ھەواڵ- تایبەت :وەک نەریتێکی ساڵانەو بۆ پێنجەم ساڵ لەسەر یەکتری پارێزگای ھەولێر بەنیازبوو فێستیڤاڵێک لە رۆژی ھەیینی ١١/٣/٢٠١١ سازبکا، بەڵام ئەم فێستیڤاڵە دواخرا.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست ھەواڵ کەوتووە لەبەرئەوەی حزبەکان بەنیازن لە شاری ھەولێر چالاکی بۆ ئەو رۆژە ئەنجام بدەن بۆیە دواخراوە، لە بەرامبەردا تاھیر عەبدوڵڵا سەرۆکی لیژنەی باڵای پێنجەمین فێستیڤاڵی ھەولێر رایگەیاند کە راستە حزبەکان بەنیازی سازکردنی چالاکین، بەڵام ئەو چالاکییە ھیچ پەیوەندییەکی بە پارێزگاوە نییە.
تاھیر عەبدوڵڵا ھۆکاری دواخستنی فێستیڤاڵەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە کەشوھەوا نالەبارەو لەبەرئەوەی فێستیڤاڵەکەش لەبەردەم پارکی شانەدەر سازدەکرێ بۆیە ئەوان بۆ کاتژمێر ١٠ی بەیانی رۆژی شەممە دوایانخستووە.
شایانی باسە ئەمساڵ بڕیارە ئەم فێستیڤاڵە بە بەشداری چەندان تیپ و گروپی کوردی و بیانی لە ھەولێر سازبکرێ، کە پارێزگای ھەولێر بە ھەماھەنگی لقی ھەولێری سەندیکای ھونەرمەندانی کوردستان و بە سپۆنسەری ١٠ کۆمپانیا سازی بکا.