ڕاگەیاندن ئەو بوارە فراوانەیە کە لەهەموو جیهاندا کارى لەسەر دەکرێت و هیچ بەشێک تیایدا فەرامۆش نەکراوە لەگەڵ ئەوەشدا بە(دەسەڵاتى چوارەم)ناوى دەبەن لەناوحکومەتدا،دەزگاکانى ڕاگەیاندن لەجیهاندا بەزۆر قۆناغى جیا جیادا تێپەڕیووە هەتا گەیشتۆتە ئاستێکى زۆر پێشکەوتوو هەتا ئێستاش هەر لەگۆڕانکارى و پێشکەوتندایە،گومانى تێدانیە زۆربەى ئەو بوارانەى لە جیهاندا کارى لەسەر دەکەن لە کوردستان کەم هەتا زۆر توانراوە کارى لەسەر بکرێت ڕاگەیاندنى کوردیش چەندین قۆناغى ئاڵۆزى بڕیووە
- بەرنامەى(بڵێ)بۆچى بەردەوام نەبوو؟
- تا چەند ڕاگەیاندنى کوردى پێشکەوتنى بەخۆیەوە بینیووە؟
- لە ڕاگەیاندنەکان هەموو بوارەکان بە لاوازى دەبینرێت؟
کامەران ئێستا لە وڵاتى سوید لە کەناڵى(SVT)سویدى کارى پراکتیک ئەکات لەداهاتوودا کارى جوانتر لە ئەوروپا بۆ زاگرۆس تیڤى دروست ئەکات و بەردەوام ئەبێَت لە کارەکانى خۆى.
ئامادەکردنى:دیارنەقشبەندى/مالیزیا
diar_nakshbandy@windowslive.com
ڕاگەیاندن ئەو بوارە فراوانەیە کە لەهەموو جیهاندا کارى لەسەر دەکرێت و هیچ بەشێک تیایدا فەرامۆش نەکراوە لەگەڵ ئەوەشدا بە(دەسەڵاتى چوارەم)ناوى دەبەن لەناوحکومەتدا،دەزگاکانى ڕاگەیاندن لەجیهاندا بەزۆر قۆناغى جیا جیادا تێپەڕیووە هەتا گەیشتۆتە ئاستێکى زۆر پێشکەوتوو هەتا ئێستاش هەر لەگۆڕانکارى و پێشکەوتندایە،گومانى تێدانیە زۆربەى ئەو بوارانەى لە جیهاندا کارى لەسەر دەکەن لە کوردستان کەم هەتا زۆر توانراوە کارى لەسەر بکرێت ڕاگەیاندنى کوردیش چەندین قۆناغى ئاڵۆزى بڕیووە تا ئەم ساتەش هەر پێویستى بە بەرەو پێشچوونە،ساڵانێک بوو ئەوەى لە دەزگاکانى ڕاگەیاندن کاریان دەکرد بە پەنجەکانى دەست دەژمێردران بەڵام لەگەڵ گۆڕانى بارودۆخى فکرى ئێستا چەندین گەنجى خوار تەمەن(18)ساڵیش کارى تیادا دەکەن ئەمە جگە لەو کەسانەى کە ساڵانێکە خەریکن و ئەزموونێکى باشیان هەیە لەو بوارە،زۆرن ئەو گەنجانەى لە کەناڵە ئاسمانى و ناوخۆییەکانەوە دەردەکەون و تاڕادەیەکى باش توانیویانە خزمەتێک بە بینەر بکەن،(کامەران فەریق)ى پیشکەش کارى پێشوى کەناڵى ئاسمانى زاگرۆس و بەرنامەى(زاگرۆس کافێ)لەشارە جوان و دڵگیرەکەى سلێمانى لەدایک بووە و ئێستا نیشتەجێى وڵاتى(سوید)ە هەرچەندە خاوەنى بڕوانامەى دبلۆمە لە بوارى تەندروستى بەڵام حەزو خولیاو خۆشەویستى بۆ ڕاگەیاندن ئەوەندە زۆر بووە تا توانیویەتى لەو بوارەدا خۆى بدۆزێتەوە و چەندین کارى جوان پێشکەش بکات،کامەران سەرەتاى هاتنى بۆ ناو دونیاى ڕاگەیاندن دەگەڕێتەوە بۆ ساڵى(2000)کە لە سەرەتادا بە نوسین دەستى پێکردووە بابەتەکانى زیاتر لە بوارى گەنجاندا نوسیوە زۆر جاریش بابەتەکانى ڕەخنەیى بوون دواتر لە ساڵى(2001)دەکرێت بە سەرنوسەرى ڕۆژنامەى(ئاسۆى نەتەوە)هەتا ساڵى(2003)زیاتر بە نوسین خەریک بووە دواتر دەستى کردووە بەکارى تیڤى و بۆتە پەیامنێر لە کەناڵى ناوخۆیى کوردستان(کەناڵى سلێمانى)لە هەمان کاتیشدا بەرنامەى تایبەتى هەبووە لە ڕادیۆى دەنگى کوردستان لەسلێمانى پاشان لەو کەناڵە بووە بە پێشکەشکار و چەندین بەرنامەى هەمەڕەنگ و کارى دیکۆمێنتکارى ئەنجام داوە کە ئێستا خاوەنى ئەرشیفێکى زۆرە،یەکێک لە بەرنامە سەرکەوتووەکانى ناوى(هەفتەنامەى کامێرا)بوو ئەم بەرنامەیە تایبەت بوو بە گەنجان و گاڵتە ئامێز(تەرفیهى)بوو هەر لەڕێگەى ئەو بەرنامەیەوە کامەران بوو بە خاوەنى بینەرێکى تایبەت بەخۆى وردە وردە لەناو هاوڵاتیاندا ناسرا دواتر لەساڵى(2004)گوازرایەوە بۆ کەناڵى ئاسمانى زاگرۆس لەوێش سەرەتا بەکارى پەیامنێرى دەستى پێکرد چونکە ئارەزووى سەرەکى ئەو بوو دواتر کرا بە بەرپرسى بەرنامەى(سپێدەى کوردستان)کە هەموو بەیانییەک دوو کاتژمێر پێشکەش دەکرا دواتر بەرنامەکە گۆڕا بۆ(زاگرۆس کافێ)لەگەڵ ئەوەى بووە بە پێشکەش کارى بەرنامەى زاگرۆس کافێ چەندین بەرنامەى تایبەتى ئامادە و پێشکەش کردووە لەوانە(بەرنامەى سپێدەى کوردستان بەرنامەى زاگرۆس کافێ بەرنامەى بلێ)جگە لەوانە(بەرنامەى سەرکەوتن بەسەر چیاکان و بەرنامەى لێوارى مەرگ)و چەندین کارى دیکۆمێنتى دروست کردووە و پێشکەش کراوە…بۆ زیاتر ئاشنابوون بە کارەکانى(کامەران فەریق)بە پێویستمان زانى ئەم دیمانەیەى لەگەڵ ئەنجام بدەین بەڕێزیشیان زۆر بە خۆشحاڵیەوە وەڵامى داینەوە.
ڕاگەیاندنەکان ڕۆڵێکى سەرەکیان هەیە بۆ هۆشیار کردنەوەى خەڵک:
هەروەک هەمووان دەزانین رۆژ بەرۆژ پێشکەوتنەکانى جیهان بەردەوامە و ئیمەش توانیومانە لەو پێشکەوتنانەى جیهان سود وەربگرین و کەمێک گوژم بەخۆمان بدەین لە هەموو بوارەکاندا،ڕاگەیاندنیش یەکێکە لەوان و تازەگەرى و شێوازى نوێ گیراوەتەبەر بۆ کارى ڕاگەیاندن و گەیاندنى ڕوداو و زانیاریەکان بە بینەر و بیسەر و خوێنەر،لەکوردستاندا ئێستا دەیان بڵاوکراوەى گۆڤار و ڕۆژنامە و ماڵپەڕى تایبەت بەهەواڵ و زانیارى هەیە هەروەها چەندین کەناڵى ناوخۆیى و ئاسمانى هەن هەریەکەیان بەجۆرێک و بەپێى شێواز و پڕۆگرامى خۆى دەڕوات بەڕێوە و خزمەت دەکات،بەهەموو لایەک توانراوە تا ڕادەیەک خزمەت بە کۆمەڵگاکەمان بکەن بەشێک لە ڕاگەیاندنەکانمان ڕۆڵێکى سەرەکیان هەبووە لە هۆشیارکردەوەى خەڵک و گۆڕینى دەیان دیاردەى ناشیاو بۆ شیاو بەڵام بەبۆچونى من تاوەکو ڕاگەیاندن لە وڵاتى ئێمەدا دەسەڵات بەرپرسى یەکەمى بێت ناتوانین بڵێن کە ڕاگەیاندنى کوردى لە ئاستێکى باشدایە.
خاوەنى ئەزموونێکى تایبەتم لە بوارى ڕاگەیاندن:
هەرکەسێک کە دەیەوێت ببێت بە پێشکەشکار دەبێت کۆمەڵێک مەرجى تایبەتى تێدابێت:
– خاوەنى بڕوانامەى ڕاگەیاندن بێت یاخود لانىکەم بڕوانامەى دبلۆم یان ماجستەرى هەبێت.
– بۆماوەى زیاتر لە(3)ساڵ کارى کردبێت لە کەناڵە ناوخۆییەکان.
– چەندین خولى تایبەتى بینیبێت لەسەر کارى ڕاگەیاندن.
– پێشکەشکار دەبێت لە هەموو بەشەکانى وەکو( دەنگ،وێنەگرتن،ڕوناکى) شارەزایى هەبێت.
– ئەوەى کەسەى ببێت بە پێشکەشکار دەبێت زیاتر لە(3)ساڵ پەیامنێرى کردبێت وەیان خاوەنى چەندین بڵاوکراوە بووبێت لە رۆژنامەکان.
– دەبێت زمانى پاراو(ناتق)بێت.
– ڕەنگ و ڕوخسارى جوان بێت و ڕووخۆشبێت.
هەرکاتێک ئەو مەرجانە لە پێشکەشکارێکدا هەبوون ئەتوانرێت پێى بوترێت پێشکەشکارى سەرکەوتوو من بەخۆشحاڵیەوە ئەومەرجانەم تیادایە و خاوەنى ئەزمونێکى تایبەتیم لەبوارى ڕاگەیاندندا،ئەوەشى کە گرنگە بوترێت پێویستە پێشکەشکاریش وەک هونەرمەند خاوەنى شێوازێکى تایبەت بە خۆى بێت بۆ پێشکەش کردن جیاوازبێت لە هەر پێشکەشکارێکى تر،من لەژیانى خۆمدا هەرگیز سودى ماددیم لە ڕاگەیاندن وەرنەگرتووە بەڵام هەموو جار ئەوە دەڵێم ئەوەى ڕاگەیاندن بەمنى بەخشیوە ئەوەیە کە سوپاس بۆخوا خەڵکانێکى زۆر منیان خۆش دەوێت و تامەزرۆن بۆ بینینى من سوپاسى هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە منیان خۆشدەوێت ئەوە خۆشەویستى ئەوانە واى کردبوو کە من بە دڵێکى زۆر ڕووخۆشەوە ئێواران لەڕێگەى شاشەى زاگرۆس تیڤى دەچوومە نێو ماڵەکانیان،من هەموو کەسێکم خۆشدەوێت و لە ژیانى خۆشمدا ڕقم لە هیچ کەسێک نەبووە.
زۆربەى هاوڵاتیان نەیاندەزانى بەرنامەى(بڵێ)دروستکراوە:
بەرنامەى بڵێ بەرنامەیەکى کۆمەڵایەتى بوو هەموو ئەو کێشەو گرفتە کۆمەڵایەتیانەى کە لە کۆمەڵگاکەماندا هەیە پیشانى ئەدا بەڵام بەزمانێکى سادەتر و زمانێک کە زمانى ناو خێزان و خەڵکە بەڵام بە شێوازێکى دروست کراو ڕاستە هاوڵاتیان زۆربەیان ئێستاشى لەگەڵدابێت نەیاندەزانى کە ئەو بەرنامەیە دروستکراوە بەڵام ئەوە بەلاى ئێمەوە گرنگ نەبوو کە خەڵک بزانێت چونکە خۆمان پێش دەستپێکردنى هەموو بەرنامەیەک دەمان نوسى کە ئەم بەرنامەیە لەڕوداوێکى ڕاستى وەرگیراوە ئەوە جۆرێکە لە کارکردن بۆ تیڤى و پیشاندانى کێشە کۆمەڵایەتیەکانە لە کۆمەڵگاى ئێمەدا بە شێوازێک کە خەڵک ئاسانتر هەزمى سەیرکردنى بکات و بێزار نەبێت لە سەیرکردنى و ئەوەش شانۆگەریە بەڵام وەک وتم بە زمانێکى سادە،سەبارەت بە نەمانى ئەو بەرنامەیە دەگەڕێتەوە بۆ زۆر کێشە لەوانە خەڵکانێکى زۆر کە کێشە و گرفتى ڕاستیان هەبوو دەهاتنە لاى ئێمە کە چارەسەریان بۆ بکەین کە ئەوە کارى ئێمە نەبوو جگە لە بوونى چەندین کێشەى تر.
خەڵکانێکى زۆر ڕویان لە ڕاگەیاندن کردووە بەڵام زۆریان بێ ئەزموونن:
من زۆر هاوکارى ئەو کەسانە دەکەم کە حەزیان لە بوارى ڕاگەیاندنە وە زۆرکەسیشم هێناوەتە ناو دونیاى ڕاگەیاندن کە ئێستا توانیویانە جێگەى خۆیان بکەنەوە لە دڵى هاوڵاتیاندا وە زۆریش خۆشحاڵدەبم کە ڕۆژانێک بێت ببن بە یەکەمین و زیرەکترین کەس لە بوارەکەدا ئەوکاتە جێگاى شانازیە بۆمن،بەڵام هەروەک لەسەرەتادا وتم هەموو کەس ناتوانێت بێتە ناو ڕاگەیاندنەوە چونکە ڕاگەیاندن هەروا کارێکى ئاسان نیە پێویستى بە حەز و خولیا و شارەزاییەکى تەواو هەیە بەداخەوە دەڵێم ئێستا لەناو کەناڵەکانى تیڤیدا کەسانێکى بێ ئەزموون هەن کە هیچ لەواتاى ڕاگەیاندن نازانن بەڵام لەبەر ئەوەى خزمى فڵان کەسن ئێستا باشترین دەسەڵاتى پێدراوە خەڵکانێکى زۆر ڕویان لە ڕاگەیاندن کردووە بەڵام زۆربەى زۆریان بێ ئەزموونن و توانایان زۆر لاوازە.
بەشەکانى ڕاگەیاندن لە زانکۆ و پەیمانگاکان ڕۆڵیان نیە لە پێگەیاندنى کادیرى باش:
هەندێک لەو قوتابیانەى کە دەرچووى بەشى ڕاگەیاندن دەیان دەزگاکانى ڕاگەیاندن هاوکاریمان ناکەن بۆ وەرگرتنمان ئەى لەکاتێکدا کە تەلەفزیۆنى زاگرۆس و ڕادیۆى زێد زیاتر لە دوو مانگ ڕیکلامى کرد کەوا پێویستى بە کارمەند هەیە بۆنەهاتن بۆ ناونوسین؟حەزدەکەم ئەوەش بڵێم کە بەڕاستى بەشەکانى ڕاگەیاندن لە زانکۆ و پەیمانگاکان ڕۆڵیان نیە لە پێگەیاندنى کادیرى باش و سەرکەوتوو بۆیە ئەوانەى لەو بەشانە دەردەچن کەمیان هەیە کە ببێتە کەسێکى باش لە بوارەکەدا من هیوادارم کە پەیوەندیەکى بەهێز هەبێت لەنێوان دەزگاکانى ڕاگەیاندن و بەشەکانى ڕاگەیاندن لە زانکۆ و پەیمانگاکان بۆئەوەى بەهەماهەنگى هەردوولا بتوانرێت کادیرى باش بۆ بوارەکانى ڕاگەیاندن دروستبکرێت.
هەنگاو دەنرێت بۆ جیاکردنەوەى بوارەکان بەڵام هێشتا هەر لاوازە:
هەموو ئەو بوارانەى کە باسى دەکەیت هەریەکەو بەشێوەیەک خزمەت بە چین و توێژى کۆمەڵ دەکات وە ناتوانین بڵین تەنها یەک بوار لەو بوارانە پێویستە زیاتر گرنگى پێبدرێت،ئەگەر لە کەسێکى سیاسى بپرسیت ئەڵێت بوارى سیاسى زۆرلاوازە لاى ئێمە گرنگى پێدراوە خۆئەگەر لە هونەرمەندێکیش بپرسیت ئەویش دەڵێت ڕاگەیاندن تەواو لاوازە لە خزمەت کردنى بوارى هونەرى و بەشەکانى تریش بەهەمان شێوە،کەواتە دەتوانین بڵێین هەموو بوارەکان لاى ئێمە بەلاواز دەبینرێت و هیچیان زۆرتر لە بەشێکى تریان زیاتر گرنگى نیە ڕەنگە بەشێکى بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە دەزگایەک گۆڤارێک دەردەکات یان کەناڵێکى تەلەفزیۆنى هێشتا خۆى جیانەکردۆتەوە کە دەبێت گۆڤارەکەى یان کەناڵەکەى تایبەت بێت بە کام لەو بوارانە،ئێستا دەبینرێت کە وردە وردە هەنگاو دەنرێت بۆ جیاکردنەوەى بوارەکان بەڵام هێشتا هەر لاوازە و لەئاست ئەو پێشکەوتنانەدا کە لە جیهاندا هەیە زۆر لەدواوەیە.
تێبینى/ئەم دیمانەیە تایبەتە بە ماڵپەڕى چراتیڤى