ئامانجی هەموو دەزگایەکی ڕاگەیاندن ئەوەیە ڕاستی و ناوەڕۆکی هەموو هەواڵ و زانیاری و بابەتە ڕۆژنامەنووسییەکان، وەکو خۆی و بە جوانترین شێواز، لە چوارچێوەی ئاکاری پیشەیی ڕۆژنامەوانیدا بە وەرگر بگەیەنێت، بێگومان زۆرینەی هەرە زۆری ئەو (میساقی شەرەف)انەی لە نێوان ڕۆژنامەنووساندا دەنوسرێتەوە ئیمزای دەکەن و پێوەی پابەند دەبن لە کاری ڕۆژانەی ڕۆژنامەنووسییاندا، باس لەوە دەکەن کە دەستپاکی و ئەمانەت پارێزی و پێدانی مافی بڵاوکردنەوە، ڕەگەزێکی سەرەکی ئەو میساقی شەرەفەیە.
هەموومان کاتێک بابەتێکی ڕۆژنامەوانی بڵاودەکەینەوە، زۆر دڵخۆش دەبین، ئەو دڵخۆشییەمان زیاتر دەبێت، کاتێک ئەو بابەتە کۆ دەنگی خەڵک بوورووژێنێت، خۆ ئەگەر لە میدیا و کەناڵی تریشەوە بەتایبەت کەناڵی بیانی، ئاماژە بەو بابەتە و سەرچاوەکەی و ناوی ڕۆژنامەنووسەکەی بکرێت، ئاوا شاگەشکە دەمانگرێت. زۆر چاریش ئەو منەتەمان بە سەر هاوکار و هاوپیشەیەکی خۆماندا کردووە، کە هەواڵێکی (( من )) بووتە هەوێن، فیکرەی ڕاپۆرتێک، بەدواداچوونێکی (( ئەو )). هەرچەند کەم ڕاپۆرت و بەدواداچوون و ……….. ڕۆژنامەوانی هەیە فیکرەی لە کارێکی ڕۆژنامەوانی پێشتر وەرنەگرتبێت، ڕەنگە زۆر ئاسایی و سروشتیش بێت، کەسێک کە هەواڵێکی لە دەزگایەکی ڕۆژنامەوانیەوە دەست دەکەوێت، خۆی بە خۆی بەدواداچوونی بۆ بکات، لێدوانی هەمان سەرچاوەی بۆ وەربگرێت، کە دەزگا ڕۆژنامەوانیەکەی تری لێدوانی لێوەردەگرێت.
ئەوەی مایەی نیگەرانیە و دەمەوێت لێرەدا ئاماژەی بۆ بکەم ئەو حاڵەت و بارە ناهەموارو نەخوازراوەیە کە هەندێک ڕۆژنامەنووس و دەزگای ڕۆژنامەنووسی لە بڵاوکردنەوەی هەواڵدا پەنای بۆ دەبەن. دەبینی جاری وا هەیە ئەمانەت نەپاراستن دەگاتە ئەو ئاستەی کە هەواڵێک لە دەزگایەکی ڕاگەیاندنەوە بڵاودەبێتەوە (زۆر جار ئەم حاڵەتە لە سایتەکاندا زیاتر هەیە)، دەزگایەکی تری وەکو خۆی بڵاوی دەکاتەوە. تەنها ناوى(ڕۆژنامەنووس )ەکەو (دەزگاکە) دەگۆڕێت، بەبێ ئاگادارکردنەوە و وەرگرتنی مۆڵەت لە دەزگا و ڕۆژنامەنووسە ڕەسەن و خاوەن بابەتەکە، واتە کۆپى دەکاتەوە بەناوى خۆیەوە. حاڵەتێکی تری لەم بوارە، هەندێک دەزگا و ڕۆژنامەنووس لە بڵاوکردنەوەی هەواڵدا تەنها دەڵێن فلان سەرچاوە ڕایگەیاند بەبێ ئەوەی ئاماژە بەو سەرچاوەیە بکەن کە لایەنی بەرپرس و لێدواندەر لێدوانی بۆ داوە، لە کاتێکدا کە ئەو دەزگایەی کە وەک دەستی دووەم لێدوانەکە بڵاو دەکاتەوە بەشداری نییە لە ئاژانسێکی نێودەوڵەتی هەواڵ تابڵێین ئەو لێدوانە بۆ ئاژانسێکی هەواڵی نێودەوڵەتی داوە. یان خودی هەواڵەکە ئەو هەواڵە نییە کە ئاژانسی نێو دەوڵەتی شوێنی بکەوێتء بڵاوی بکاتەوە، بۆیە بەبێ سێ و دوو لێکردن و دوو دڵی دەزانی ئەو هەواڵە ((دزراوە)).
هەندێکجار ڕادیۆ و تەلەفزیۆنەکان بەلای خۆیانەوە ئەمانەت پارێزی دەکەن و مافی بڵاوکار پێشێل ناکەن لە سەرەتای هەواڵ و لە یەکەمین بڕگەی لێدوانەکەدا، ناوی ئەو دەزگایە دەبەن کە سەرچاوەکە لێدوانەکەی بۆ داوە، بەڵام لە هەموو بڕگەکانی تری لێدوانەکەدا، تەنها دەڵێن ڕایگەیاند، کە ئەمەش خۆی بۆ خۆی خواردنی مافی خەڵک و پێشێلکردنی سەروەری ئەوە. لە کاتێکدا دەزگ و کەناڵە پرۆفیشناڵەکان، لیدوانی کەسێک، سەرچاوەیەک بڵاو دەکەنەوە کە پێشتر هەر بۆ خۆیان ئەو لێدوانەی داوە و بڵاویان کردۆتەوە، دەڵێت ئەو لێدوانە لە بڵاڤۆک (نشرە)ی پێشتریان بەرنامەی ( ………. ) دراوە. چ جای ئەوەی لێدوانی بۆ کەناڵ و دەزگایەکی میدیای تر دابێت.
محەمەد عەلى وەلى