تایبەت (هەولێر) دەرباز یونس ـ پرۆفیسۆر و دکتۆر مارف خەزنەدار لە سەرەمەرگدا، وەسیەتنامەیەک جێ دەهێڵێت و یەکێک لە هاوڕێ نزیکەکانی ناوبراو بۆ یەکەم جار وەسیەت نامەکە بۆ (کوردمیلۆدی) ئاشکرا دەکات. مەسعود پەرێشان ئەندامی دەستەی کارگێری یەکێتی نووسەرانی کوردستان، هاوکات یەکێک لە هاورێ نزیکەکانی پرۆفیسۆر و رووناکبیر مارف خەزنەدار لە لێدوانێکی تایبەتدا بەماڵپەڕی (کوردمیلۆدی)ی گوت “دکتۆر مارف خەزنەدار بەر لە مەرگ وەسیەتی کرد کە ماڵەکەی ببێتە کتێبخانەیەکی گەورەی هەولێر و کەسوکاری لە سەر ئەو پارچە زەویە 300 مەتریەی هەیەتی خانوویەک دروست بکەن و ماڵەکەی بۆ ئەدەب دۆستان بەجێ بهێڵن”.
پەرێشان گوتیشی “دکتۆر مارف خەزنەدار خانوویەکی 1000 مەتری هەیە کە تیایدا کتێبخانەیەکی زۆر گەورە هەیە، چەندین کتێبی مێژویی و ئەدەبی و فەلسەفی لە کتێبخانەکەی ئەرشیف کردووە، بەر لە مەرگ وەسیەتی کرد کە ئەم ماڵەی ببێتە کتێبخانەیەکی گشتی، لە تەنیشت ئەو ماڵەشی پارچە زەوییەکی 300 مەتری هەیە بە کوڕە گەورەکەی گوت کە ئەم زەوییە بکاتە خانوو بۆ خۆی و کەسوکاری و خانووە 1000 مەترییەکە ببێتە کتێبخانەیەکی نەتەوەیی”.
لە درێژەی قسەکانیدا پەرێشان گوتی “مارف خەزنەدار بیرەوەری چەندین ساڵی خۆی کە تۆماری کردووە لای خانەوادەکەی بەجێ هێشتووە، کە بەبیرەوەری چەندین ساڵی هەموو نەتەوەی کورد دەژمێردرێت و زیاتر لە 7000 لاپەڕە دەبێت، پێم وایە خانەوادەکەی لە چەند بەرگی کتێبێکدا بڵاوی بکەنەوە”.
نووسەر و رووناکبیر دکتۆر مارف خەزنەدار یەکێک بوو لە نووسەر و ئەدیبناسە هەرە بەتواناکانی شاری هەولێر، لە ساڵی 1930 لە دایکبووەو لە ماوەی تەمەنیدا توانی ئەرشیف و رابردوویەکی جوان و لێوان لێو لە ئەدەبیات و مێژووەکەی بۆ کوردستان بەجێبهێڵێت، بەداخەوە لە شەوی 25 ی ئەم مانگە (تشرینی یەکەم/ئۆکتۆبەر) کاتژمێر 22:30 لە نەخۆشخانەی شیفای شاری هەولێر کۆچیی دوایی کرد.