی میسر بکات، بەمەبەستی وێنەگرتنی گۆرانیەکەی “هنا القاهرة” کە یەکێکە لەگۆرانیەکانی نوێترین ئەلبومی بەناوی “ماعرفش لیه”. دەرهێنەری میسری هادی ئەلباغوری سەردانی بەیروتی کرد و رێکەوتن لەسەر دوا وردەکاریەکانی وێنەگرتنی گۆرانیەکە.
نەوال لەشەقامەکانی قاهیرە وێنەی دیمەنەکانی گۆرانی “هنا القاهرة” دەگرێت. بیرۆکەی گۆرانیەکە لە دەقێکی رۆمانسیدا داڕێژراوە و باس لەکچێك دەکات کە پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ گەنجێکی میسریدا گرێداوە. ئەو کچە لەرێی کوڕەکەوە قاهیرەی خۆشدەوێت و لەچاوەکانی ئەوەوە بۆی دەڕوانێت.
هۆنراوەی ئەم گۆرانیە لە نوسینی ئەمیر تعێمە و ئاوازی خالید عیززە و تۆماش دابەشکردنی موزیکی بۆ کردووە. بەگوێرەی خشتەیەکی گونجاو لەگەڵ ئەو قەدەغەکردنی هاتوچۆیەی بەسەر قاهیرەدا سەپێنراوە، لەماوەی دوو رۆژدا وێنەی دەگیرێت.
دوور لە گۆڕەپانی موزیکیش، نەوال کە چوار ساڵ لەمەوبەر کەیسێکی جیابوونەوەی هاوسەری لەدژی هاوسەرەکەی کە بەرهەمهێنەر ئێلی زیبە تۆمارکردبوو، بڕیارێکی لە دادگای مارۆنیەوە بۆهات کە هاوسەرگیریەکەی هەڵوەشاوەتەوە. بەپێی یاسای کەنیسەش، لایەنێك بۆی هەیە لەرێگەی پارێزەرەکەیەوە داوای تێهەڵچوونەوە لەبڕیاری دادگادا بکات.