مەسعودی مەلا ھەمزە : لە نوێترین کارەکانی خۆیاندا، کەناڵی ئاسمانی ھەولێر لە ئێستادا سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ کۆمەڵێک بەرنامەی تازەو وەک بەڕێوەبەری بەرنامەکانیش ئاماژەی پێدەکا ئەوان دەیانەوێ بە بەردەوامی خزمەتی بینەرانی کورد بکەن.
لە لێدوانێکی تایبەتدا محەمەد جەمیل بەڕێوەبەری بەرنامەکان لە کەناڵی ئاسمانی ھەولێر وتی”وەک چۆن لە ساتی دەستکردن بە پەخشی ئاسایی کەناڵەکەمان ھێرش تەیار خاوەنی تەلەفزیۆن رایگەیاند ئێمە ئامانجمانە خزمەتی سەرجەم کورد بکەین و بە بەرنامەی باش بێینە خزمەتیان، ھەر بۆیەشەو لەو روانگەیەوە لە ئێستادا سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ کۆمەڵێک بەرنامەی زۆر جوانی جەماوەری”.
بەڕێوەبەری بەرنامەکان وتیشی”لەم وەرزەی بەرنامەکانی کەناڵەکەماندا ھەریەک لە بەرنامەکانی “پێشبڕکێی وەرزش- کە پێشبڕکێیەکە لەنێوان سەرجەم یانەکانی کوردستان، دیوانی حەیران- کە پێشبڕکێی حەیران و لاوک و بەندە بۆ سەرجەم بەھرەمەندانی کوردستان، خەفەت- بەرنامەیەکی کۆمەڵایەتییە، ناندین- بەرنامەیەکی تایبەتە بە چێشتخانەو خواردنە کوردەوارییەکان، بەرنامەیەکی تایبەت بە فۆلکلۆر و کلتووری کوردی، بەرنامەیەکی شۆی ھونەری”.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا محەمەد جەمیلی بەڕێوەبەری بەرنامەکانی کەناڵی ئاسمانی ھەولێر جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان ئامانجیانە بە بەرنامەی تازەو سەردەمیانە لە خزمەتی بینەرانی کورددا بن.