ھونەرمەندی گۆرانیبێژ (ئەیوب عەلی) یەکێکە لە ھونەرمەندە دیارەکانی نێو گۆڕەپانی ئەمرۆِی گۆرانی گوتن، ئەو ھونەرمەندە لە ناوەڕاستی ساڵانی نەوەدەکانی دەستی کردووە گۆرانی گوتن، خاوەنی چەندیین گۆرانی ناوازەو جوانە، ئەو ھونەرمەندە ساڵانێکی زۆرە لە ھەندەران ژیان بەسەر دەبات، لە ئێستادا (ئەیوب) بەسەردانێک گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان، لەدیدارێکی دا بۆ خوێنەرانی “ھەولێر” ئاماژەی بۆ چەند لایەنێک لە کارە ھونەرییەکانی کرد، بەتایبەتی ئامادەکارییەکانی بۆ بەرھەم ھێنانی ئەلبومێکی تازەی گۆرانی، ھەروەھا تیشکی خستە سەر رەوشی ئێستای گۆرانی گوتن.
ھاتنەوەکەت بۆ کوردستان بۆ ئەنجامدانی کارێکی ھونەریی بوو، یا سەردانێکی ئاسایی بوو ؟
ھاتنەوەکەم بۆ چەند مەبەستێک بووە، لەوانە سەردانیکردن و بینینی چەند دۆستێک و ئازیزێک، ھەروەھا بینی وڵات، کە ئەوە بۆ ئێمەی دوورە وڵات پێویستە، چونکە جاری وا ھەیە ئەوەندە بیری کوردستان دەکەین، زۆر تامەزرۆی بینینی ئەکەینەوە، بەشێکی دیکەی سەردانەکەم ئەنجامدانی چەند پرۆگرامێکی ھونەریی بووە لە تەلەفزیۆنەکان، لەوانە پرۆگرامێک بۆ کەناڵی کوردسات.
کە ئەوەندە بیری وڵات دەکەیت و حەز دەکەی کوردستان لە نزیکەوە ببینیت، بۆچی دوای ئەوەندە ساڵە دوورییە بڕیاری ھاتنەوەی یەکجاری نادەن ؟
ئەو ھاتنەوەیە پێویستی بە پلانێکی باش ھەیە، چونکە ئێمە نزیکەی (١٥) ساڵە وڵاتمان بەجێھێشتووە، لەوڵاتەی کە من تیایدا دەژین کە بەریتانیا ژیانێکم ھەیە، کە بەشێکی پەیوەستە بە ژێوی ژیانم، جگە لەوانەش، ھاتنەوە یەکجاری بۆ من بۆ کوردستان چەند رێگرییەکی لە بەردەمە، کە نامەوێ باسی بکەم، تا ئەو رێگریانە ھەبێ ناکرێ بڕیاری یەکجاری ھاتنەوە بدەم، ھەندەرانیش شتێکی زۆر باشی بە ھونەرەکەم بەخشیووە، ئەویش فێری ئەوەی کردم چۆن ھۆنراوە بنوسم چۆن ئاواز دابنێم، کە ئەوەیان ئەگەر لە کوردستان بومایە ڕەنگە ئەو قازانجەم نەبوایە بۆ ھونەرەکەم”.
پلانێکت ھەیە بۆ بەرھەم ھێنانی گۆرانی تازەت؟
بەڵی پلانێکی باشم ھەیە، بەڵام لەو گەڕانەوەیەم بۆ کوردستان دەمەوێ، لەگەڵ کۆمپانیایەک رێک بکەوم، بۆ ئەوەی ئەرکی سپۆنسەری بەرھەم ھێنانی ئەلبومەکەم بگرێتە ئەستۆ، چونکە ئەلبومی ئەم جارەم پارەیەکی زۆری پێویستە بەتەنیا ناتوانم ئەرکی بەرھەم ھێنانی ئەلبومی ئەم جارەم لەئەستۆ بگرم”.
بەرھەمەکەی ئەم جارەشت وەکو گۆرانییەکانی پێشووتر لەسەر ھەمان شێواز و ستایل دەبێت یا بەنیازی جیاوازتر ئامادەکاریی بۆ بکەیت؟
ھەوڵێکی زۆرم داوە ستایل و جۆری بەرھەم ھێنانی گۆرانییەکانم جیاواز بێت، گۆرانکاری گەورەم کردووەو لەلای گوێگران و جەماوەری ھونەردۆست بە روونی ھەست بەو گۆرانکارییە دەکەن، دیارە بۆ ئەو کارەش ھەوڵَکی زۆرم داوە، کە ھیوادارم بەو شێوە بیھێنمە بەرھەم کە خۆم مەبەستمە”.
ئەو ستایلە لە رووی ھەڵبژاردنی گۆرانییەکانتە یا لە رووی موزیک و جۆر و ناوەرۆکی گۆرانییەکانە؟
لە ھەموو روێکەوەیە، لەوانەیە دوو ستایل لە خۆی بگرێت، لەوانە ستایلی فارسی و ھیند و ئینگلزی لە خۆی بگرێت، بە شێوەیەکی گشتی کارێکە نەم کردووە، ئەتوانم بڵێم ھەموو ھونەرمەندێکیش نەیکردووە”.
ئەو ستایلە عاشقانەی کە پێی ناسراوی ھەر لە بەرھەمی ئەمجارەشت ھەمان ڕەنگدانەوەی دەبێت لەنێو گۆرانییەکاندا ؟
دیارە عەشق بۆتە بەشێکی زۆر لە ھەوێنی گۆرانییەکانم، بەڵام مەرجیش نیە لەمەو دوا ئەو کارە بەردەوامی ھەبێت و لە ھەموو بەرھەمێکمدا ستایلی عاشقانە بوونی ھەبێت، بەڵکو پێویستە لەسەر ستایلەکانی دیکەش کار بکەم!”.
گۆرانییەکی دیاری کراو یا بابەتێک ھەیە پێشتر کارت بۆ نەکردبێت و لەو بەرھەمەتدا بوونی ھەبێت ؟
لە دوایین ئەلبومی گۆرانییم گۆرانییەکم بۆ شاری ھەولێری ئازیز گوتبوو، لەو بەرھەمەی ئەمجارەمدا گۆرانییەکم بۆ شاری ھەڵبجەی شەھید ئامادە کردووە، کە ھیوادارم کارێکی ناوازەو جوان بێت، شایستەی گەروەیی و جوانی ئەو شارە بێت”.
تۆ زۆر جار لە پرۆگرامە ھونەرییەکانی تەلەفزیۆن، زیاتر ئارەزوو دەکەی گۆرانییە فۆلکۆرییەکان یا گۆرانی ھونەرمەندە ڕەسنەکان بڵیتەوە، لە ئەلبومەکەدا پلانێکی ئاوات ھەیە گۆرانی لەو جۆرانەی تێدا بێت ؟
بەڵی بیرۆکەیەکی لەو جۆرەم ھەیە، بەڵام نازام بۆ ئەلبومە دەبێت یا نا، بەڵام بە شێویەکی گشتی زۆر ئارەزوو دەکەم لە ئەلبومێکی تایبەتدا ئەو کارە بکەم، کۆمەڵێک بەرھەمی فۆلکۆر و دەنگی ھونەرمەندە ڕەسەنەکان بڵێمەوە، چونکە ئەو بەرھەمە فۆلکۆریی و ڕەسەنانە گەنجینەکی بە نرخن پێویستە سوودیان لێ وەربگرین”.
ئەو ڕەوەشەی ئێستاکە گۆرانی کوردیی پێدا تێپەڕ دەبێت چۆنی ھەڵدەسنگێنی بەرای تۆ گۆرانی کوردیی توانیویەتی ھەنگاوی باش بھاوێژیت بۆ پێشەوە یا بە پێچەوانەوە ؟
بە بڕوای من کۆمەڵێک گەنج ھاتوونەتە نێو گۆڕپانی گۆرانی کوردیی کاری باشیان کردووە، ھەوڵدانی باشیان ھەیە، جگە لەوانەش ئێستاکە گوێگری کورد باشتر چاودێری گۆرانی دەکات، دەزانن بەرھەمی باش و خراپ لە یەکتر جیا بکەنەوە، کە ئەوە زۆر گرنگە، بەڵام لەگەڵ ھەموو ئەوانەشدا پێویستە کەناڵەکان بە تایبەتی تەلەفزیۆنەکان فلتەری باشتریان ھەبێت و ھەموو گۆرانییەک پەخش و بڵاو نەکەنەوە، چونکە ئەگەر ئەوان ئەو فلتەریان دانا، ھەموو کەسێک ناتوانێ لە خۆیەوە بچێت گۆرانییەک تۆمار بکات و کلیپێکی بۆ بکات و بڵاو بکاتەوە، ھەموو کەسێک ئازادە چۆن گۆرانی دەڵێت و چۆن کار دەکات، بەڵام نەک لەسە حیسابی تەلەفزیۆنەکان بچێتە ھەموو ماڵێکەوە، پێویستە ئاگاداری ئەو حالەتە بین”.
پەیدا بوونی ھەندێک ستایلی وەک (جاز و راپ و رۆک) چەند شێوازێکی دیکە، تا چەند پێویستە بۆ ھونەری گۆرانی کوردیی ؟
ئەو ستایل و شێوازانەش با ھەبێت، بەڵام کێ شارەزایی لەو شێوازانە ھەیە با ئەوانە ئەو کارانە بکەن، نەک چەند ووشەیەک بەسەر یەکەوە بە خێرای بڵێنەوە، ناوی لێبنێت ئەوە (راپە یا جازە) نەخێر ئەو ستایلانە خەڵکی پسپۆری پێویستە، جگە لەوانەش نابێت فۆلکۆر و رەسنایەتی بەلاوە بنێین”.
دوور لە ھونەر تا چەند لەگەڵ وەرزش نێوان ھەیە بایەخی پێدەدەی ؟
زۆر ئارەزوو دەکەم وەرزش ئەنجام بدەم، چونکە بۆ ئێمەی ھونەرمەند زۆر پێویستە، وەرزش ووزیەکی زۆر چاک دەبەخشێتە جەستەی مرۆڤ، چالاکی میشک و لەش پتەو دەکاتەوە”.
سەیری یارییەکانی جامی یۆرۆی (٢٠١٢) دەکەیت، ھاندەری کام ھەڵبژاردەی ؟
ھەندێک لە یارییەکانم بە ھۆی سەفەرەکەم بۆ کوردستان لە دەست چووە، بەڵام ھەوڵمداوە ھەندێک یارییم لەدەست نەچێت، بەتایبەتی یاری ھەڵبژاردەی ئینگلتەرا، ھیوادارم ئەو ببێتە خاوەنی نازناوەکەو جامەکە بەدەست بھێنێت”.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا