هونەرمەندی موزیکژەن و ئەندازیاری دەنگ (میران میرانی) لەساڵی (1995)ـەوە، کوردستانی بەجێهێشتووەو لە دەرەوەی وڵات ژیان بەسەر دەبات، لەساڵی (1998) لەوڵاتی سوید ستۆدیۆی “شانیا”ـی دامەزراندووە و تا ئێستا کاری تۆمارکردنی چەندیین ئەلبومی گۆرانی بۆ هونەرمەندانی کورد بە ئەنجام گەیاندووە، (میران میرانی) لەو ماوەیەدا بەسەردانێک گەڕایەوە بۆ کوردستان، لەدیدارێکدا لەگەڵ هەفتەنامەی “هونەر” بەم شێوەیە باسی لەکارەکانی خۆی بۆ کردین.
دامەزراندنی ستۆدیۆ لە سوید کارێکی پێویست بوو..
لەسەرەتای قسەکانی دا هونەرمەند (میران میرانی) دەربارەی دامەزراندنی ستۆیەکەی لە وڵاتی سوید گوتی : “لەدوای ئەوەی زۆربەی هونەرمەندانی کورد لەسەرەتاو ناوەڕاستی ساڵانی نەوەدەکان روویان کردە هەندەران و بەتایبەتی زۆربەیان روویان کردە وڵاتی سوید، سەیرم کرد کەمی رێژەی ستۆدیۆ لەو وڵاتە زۆربەی کارە هونەرییەکانی هونەرمەندانی پەک خستبوو، بۆیە بیرم لەوە کردەوە، کە ستۆدیۆیەک دابمەزرێنم، ئەوە بوو لە ساڵی (1998) لەشاری ئۆپسالا ستۆدیۆیەکی دەنگم دامەزراند بەناوی ستۆدیۆی “شانیا”. توانیم لە رێگەی ئەو ستۆدیۆیە چەندیین کاری چاک لەگەڵ هونەرمەندانی کورد بە ئەنجام بگەینم، هەرچەندە پێش من (بژار دیلان) ستۆدیۆی هەبوو لە سوید، پاشان من دامناو لەدوای منیش چەند ستۆدیۆیەکی دیکە کرانەوە”.
حکومەتی سویدی هاوکاری هونەرمەندانی کوردی کردووە..
لەبەشێکی دیکەی ئەو دیدارەدا (میران) ئاماژەی بۆ ئەوە کرد و گوتی : “لەگەڵ ئەوەی وڵاتی سوید وەک مەڵبەندی کاری هونەری هونەرمەندانی کوردی لەخۆی گرتبوو، حکومەتی سویدیش یارمەتی هەندێک هونەرمەندی کوردی دەدا بۆ ئەوەی کارە هونەرییەکانیان بى شێوەیەکی چاک بەرهەم بهێنن، بەتایبەتی ئەوانەی کاری فۆلکۆریان ئەنجام دەدا، یاخوود روونتر بڵێم ئەوانەی کاری موزیک و گۆرانی سوونتیان ئەنجام دەدا، حکومەتی سویدی هاوکاری دەکردن، چونکە ئەو کارە دەچووە خانەی لێک نزیک بوونەوەی نەتەوەکان و کەللتورە جیا جیاکان، بۆیە من هەمیشە پێم وایە وڵاتی سوید بنکەیەکی گەورەو فراونی هونەری گۆرانی کوردییەو لەو وڵاتە شۆرشێک بۆ گۆرانی کوردی سەری هەڵدا.
هونەری گۆرانی کوردی لەرووی تەکنیکیەوە گەیشتۆتە ئاستێکی باش، بەڵام…
(میران میرانی) بەو پێەی زۆر لە هونەر و هونەرمەندانی گۆرانیبێژ نزیکەو، زۆرتر گوێی لە گۆرانی دەبێت، دەربارەی ئاستی گۆرانی کوردی لە ئێستادا چۆن دەبینێ ؟ گوتی : “بەرای من گۆرانی کوردی لە رووی تەکنیکەوە پێشکەوتنی چاکی بەخۆیەوە بینیووەو گەیشتۆتە ئاستێکی باش، هەست دەکرێ لەگۆرانی ئێستای کوردیی دا لە ستۆدیۆی زۆر چاک ئامێری موزیکی زۆر باش، بەکامێرای زۆر باش کلیپی جوان بەرهەم دەهێندرێت، بەڵام لەرووی ناوەرۆکی گۆرانییەوە بەداخەوە بەرهەمەکانی ئێستای زۆربەی گۆرانیبێژانی کورد بەرەو کزی رۆیشتوون و ئەو هێزەیان تێدا نیە بۆ ساڵێکیش لەلای گوێگر بمێنێتەوە، بۆ نموونە لە ئێستادا تایبەت مەندی گۆرانی کوردی نازانی لەکوێیە!!، وەرن گوێ لە گۆرانییەکی تورکی فارسی هیندی ئینگلزی عەرەبی بگرە، یەکسەر ئەزانی ئەو گۆرانییە بەچ زمانێک گوتراوەو تایبەت مەندی موزیکی خۆیان دیارە لەبەرهەمەکانیان، بەڵام لە ئێستادا وەرن گوێ لە گۆرانییەکی کوردی بگرە وادەزانی گوێ لە گۆرانییەکی تورکی و عەرەبی گرتووە، ئیتر بەرای من ئەو پێشکەوتن نیە گۆرانی کوردی بەخۆیەوە بینیوویەتی، بەڵکو جۆرێکە لە تێکەڵی بەهەندێ هونەری دراوسێکانمان، بەرای من ئەگەر ساڵانێک بەر لە ئێستا هەندێک هونەرمەندی کورد، خەریکی ئەوە بوون ناسنامەی هونەری کوردی بپارێزن یاخوود بیهێننەوە، بەڵام لە ئێستادا ئەو ناسنامە هونەرییە بەیەکجاری خەریکە لەدەستمان دەچێت!!”.
نەبوونی ستۆدیۆی چاک لەکوردستان هۆکارەکەی دیارەو چارەسەرەکەشی ئاسانە!
ئەندازیاری دەنگ (میران میرانی) لە بەشێکی دیکەی ئەو دیدارەدا ئاماژەی بۆ ئەوەیش کرد، کە هۆکاری نەبوونی ستۆیۆی چاک ئەوەیە : “تائێستاکە ئەو پارە زۆر و زەوەندەی چۆتە گیرفانی ژەنیاری وڵاتانی دراوسێ و ستۆدیۆکانی تورکیا و لوبنان و میسر و ئێران و وڵاتانی دیکە، دەتوانرا بەو پارەیە تا ئێستاکە چەند ستۆدیەکی پرۆفیشناڵ لە کوردستان بنیات بنرێ، بۆ نموونە ئەو هەموو پارەی لەلایەن حکومەتی هەرێم و وەزارەتی رۆشنبیری دراوە بە هونەرمەندان و ئەوانیش خێرا روویان لەوڵاتانی دراوسێ کردووە، بە پارەی (3) سیدی دەتوانرێ باشترین گروپی موزیک و ستۆیەکی چاک دروست بکرێ، ئەو کاتە نە ئەو هەموو پارەیە بەهەدەر دەڕوات و نە هونەرمەندانی موزیکژەنی کوردیش بێ ئیش و کار دەبن، رۆحیەتی تۆمار کردنی گۆرانییەکەش ئەوەندە بێگانەیی پێوە دیار دەبێ، سەیر دەکەی گۆرانی زۆربەی گۆرانیبێژانی ئێستا لەگەڵ رێزم بۆ خۆیان و هونەرەکەیان، ئاواز و موزیکی گۆرانییەکە یان تورکییە یا عەرەبییە، کە ئەوەش هۆکارەکەی تەنها ئەوەیە ژەنیارێکی بێگانە کاتێک ئامادەکاری موزیک بۆ گۆرانییەک دەکات، بە رۆحیەت و ستایلی وڵاتەکەی خۆی و هونەرەکەی خۆی ئەو موزیکە دەژنێت و هیچی تر، بە بڕوای من لە کوردستان باشترین موزیکژەن و باشترین ئەندازیاری دەنگیش هەیە، بەڵام بەداخەوە ئەو مۆدێلەی هونەرمەندانی گۆرانیبێژی کورد دەستیان داوەتێ وایکردووە گۆرانی کوردی بەرەو ئاستێکی خراپ بچێت”.
ئاواتە خوازم ستۆدیۆکەم بهێنمەوە بۆ کوردستان و خزمەت بکەم..
(میران) ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، کە ئارەزووی دەکات ستۆدیۆکەی لە سوید بپێچتەوەو بیهێنێتەوە بۆ کوردستان و لێرە خزمەت بە هونەرمەندان بکات، لەمبارەیەوە گوتی : “ئاواتە خوزام ئەو ستۆدیۆیەی کە لەوڵاتی سوید ساڵانێکە خزمەتی هونەرمەندانی کوردی پێدەکەم، بیهێنمەوە بۆ کوردستان و لێرە خزمەتی هونەرمەندانی بکەم، ئەوە یەکێکە لەخەونەکانم، کە چۆن بەچ شێوازێک ئەو ستۆدیەی لە سوید بنیاتم ناوە، ئاواش بتوانم لە کوردستان بیاتی بنێم، بەڵام کەسەیری بارودۆخەکەی ئێرە دەکەم، رووناکیەکی ئاوای تێدا بەدی ناکەم، کە بتوانم بەو شێوە کار بکەم و لەو باوەڕەدانیم لەو بارودۆخەی ئێستادا بتوانم ئەو کارە بەسەرکەوتووی بە ئەنجام بگەینم”.
هۆکاری کەم بوونەوەی جموجۆڵی هونەری لەهەندەران پەیوەستە بەو رەوشەی لە کوردستان بۆ هەندێک هونەرمەند رەخسێندرا!!
هونەرمەند (میران میرانی) لە کۆتایی دا دەربارەی کەم بوونەوەی چالاکی و جموجۆڵی کاری هونەری لە هەندەران بەم شێوەیە هۆکارەکەی باس کرد و گوتی : “بەبڕوای من ئەو هەموو پارە زۆرەی بۆ هەندێک هونەرمەند لە کوردستان رژاوەو ئەوانیش نازانن لە چی خەرجی بکەن و چی پێ بەرهەم بهێنن، ئەو بارودۆخەی بۆ هونەرمەندان لێرە رەخسێندراوە، هونەرمەندانی تاراوگەش زۆربەیان بێ بەش بوون لەو پاڵپشتییە ئەوانی تووشی جۆرێک لە ناو ئومێدی بوون و ساردبوونەوە کردووە، بڕواتان هەبێ ئەو جموجۆڵ و کار و چالاکییە هونەریانەی لەسەردەمی ناوەڕاستی ساڵانی نەوەدەکان تا گەیشتە ساڵی ((2003 و 2004) لە هەندەران و بەتایبەتی وڵاتی سوید، مەگەر تەنها لەسەردەمی هەشتاکاندا ئەو جموجۆڵ و گەرم و گوڕیە هونەری گۆرانی کوردیی بەخۆیەوە بینیبیەتی، بەڵام بەداخەوە ئێستاکە ئەو کار و چالاکیانە هەمووی بەرەو ئاستێکی کزبوون رۆیشتووەو هونەرمەندانی تاراوگەش چیتر ناتوانن لەسەر ئەرک و گیرفانی خۆیان خزمەت بکەن و کەسیش پێ نەزانێت و خەڵکانێک لە کوردستان بە ئارەزووی خۆیان بەناوی هونەرکردن و هونەرمەند بوونەوە بخۆن و پاڵکەون!!”.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا
Abdulgafar1981@yahoo.com