هونەرمەند چۆپی فەتاح بەچەند پڕۆژەیەكی هونەری گەڕاوەتەوە كوردستان و لەم چاوپێكەوتنەیدا باسی سەردەمی منداڵیی خۆی دەكات و هەندێ لایەنی ژیانی خۆیشی ئاشكرا دەكات، لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێت “پێم خۆشە سنورێك لەنێوان ژیانی هونەریم و ژیانی ئاساییمدا دابنێم”.
پرسیار: ئەگەر بەكورتی باسی سەردەمی منداڵی خۆتمان بۆ بكەی، ئەوكاتەی كە لەكوردستان بوون؟
چۆپی: من هەتا تەمەنی سێ ساڵیم لەكەركووك بووم، بنەماڵەی ماڵی باوكم لەكەركووك بنەماڵەیەكی زۆر گەورەیە، وەكو باوكم باسی دەكات زیاتر لە 70 خوشكەزا و برازای هەیە، بۆیە هەردەم ماڵی ئێمە قەرەباڵغ و پڕ لەمنداڵ بوو، چونكە لەگەڵ دادەمدا “دایكی باوكم” لەیەك ماڵدا دەژیاین و زوو زوو مام و پورەكانم و منداڵەكانیان دەهاتن بۆ ماڵی ئێمە و ئیتر ئێمەش لەباخچەكەماندا لەپاڵ دارەكاندا خۆمان دەشاردەوەو چاوشاركێمان دەكرد.
پرسیار: ئەم هاوڕێیانەی باسیان دەكەی لەگەڵ هیچیان پەیوەندیت ماوە؟
چۆپی: بەڵێ، بۆ نموونە كچە پوورەكانم ناوی گەشەیە، ئێستا لەهۆڵەندایە و دكتۆری ددانە، نێوانمان زۆر باشە و پەیوەندییەكانمان بەردەوامە، زۆری تریان هەن كە ناتوانم لەبیریان بكەم و بەبەردەوامی لەیەكتر دەپرسینەوە.
پرسیار: ئەو یاریانەی بەمنداڵی حەزتدەكرد بیكەی چی بوون؟
چۆپی: بە بووك زۆر یاریم دەكرد و دایكم دەستی خەیاتی هەیە، زۆرجار جلی نوێی بۆیان دەدوری و منیش پێم خۆشبوو زوو زوو جل و پۆشاكی بووكەكانم بگۆڕم، پێموابوو دەبێت رازییان بكەم و بەبێ جیاوازی خزمەتیان بكەم، ئێستاش یەكێك لەو بووكانەم ماوە.
پرسیار: بۆچی بەتەنیا ئەو بووكەیان، هیچ جیاوازی هەبوو لەگەڵ بووكەكانی ترت؟
چۆپی: ئەوكاتە باوكم هاوڕێیەكی ئەندازیاری هەبوو میسری بوو بەناوی “زەكەریا” منی زۆر خۆشدەویست، جارێكیان سەفەری كەسوكاری خۆی كرد لەقاهیرە و لەگەڕانەوەیدا ئەو بووكەی بەدیاری بۆ هێنام، هەر كە بینیم زۆر حەزم لێی كرد، بووكێكی زۆر گەورەیە و چاوەكانی دەجولێن و زۆر بەڕاستی دەچێت، ئەو دەمە من زۆر تەماشاییم دەكردو ئەگەر راستییەكەشی بڵێم هەندێجار چاوەڕێی ئەوەشم لێی دەكرد قسەم بۆ بكات.
پرسیار: كاتێك چوویتە دەرەوە منداڵ بووی، كە وەزعی منداڵانی ئەوێت بینی و هی كوردستانیشت بینی، هەستت بەچی كرد؟
چۆپی: ئێمە كاتێك دەرچووینە دەرەوە شەڕی عێراق و ئێران بوو، زۆرجار بۆردومان دەكراین و منداڵان لەبۆردومانی فڕۆكەكان دەترسان، بەڵام كاتێك چووینە هۆڵەندا بەشتی ترەوە خەریك بوون و دووربوون لەشەڕ و شۆڕ، ئەوكاتە جیاوازییەكەم بەروونی بینی. لەئاشتی خۆشتر نییە، خۆزگە منداڵانی هەر چوار پارچەی كوردستان و هەموو منداڵانی جیهان دووردەبوون لەشەڕی گەورەكان.
پرسیار: دەڵێن چۆپی زۆر حەز لەكەباب دەكات، وایە؟
چۆپی: وەڵڵا حەزم لەكەباب هەیە، بەڵام نەك هەموو كەبابێك، هەندێكیان زۆر خۆش دروستی دەكەن، بەڵام حەزم لەسەروپێش هەیە، هەفتەی پێشوو لەماڵی بابا “باوكی دایكم” بووم لەسلێمانی خاڵە پێشڕەویشم لەوێ بوو، كاتژمێر سێونیوی شەو ترۆمبلیمان دەركرد و گەڕاین بەدوای سەروپێدا و كاتژمێری چواری سەرلەبەیانی هێنامانە ماڵەوە، بەبێ ئێوە ناخۆش زۆر بەتام و خۆشبوو.
پرسیار: هیچ بەهرەیەكی شاراوەت هەیە؟
چۆپی: من ناتوانم ناویان بنێم بەهرە.
پرسیار: خۆشەویسترین كەسایەتی سیاسی لای تۆ كێیە؟
چۆپی: ئەوەی كە دژی شەڕی دووبەرەكییە لەسەر ئاستی كوردستانی گەورە.
پرسیار: قەت قەڵەو بوویت؟
چۆپی: من پێم باشە مرۆڤ قەڵەو نەبێت، بەڵام لاوازی زۆریشم هەر لاجوان نییە.
پرسیار: حەز بە سەیران و سەفەر دەكەی؟
چۆپی: بەڵێ، بەڵام لەسەر یەك نەبێت، هەر چەندە ئەوە بۆمن ناگونجێت، جاری وا هەبووە لەچوار رۆژدا سێ گەشتم كردووە.
پرسیار: سەفەری كوێ بەلای تۆوە خۆشە؟
چۆپی: لەگەڵ هاوسەرەكەم چووینە مەكسیك زۆرم بەدڵ بوو، وڵاتێكی خۆشە و خەڵكەكەی زۆر بەڕێزن.
پرسیار: وەك دوو هونەرمەند پەیوەندی تۆ و زەكەریا عەبدوڵڵا چۆنە؟
چۆپی: نەخێر پەیوەندیمان نییە.
پرسیار: هیچ شتێك هەیە لێی پەشیمان بی؟
چۆپی: پەشمانیم بەخۆمەوە نەبینیووە.
پرسیار: لەگەڵ جگەرەكێشان چۆنی؟
چۆپی: هەرگیز نەمكێشاوە و ناشمەوێت نزیكی بكەومەوە.
پرسیار: زۆربەی هونەرمەندانی كچ بە پرسیاری “شوكردن” و “تەمەن” تووڕە دەبن، تۆ بەچ پرسیارێك توڕە دەبی؟
چۆپی: كاك زانا من پێم خۆشە سنورێك هەبێت لەنێوان ژیانی هونەریم و ژیانی ئاساییمدا، دیارە پرسیارەكانی بەڕێزتان زیاتر كۆمەڵایەتی و گشتین.
پرسیار: دووجار بۆ قۆتابیانی كۆلێژ كۆنسێرتت كردووە، لەكاتی تێكەڵاویت چۆن موعجیبی خۆیان بۆت دەردەبڕن؟
چۆپی: خوێندكارانی زانكۆ هەردەم بەڕێزن و توێژێكی گرنگی ئەم كۆمەڵگایەی ئێمەن و خۆشم هەر خوێندكارم، هەردەم هاندەری منن لەكارە هونەرییەكانمدا.
پرسیار: هەست ناكەی لەو ماوەیەدا هەندێ لەكەناڵە كوردییەكان دژایەتی تۆ دەكەن و كەمتر لەجاران كلیپەكانت پەخش دەكەن؟
چۆپی: نازانم رەنگە هەندێ كەناڵەكان كەمتر پەخشی بكەن، بەڵام من كاتی سەیركردنی تیڤییەكانم نییە، هەرچەندە من هەموو كەناڵەكان وەك یەك تەماشا دەكەم و هەردەم بەبێ بەرامبەر كلیپەكانی خۆمیان پێشكەش دەكەم.
چاوپێکەوتن: زانا دلشاد دزەیی – سیڤیل