چاوپێکەوتن: زانا دڵشاد دزەیی : موزیکژەن ھەڵبەست سەڵاح، لەو چاوپێکەوتنەیدا لەگەڵ (سڤیل) رایگەیاند، زۆر بەجدی بیری لەوەکردۆتەوە ژن بێنی و حەز لە منداڵ دەکات، بەڵام دەڵێ تائێستا کەسێکم دیاری نەکردووە، ئاماژەی بەوەشدا بەمنزیکانە بەرنامەیەک لەسەر تیۆری موزیک لە کوردستان تیڤی پێشکەش دەکات.
زانا دڵشاد دزەیی: بۆچی بەرنامەی “کام تراک” نەما، کە لەکەناڵی کۆڕەک پێشکەشت دەکرد؟
ھەڵبەست سەڵاح: دەتوانم بڵێم بەرنامەی کام تراک یەکێک بوو لەو پڕۆگرامە ھونەریانەی کە بەستایلێکی نوێ لەلایەن ٢٠ موزیکژەنی سەرکەوتوو پێشکەش دەکرا، من وەک سەرپرشتیاری گروپ کارم تێدا دەکرد، ئامانجمان ئەوە بوو گرنگی موزیک لەژیانی مرۆڤ بگەیەنین بەبینەر، لەھەمانکاتدا ھەموو ئەو گۆرانی و ملیۆدییە جوانانەی کە لەرابردوو گوتراون کۆیان بکەینەوە و بەشێوازێکی تر پێشکەشی بینەری بکەینەوە، بەڵام گڕێبەستی بەرنامەکە لەگەڵ کەناڵی کوڕەک تەنیا شەش مانگ بوو، ئەو گرێبەستە کۆتایی ھات.
زانا دڵشاد دزەیی: بەنیاز نین بەرنامەیەکی دی لەکۆڕەک پێشکەش بکەن؟
ھەڵبەست سەڵاح: بیرۆکە ھەیە، بەڵام مەرج نییە لەکەناڵی کۆڕەک بێت، من خۆم بەرنامەیەکی فێربوونی تیۆری موزیکم ھەیە، من وەک ئامادە و پێشکەشکار کاری تێدا دەکەم لە کوردستان تیڤی، ئەو بەرنامەیە لەئایندەیەکی نزیک پێشکەش دەکرێ، بینەر دەتوانێ لەماڵەکەی خۆی ببێتە قوتابی یاخود فێرخوازێکی ئەو پرۆگرامە، دەتوانێ سەرجەم قوناغەکانی تیۆری موزیک فێر ببێ.
زانا دڵشاد دزەیی: ساڵانی رابردوو پارچە موزیکی خۆت ئامادە دەکرد و کلیپیشت دەکرد، بەڵام ماوەیەکی بەرھەمی موزیکت نەکردووە، بۆچی؟
ھەڵبەست سەڵاح: جگە لەکاری ئاوازدانان و وەک ژەنیار بەشدارم لەزۆربەی کۆنسێرت و پرۆگرامی ھونەری، یەکێک لەو کارە ھونەریانەی کە دڵم پێی خۆشدەبێ کاری موزیکە، بەڵام لەڕێگەی ئەو چاوپێکەوتنەوە ئەوە رادەگەیەنم بەسوپاسەوە کۆڕەک تلیکۆم سپۆنسەری بەرھەمێکی موزیکی منیان کردووە، کە لەچەند تراکێک موزیک پێکھاتووە، کە ھەموویان بەرھەمی خۆمن، لەھەمانکاتدا کلیپێک کە بەنیازم لەدەرەوەی وڵات بەرھەمی بێنم، ئێستا لەسەرەتای کارکردنم لەو بەرھەمە، ئەوە دەبێتە یەکێک لەخەونە ھونەرییەکانی من، دووبارە سوپاسی کۆڕەک تلیکۆم و شێخ سیروان دەکەم.
زانا دڵشاد دزەیی: ساڵی ٢٠٠٩ گروپێکت بەناوی “گروپی موزیکی کورد” دامەزراند، بەڵام لەو ماوەیەدا بەرھەمی گروپەکەتان کەمە، ھۆکاری ئەوە چییە؟
ھەڵبەست سەڵاح: ئەو دوو ساڵەی رابردوو ئەگەر چاوێک بە کەناڵەکاندا بخشێنیەوە لەڕاستیدا بەرھەممان زۆر زۆرە و چەندین پرۆگرامان کردووە، بەڵام وەک ئەلبووم و کۆنسێرت رەنگە خۆشمان ھەست بەوە بکەین، کە سست بووین، ئەوەش دەگەڕێتەوە بە سەرقاڵبوونمان پڕۆگرامەکانمان لەکەناڵەکان. ھیوادارم بتوانین لەداھاتوو ئەلبووم و کۆنسێرتیش بکەین.
زانا دڵشاد دزەیی: دوای ئەوەی وەک مامۆستا لە پەیمانگای ھونەرە جوانەکان دوورخرایەوە، ھەڵتنەدا بگەڕێیتەوە؟
ھەڵبەست سەڵاح: خۆی لێک تێنەگەیشتنێک ھەبوو لەھۆکاری دوورخستنەوەم، دوای لەسەفەرەکەم گەڕامەوە، بۆیان دەرکەوت ھۆکاری زۆر مانەوەم لەدەرەوەی وڵات پێویست و ھونەری بووە، بەخۆشحاڵیەوە بەبڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیران گەڕامەوە پەیماگای ھونەرە جوانەکان وەک مامۆستا، بەڵام دیسان بەھۆی سەرقاڵبوونم بە پڕۆگرامەکانم کە ھەفتانە دوو پڕۆگرامان پێشکەش دەکرد لەکەناڵی کۆڕەک “کام تراک و ئەژدەر شۆ” ستافەکە شایەدی ئەوە دەدەن رۆژانە لەگەڵ موزیکژەنەکان بەردەوام لە پڕۆڤەکردن دابووینە، خۆم گواستەوە سەر وەزارەتی رۆشنبیری، گرنگ خزمەتکردنە بەرەوتی گۆرانی و موزیکی کوردی، ئێستا من فەرمانبەرم لەبەڕێوەبەرایەتی ھونەرەکانی موزیک.
زانا دڵشاد دزەیی: بەنیازنی بۆ بڕوانامەی ماجستێر بخوێنی؟
ھەڵبەست سەڵاح: دوای تەواوکردنی خوێندنی موزیک لەکۆلیژی ھونەرە جوانەکان، کە ئێمە قۆناغی یەکەم بووین، بەڵێ لەئێستادا بەنیازم بۆ ماجستێریش بخوێنم، بەڵام کاتێکی گونجاوم دەوێت، بۆئەوەی خۆمی بۆ تەرخان بکەم، چەندجارێک لەدەرەوە دەرفەتی ئەوەم بۆ دروست بخوێنم، بەڵام حەز دەکەم لەکوردستان بخوێنم.
زانا دڵشاد دزەیی: بەوپێیەی زۆر سەفەری دەرەوەی وڵاتت کردووە، ھیچکات فکرەی وات نەبووە کوردستان جێبێڵی؟
ھەڵبەست سەڵاح: ھەرگیز بیرم لەوە نەکردۆتەوە، لەبەرئەوەی کوردستان زۆر خۆشە، رەنگە لەھەندێ لایەنەوە کەموکوڕی ھەبێت، گرنگ ئەوەیە بەئاسوودەیی لەکوردستان دەژین، بەڵام سەفەرکردن زۆر پێویستە بۆ ھەر ھەموومان، بەتایبەت بۆ کاری ھونەری و گەڕان و کۆکردنەوەی زانیاری زیاتر لەبوارەکەی خۆت.
زانا دڵشاد دزەیی: زۆرجار گۆرانیبێژەکان گلەیی ئەوە دەکەن، کە موزیکژەنەکان لەبەرامبەر ژەنین، پارەیەکی زۆریان لێ وەردەگرن، تۆ لەھەر گۆرانییەک چەند وەردەگری؟
ھەڵبەست سەڵاح: من نامەوێ لێرەوە ناو بێنم، بەڵام ھەمیشە لەگەڵ زۆربەی زۆری گۆرانیبێژان بەبێ بەرامبەر کارم کردووە، ھەندێ کار نەبێت کە حکومەت پارەی بەرھەمھێنانی ئەلبوومێک بۆ گۆرانیبێژێک سەرفکردووە بڕێکی زۆر کەمم لێی وەرگرتووە، ئەگەر لێرە بڵێم ئەوەندەم وەرگرتووە رەنگە کەس باوەڕ نەکات، بەڵام زیاتر ستۆدیۆ پارەی دەوێت نەک موزیکژەن، چونکە ھەر موزیکژەنێک لە گۆرانییەک تەنیا پەنجا دۆلار وەردەگرێ، پەنجا دۆلاریش پارەیەکی زۆر نییە.
زانا دڵشاد دزەیی: بڕیاتنەداوە ژن بێنی؟
ھەڵبەست سەڵاح: ئەوە پرسیارێکە ھەموو کەسێک بمناسێ ئەو پرسیارەم لێدەکات، بەداخەوە زۆرجاریش پرۆپاگەندە بۆ منیش دروست دەکرێ وا دەگوترێ “ژنم ھێناوە”. من نە ژنم ھێناوە و نە دەستگیرانم ھەیە، تەنانەت باسی ئەوەم کردووە عاشقێکی بێ خۆشەویستیم، ھەمیشە عاشقم، بەڵام کەسێکی دیاری کراو نییە، پێشتر لەبەر خوێندن نەمتوانی ژن بێنم، بەڵام ئێستا زۆر بەجدی بیرم لەوە کردۆتەوە کاتی ئەوە ھاتووە ژن بێنم، بەتایبەت من زۆر حەزم لە منداڵە، بۆ نموونە ئەگەر من شەست ساڵ بژیم، کە خۆم دامناوە شەست ساڵ بژیم، لەوانەیە زیاتر یان کەمتر بژیم، بەڵام نیوەی تەمەنم بەتەنیایی تێپەڕ کرد، لەبەرئەوە راستە کاتی ئەوە ھاتووە، دواجار دیسان دەگەڕێتەوە بۆ قسمەت و نەسیب.
زانا دڵشاد دزەیی: ئەو تەنیا بڕیاری خۆتە، یان دایک و باوکیشت پێتدەڵێن ژن بێنە، چونکە بەو پێەی تۆ کوڕی گەورەی ماڵی؟
ھەڵبەست سەڵاح: بێگومان زۆربەی کات دایک و باوکم پێم دەڵێن ژن بێنە، تەنانەت دوو برای لەخۆم بچووکتر ھەن خێزانیان پێَکھێناوە و منداڵیشیان ھەیە، لەبەرئەوە دایک و باوکم ئەوەندە پێم دەڵێن ژن بێنە تاقەتی ئەوەیان نەماوە دووبارەی بکەنەوە.
زانا دڵشاد دزەیی: ئەی تۆ وەک برا گەورەیەک بە ھەردی برات نەگوتووە ئەویش ژن بێنی؟
ھەڵبەست سەڵاح: بەپێکەونینەوە، زۆرجار.. بەڵام ئەو دەڵێت تۆ براگەورەی سڕەی تۆیە.
پڕۆفایلی ھونەرمەند:
+ ساڵی ١٩٨٠ لە رانییە لەدایکبووە.
+ ساڵی ٢٠٠٩ بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لەبواری موزیک بەدەستھێناوە.
+ ئێستا سەرپشتیاری گروپی موزیکی کوردە.
+ زیاتر لە ١٥ ئاوازی بۆ گەنجە گۆرانیبێژەکان داناوە.
+ خاوەن دوو کلیپی موزیکە.