خەڵک وادەزانێ دوکانی خەیاتیم ھەیە، بەڵام لە ژیانم خەیاتیم نەکردووە
چاوپێکەوتن: زانا دڵشاد دزەیی
نزار سەلامی دوای بەشداریکردنی لەچەند زنجیرە درامایەک و چەندین فیلم و کورتە فیلم، ئێستا ئەکتەرێکی ناسراوی کوردە، ساڵی ١٩٧٨ لەشاری سلێمانی لەدایکبووە، تاقۆناخی ئامادەیی خوێندووە، ئێستا باوکی دوو کچە “ئەرینا و یارا”. ئەو وا باسی “رووپاک”ـی خێزانی دەکات و دەڵێت “راستە ئەو ھونەرمەند نییە، فەرمانبەرە، بەڵام ھونەردۆستێکی زۆر باشە و زۆر ھاوکاریم دەکات”. زنجیرە درامای ئاکامی نھێنییەکان نوێترین کاری نزار بوو، کە رۆڵی “نەبەز”ـی بینی، دراماکە چیرۆکێکی راستەقینە بوو کە باسی لەخیانەتی پیاو بەرامبەر بە ژن دەکرد، بەڵام دراماکە بەر رەخنەی چالاکوانانی مافی ئافرەتان کەوت، پێیان وابوو دراماکە ئافرەتان فێری ئەوە دەکات ماڵ جێبێڵن. نزار سەلامی لەم چاوپێکەوتنەی لەگەڵ (سڤیل) باسی ئەم درامایە و کارەکانی پێشووی دەکات و دەڵێت “بە سەدان ئافرەت ھەیە رۆڵی نەبەز دەگێرن و خیانەت لە پیاوەکانیان دەکەن”.
سڤیل: دوایین کارت درامای “ئاکامی نھێنییەکان” بوو، بەڵام لەدراماکەدا ئەوەندەی باس لەخیانەتی پیاو بەرامبەر بەژن کرا ئەوەندەش باس لەخیانەتی ژن نەکرا، پێتوا نییە ئەوە کەموکوڕییەکی دراماکە بوو؟
نزار سەلامی: بەڵێ باسمان لەچەوساندنەوە و خیانەت بەرامبەر بە ئافرەت کردووە، کە لەئەنجامدا ئافرەتەکە دەبێتە قوربانی، بەڵام لەھەمانکاتدا ئێمە ئیشمان کردووە لەسەر توندوتیژی دژی ژنان، دراماکە یەکێک لەو چیرۆکە راستەقینانەی کە روویداوە، من وەک نزار ھەوڵمدا بەبیری رێکخراوەکانی مافی ژنان بێنمەوە کەسانێک ھەن وەک نەبەز بەو عەقلیەتە بیردەکەنەوە تەنیا پارە و سامان ھەموو شتێکە، بەڵام کاتێک من خودی خۆم کە ئیشم لەسەر ئەوە کردووە دەشزانم بە دەیان و بە سەدان ئافرەت ھەیە کە رۆڵی وەک نەبەز دەگێڕن لەگەڵ مێرد و منداڵەکانیان، خیانەت دەکەن، بەڵێ وایە ژنانیش خیانەت لە مێردەکانیان دەکەن، بەڵام ئێمە لە دراماکە کارمان لەسەر ئەو کەیسانە کردووە کە بوونیان ھەبووە.
سڤیل: بۆچی تائێستا لەھیچ شانۆگەرییەک بەشداریت نەکردووە؟
نزار سەلامی: بیرم لەوە کردۆتەوە لەکامە رێگا دەتوانم خزمەت بکەم لەو رێگایە ئیش بکەم، راستە تائێستا لەشانۆ بەشداریم نەکردووە، دووەم ھۆکار سەیردەکەم کۆمەڵێک ئەکتەری گەنج و بەتەمەن لەو شانۆ کار دەکەن توانایەکی زۆر جوانیان ھەیە و لەمن باشترە دەتوانن لەشانۆدا رۆڵ ببینن، تائێستا من بیرم لەوە نەکردۆتەوە رۆژێک لەرۆژان لەسەر شانۆ خۆم ببینمەوە و بەشداری کاری شانۆیی بکەم، ھەروەھا خولیا و حەزی من شانۆ نییە.
سڤیل: ئەی بۆچی لەزنجیرە درامای گەردەلوول بەشداریت نەکرد، پێت نەگوتراوە یان خۆت نەتویستووە بەشداری بکەی، ھۆکارەکەی چییە؟
نزار سەلامی: لەبەشی سێیەم داوام لێکرا بەشداری بکەم، بەڵام ویستی خۆم لەوە نەبووە بەشداری لە درامای گەردەلوول بکەم، مەبەستم ئەوە نییە بڵێم گەردەلوول کارێکی خراپ بووە، چونکە ھیچ کارێک بەخراپ نازانم، بەڵام تەمەنا دەکەم خۆشم وەک بینەرێک کاری جوان ببینم، دەتوانم بڵێم بەشداری نەکردنم لە درامای گەردەلوول چەند ھۆکارێک بوو پەیوەندی بە شەخسی خۆمەوە ھەیە.
سڤیل: جێھێشتنی ھەولێر و گەڕانەوەت بۆ سلێمانی پەیوەندی بە ژیانی تایبەتی خۆتانەوە ھەبوو یاخود لەبەر کاری ھونەری بوو، چونکە وەک ئەکتەرەکان باسی دەکەن دراما و شانۆ لەسلێمانی لەگەشەدایە و لەھەولێر سستە؟
نزار سەلامی: ھەموو شارەکان بەشاری خۆم دەزانم، کاتێک لەھەولێر بووم چەند کارێکی ھونەریم ئەنجامدا، کە چوومەوە سلێمانی بۆ بەشداریکردنم بوو لە فیلمی سینەمایی “ژانی گەل” دوای ئەو فیلمەش چەند کارێکی دیکە کرا و بەشداریم تێداکرد، ئەوە وایکرد لە سلێمانی بمێنیمەوە، بەردەوام وامگوتووە لە ھەولێر پەروەردەکراوم و لە ھەولێریش ناسرام، لەھەر شارێکیش بووبم حەزم کردووە لەوێ خزمەت بکەم ئێستاش ئەوەندەی چوومەتەوە بۆ سلێمانی چەندین کاری فیلم و درامام کردووە، کەواتە لەبەرئەوە بووە یەکەم شت سلێمانی شاری لەدایکبوونمە، دووەم شت لەبەرئەوەی وەک خۆت گوتت لەم چەند ساڵەی رابردوو کارە ھونەرییەکانم لە سلێمانی بووە.
سڤیل: جگە لە نواندن ج بەھرەیەکی ترت ھەیە، دەڵێن خەیاتێکی چاکی، بەڵام لەبەر نواندن وازت لێھێناوە؟
نزار سەلامی: زۆرجار رووبەرووی ئەو پرسیارە بوومەتەوە بۆچی دوکانی خەیاتیەکەت نەماوە؟ یەکەمجار زۆرم پێسەیر بوو، بەڵام زانیم ئەوە من نیم بەڵکو کاک کارزانە، زۆر کەس وادەزنێ من خەیاتم، بەڵام ئەوە من نیم، بەڵکو ھاوڕێیەکم ھەیە کاری نواندنیشی کردووە بەناوی کاک کارزان، زۆر کەس وادەزانێ منم، بۆیە ئەوە روویداوە چونکە من و کاک کارزان زۆر تێکەڵاوین و ھاتووچۆی دوکانەکەم کردووە ئەوە وایکردووە، خەڵک وابزانێ من خەیاتم، بەڵام لەژیانم خەیاتیم نەکردووە، خۆزگە بمزانیایە بۆئەوەی لەوەش خزمەتم بکردایە.
سڤیل: دوای زنجیرە درامای مەمی ئالان، ئەو ئەکتەرەی رۆڵی خاتوو زینی بینی وازی لەکاری ھونەری ھێنا، زانیاریت لەسەر ئەوە ھەیە بۆچی وازی ھێنا؟
نزار سەلامی: راستە من و خاتوو تەلار رۆڵی سەرەکیمان ھەبوو لەدرامای مەمی ئالان، بەڵام ھاوڕێتی و تێکەڵاوییەکی زۆرمان نەبوو تابزانم بۆچی وازی ھێناوە، بەڵام ئەوەندە دەزانم لەدوای دراماکە شووی بە کاک ھێمن کرد.