دەریــــا ـــ زانکۆ پرێس: لیۆنێل میسی ئەو ئەستێرە ناودارەی مێژووی تۆپی پێیە کەتوانیوویەتی لە سەرەتای تەمەنی خۆیدا ببێتە ھاوشانی کۆڵەکە سەرەکیەکان و داھێنەرانی تەکنیک و ھونەر و جموجۆڵە سەرسورھێنەرەکانی تۆپی پێ. بە جۆرێک کە زۆربەی ئەو یاریزانانەی کە بەر لە دەرکەوتنی میسی خۆیان بە پادشای تۆپی پێ و ئەستێرەی مێژوویی ئەو یاریە دەزانی ، ئەمڕۆ دوای دەرکەوتنی لیــۆ ترسی شکاندنی ھەموو ژمارە پێوانەییەکان و بەزاندنی سنووری ئەنجام و دەسکەوتە بێ وێنەکانیان ھەیە و تەنانەت چەندین ئەستێرەی وەکو پێلی و کرۆیف و مارادۆنا لە ئێستادا بەشێوەی گفتوگۆی بەھێز و رکابەری ئاسا کەوتتونەتە بەرامبەر میسی و لە ھەوڵدان بۆ مانەوەی شکۆی پێشووی خۆیان.بەپێی لێکدانەوە سەرەتاییەکانی ئەوانەی کە ھەواداری ئەو یاریزانەن و ھیچ زانیاریەکی دروست و زانستیان بۆ شیکردنەوەی توانا شاراوەکانی ئەو ئەستێرەیە نیە دەڵێن کە چەند خاڵێک ھەیە دەبێتە ھۆی نیشاندانی ئاستی بەرزی یاریکردنی لیۆنێل میسی لەوانە ::
١ـ خێرایی و کۆنترۆلکردنی تۆپ:
میسی تاکە یاریزانە کە بەم شێوازە کۆنترۆلی تۆپ دەکات، بۆ نموونە ئەو بەوپەڕی خێرایی رادەکات بێ ئەوەی تۆپ لە قاچی دوور بکەوێتەوە، لە کاتێکدا یاریزانەکانی دیکەی وەک کریستیانۆ رۆناڵدۆ و ئاریێن رۆبن کە بە خێرایی ناسراون، شێوازێکی دیکەیان ھەیە، ئەوان تۆپ بۆ مەودایەکی درێژ فڕێ دەدەنە پێش خۆیان ئینجا دوای دەکەون، بەڵام میسی لە مەودای یەک مەتردا نزیکەی سێ جار پێ لە تۆپ دەدات لە کاتی خێراترین راکردنیدا.
٢ـ کارامەییە دەگمەنەکان:
یاریکردن و ھێنان و بردنی تۆپ لە بەردەم یاریزانی یانەی بەرامبەر، چەندین شێوازی جیاجیای ھەیە، یەکێک لەوانە زەحمەتە و پێویستیی بە توانای جەستەیی و وردبینیەکی گەورە ھەیە و کاتێکی گونجاویشی دەوێت وەک ئەوەی کە ھێرشبەرانی ھاوشێوەی رۆناڵدۆ و رۆبینھۆ و رۆناڵدینھۆ ئەنجامی دەدەن، بەڵام ئەوەی میسی دەیکات شتێکی دیکەیە، ئەو بە چاوتروکانێک فیڵ لە یاریزانی بەرامبەر دەکات و ھیچ کاتێکی پێ ناکوژێت، بەڵکو زۆر بە ئاسانی لێی دەردەچێت و وایلێدەکات لە شوێنی خۆیدا رەق بێتەوە و وەک پەیکەرێک دەستەوسان بوەستێت، کەواتە میسی گرنگی بە جووڵەی جوان و سەرنجڕاکێش نادات، بەڵکو تەنیا بیر لە بەرژەوەندی و خێرایی ھێرش دەکاتەوە.
٣ـ ھزرێکی بیرمەندانەیی کەموێنە:
بیرمەندی و ھاوسەنگی ئەو دوو چەکەن کە میسی لە ھێرشبردندا بەکاریان دێنێت و بە ھۆیانەوە بەسەر ھەر یاریزانێکی بەرامبەریدا زاڵ دەبێت. ئەو باش دەزانێت لە چ کاتێکدا چ رەفتارێک بەرامبەر تۆپ دەکات و پاس دەداتە کێ، لە چ کاتێکدا تۆپ لای خۆی دەھێڵێتەوە، چ کاتێکیش لێدانی بەھێز ئەنجام دەدات. ھەروەھا میسی یاریی بەکۆمەڵ دەکات و ھەماھەنگی لەگەڵ ١٠ یاریزاندا دەکات. بۆیە ھەمیشە باشترین گۆلکار و باشترین دروستکەری گۆلە.
٤ـ لێدانە دەگمەنەکان:
لە یاریزانی یەکەم و دووەم و سێیەم دەردەچێت لێدانێکی کوشندە بەرەو تۆڕ لێدەدات. ئەمە وتەی سەرزاری بێژەرانی یارییەکانە لە زۆربەی ئەو یارییانەی میسی یارییان تێدا دەکات. رەنگە ئەو رستەیە بۆ میسی بەرامبەر بە ھەر گۆلچییەک دووبارە بووبێتەوە، وەک ڤان دێرسار و کاسیاس و چەندانی دیکە. لێدانی دووری بەھێز و لێدانی نزیک بە شێوەی ئاودیوکردن بەسەر گۆلچییەکانیش ئەو شێوازەیە کە میسی پشتیان پێ دەبەستێت و، لە زۆربەی حاڵەتەکانیشدا سەرکەوتوون.
٥ـ ھێز و توانای جەستەیی:
میسی بێھێز و لاواز نییە بەو شێوەیەی ھەندێک باسی دەکەن، چونکە یاریزانێک بتوانێت بەرامبەر بە سەختترین تاوەرە بەرگریکار و ناوەڕاستەکانی ئەوروپادا خۆی رابگرێت، بێگومان یاریزانێکی بەھێزە، ئەوەی لە ھەر وەرزێکدا زیاتر لە ٥٠ یاری ئەنجام بدات ناکرێ بە لاواز و بێھێز ھەژمار بکرێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە میسی لاشەیەکی بەھێز و توانایەکی جەستەیی زۆری ھەیە، لە ھەمان کاتیشدا قەبارەیەکی بچووک و نەرمی ھەیە کە بەھۆیەوە دەتوانێت خۆی لە پێکان رزگار بکات.
٦ـ بەرگریکار ھەوڵی بەردەوام:
لە زۆربەی یارییەکاندا، ھێرشبەرر ھیچ پەیوەندییەکی بەوە نییە ھەوڵی لێسەندنی تۆپ لە یاریزانی تیپی بەرامبەر بدات بەڵکو ئەوە کاری یاریزانی ناوەڕاست و بەرگریکارە، ئەو تەنیا تۆپەکەی بۆ رەوانە دەکرێت، بەڵام ئەوەی یاریکردنی میسی ببینێت شتێکی دیکە دەخوێنێتەوە، کە ھەمیشە بوێرانە ھێرش بۆ سەر یاریزانی بەرامبەر دەبات و بەوپەڕی متمانەوە ھەوڵ دەدات تۆپەکەی لێ بسەنێتەوە.
٧ ـ چاڤی و ئینێستا:
زۆربەی ئەوانەی رقیان لە میسی دەبێتەوە باس لەوە دەکەن کئ نھێنیی سەرکەوتنی میسی بریتییە لەو پاسانەی لەلایەن چاڤی و ئینێستاوە پێی دەگەن، بەڵگەشیان بۆ ئەم قسەیە ئەوەیە کە میسی نەیتوانیوە شتێکی ئەوتۆ لەگەڵ ھەڵبژاردەی ئەر جەنتین بکات، بەڵام لە راستیدا ئەمە بۆ”.چوونێکی ھەڵەیە، چونکە بە گوتەی خودی پیپ گواردیۆلای راھێنەری بەرشلۆنە “میسی بزوێنەری سەرەکیی بەرشلۆنەیە