(گەزیز عومەر) : “ئەگەرچی بەشێکی زۆری ئاواتە ھونەرییەکانم نەھاتنە بوون، بەڵام ئومێدوارم ئەو درامایە بھێنمە بوون!”.
خانمە ھونەرمەندی بە ئەزموونی شانۆکار (گەزیزە عومەر) یەکێکە لە خانمە دیارەکانی بواری شانۆ و درامای کوردیی، ئەو ھەر لەتەمەنی مناڵیەوە لە رێگەی ھونەرمەندی گەورەی شانۆکار (م/ عومەر عەلی ئەمین)ـی باوکی، ھاتۆتە سەر تەختەی شانۆ، وەک ئەکتەرێکی بەتوانا ھاتۆتە نێو کۆڕی شانۆکارانەوە، ھەر لەو سەردەمەدا باوکی تیپێکی شانۆیی لە ساڵی (١٩٦٨) دادەمەزرێنێت و ئەو تیپە ناو دەنێت (تیپی ھاوڕێانی گەزیزە) تا ئێستاکەیش ئەو تیپە ھەر بەو ناوە ماوتەوە، ئەو مناڵەی لە ساڵانی ھەشتاکان ئەو تیپەی بەناوی ئەو کرا، لە ئێستا خۆی سەرۆکی ئەو تیپە شانۆییە، کە ئەویش خانمە ھونەرمەند (گەزیزە عومەر)ـەو درێژە پێدەری کاروانەکەی (مامستا عومەر عەلی ئەمین)ـی باوکیەتی.
ئەو خانمە ھونەرمەندە دوای نزیکەی (٤٠) ساڵ کار کردن لە کاری ھونەریی نواندن، بەڵام تا ئێستاکە چەند ئاواتێکی نەھاتۆتە دی، چونکە ئەو خەونە گەورەیەی کە دەمێکە دەیبینێت و دەیەوێ ئەو خەونانە بکاتە چەند کارێکی جوان و بیخاتە سەر خەرمانی ئەرشیفی کارە ھونەرییەکانی، لە دیدارێکی دا بۆ خوێنەرانی “ھەولێر” چەند باسێکی لە کارە ھونەرییەکانی خستە روو، ھەروەھا ئەو ئاواتانەشی کە ھەیەتی ئارەزوو دەکات بێنێتە دی.
لە دەستپێکی ئەو دیدارەدا خانمە ھونەرمەندی شانۆکار (گەزیزە عومەر) دەربارەی کار و چالاکییەکانی تیپەکەی گوتی : “ئەم ساڵ بەرھەمێکی زۆر باشمان ئامادە کرد، لەچەندیین ناوچەو شارۆچکە جیا جیاکانی کوردستان نمایشمان بۆ کرد و بینەرێکی زۆریش ھاتن بۆ بینینی، دیارە ئەو بەرھەمەش لە ژێر ناوی (موختار و ژنانی گەڕەک) بوو، ھونەرمەندانی تیپەکەشمان (ھاوڕێانی گەزیزە) بە شێوازێکی جوان توانیان ئەو بەرھەمە پێش کەش بکەن”.
لە بەشێکی دیکەی ئەو دیدارەدا لەبارەی ئاستی درامای کوردی لە ئێستادا ئەو خانمە ھونەرمەندە گوتی : “بەداخەوە ئاستی درامای کوردیی لە ئاست ئەو خەونە گەورەیە نەبوو، کە ئێمەی ھونەرمەندی کورد ئاواتمان بۆ دەخواست، لە ئێستادا ئەوەی بووە بە باو لەلایەن زۆربەی تەلەفزیۆنەکان بەرھەم ھێنان و دۆبلاژکردنی بەرھەمە بیانییەکان و تورکییەکان و کۆرییەکانە، کە ئەو پارەی بۆ دۆبلاژکردنی ئەو درامایانە دابین دەکرێت ساڵانە، دەتوانرێ ھەموو ساڵێک چەند درامایەکی کوردی لێ بەرھەم بھێندرێت، بەداخەوە لە ئێستادا جگە لەھەوڵی چەند دەرھێنەرێک، کە لەپەنجەی دەست تێپەڕ ناکات، ھیچ بەرھەمێکی درامی کوردیی نابینین”.
(گەزیزە عومەر) لەبەشێکی دیکەی ئەو دیدارەدا ئەوەشی خستە روو تاکە ئاواتی ئەوەیە زنجیرە درامایەکی تەلەفزیۆنی نووسیوەو دەیەوێ خۆی کاری دەرھێنانی بۆ ئەنجام بدات و بیھێنتە بوون و دەڵێت : “ئێمەی ھونەرمەندان خەونمان زۆرن، کە بەداخەوە تا ئێستاکە نەھاتوونەتە دی، دیارە خەونی ئێمەی ھونەرمەند تەنیا بریتیە لە کاری ھونەریی جوان، بەداخەوە بۆ زۆر ھونەرمەند بە درێژایی تەمەن حەسەرەت بۆ خەونەکانیان دەخوازن، بەڵام مخابن زۆربەیان بەدەم ئەو خەونانە سەر دەنێنەوە، تاکە ئاواتی ھونەرییم ئەوەیە ئەو زنجیرە درامایەی لە ژێرناوی (ھەنگاوەکانی سەرخۆڵەمێش) کە ماوەی (٢) ساڵە کاری نووسینم بۆ ئەنجامداوە، بەرھەمی بھێنم و پێش کەشی بینەری کورد و ئەرشیفی درامای کوردیی بکەم، بەڵام بەداخەوە تائێستاکە ھیچ کەس و لایەنێک پشتکگیری ئەو پرۆژە ھونەرییەی نەکردووم، لەکاتێکدا ئەو درامایە پڕە لەچەندیین بابەتی کۆمەڵایەتی گرنگ و بەشێوازێکی زۆر تازە کاری نووسینم بۆ ئەنجامداوە، ھەروەھا بۆیەکەم جاریش لە مێژووی درامای کوردیی دا ئافرەتێک کاری دەرھێنان بۆ درامایەکی کوردیی ئەنجام دەدات، بۆیە ئومێدەوارم ئەو ئاواتە ھونەرییەم بێتە بوون، ئەگەرچی بەشێکی زۆری ئاواتە ھونەرییەکانم نەھاتنە بوون، بەڵام ئومێدێکی زۆرم بەو کارەم ھەیە کە ئەگەر بیھێنمە بوون، ئەگەر ھیچ کارێکی دیکەش ئەنجام نەدەم خەمی بۆ ناخۆم”.
خانمە ھونەرمەند (گەزیز عومەر) لەبەشێکی دیکەی ئەو دیدارەدا ئەوەشی باسکرد : “یەکێکی دیکە لە ئاواتەکانم ئەوەیە تا لە ژیان ماوم بتوانم سەفرێکی حەجی ماڵی خوا بە ئەنجام بگەینم و ئەو فەرەزە بە ئەنجام بگەینم، چونکە من لە ژیانمدا زۆر پێویستم بەوەیە سوپاسی خوای گەورەو میھرەبان بکەم، کە زۆر شتی جوانی پێ بەخشیووم، ئەوەی کە ھەمە ھەمیشە سوپاس گوزارم بۆ یەزدانی باڵادەست، بۆیە ئومێدەوارم بتوانم ئەو گەشتە رۆحیە بۆ ماڵی خوا ئەنجام بدەم”.
(گەزیزە عومەر) ھەر لەو دیدارەدا ئەوەشی گوت : “من پێویستە لە ھەموو دیدارێکی ھونەرییمدا سوپاسێکی زۆری ئەو باوکە گەورەیەم بکەم، کە توانی من بکات بەو ھونەرمەندەی خزمەتی وڵات و میللەتەکەم بکەم، ئەو باوکەی مامۆستا و ھاوڕێم بوو، ھەمیشە ئەو متمانەیەکی زۆری بە من بەخشی بوو، باوەڕێکی زۆری لەلا دروست کردم بۆ ئەوەی بەبێ ترس کاری ھونەریی ئەنجام بدەم و رێگایەکی ئەو بگرمە بەر، ھەمیشە دۆعای خێری بۆ دەکەم ئومێدەوارم ھەمیشە رۆحی شاد بێت، چونکە ئەو پیاوێکی ئەوەندە گەورە بوو لە ژیانم، شان بەشانی ھاوسەرە بەڕێزەکەم (ئیسماعیل خەیات) نموونەی دوو پیاون کە ھەمیشە دیمەنی ھەموو پیاوێکیان لەلا جوان کردووم، ئەگەر باوکم و ھاوسەرەکەم نەبونایە ئەستەم بوو من ئێستا ئەو ھونەرمەندە بوام، تائێرە بەردەوام بم!”.
لە کۆتایی دا ئەو خانمە ھونەرمەندە شانۆکارە سەرخۆشی خۆی ئاڕاستەی ھاوڕێ و ھاوکارە ھونەرمەندەکەی دەکات، کە بەر لەچەند رۆژێک کۆچی دوای کرد و گوتی : “بەداخەوە لەم رۆژانە ھەواڵی کۆچی دوایی ھونەرمەندی بە ئەزموون و بەتوانا کاک (جەلال بەیار)ـم بیست، دیارە ئەو ھونەرمەندێکی بە سەلیقەو لێھاتوو بوو، کۆچی ئەو ھونەرمەندە شانۆکارە کەلێنێکی گەورەی خستە نێو کاروانی شانۆکارانەوە، سڵاو بۆ ئەو ھونەرمەندە کە تا ئەو رۆژەی کۆچی دوایی کرد، لەخزمەت ھونەرەکەی دا بوو بەبێ ماندوو بوون، ئومێدەوارم ئەو خەونانەی (بەیار)ـی ھونەرمەند کە تائێستاکە نەبوون بە واقیع، ئێمەی ھونەرمەند دەست لەناو دەست لە پێناو ئەو خەونی ئەو ھونەرمەندە بەرزانە ھەوڵی بەدیھێنانیان بدەین، خوای گەورە بیخاتە بەر رەحمەتی میھرەبانی خۆی و سەرەخۆشی لە ھونەرمەندانی شاری ھەولێری ئازیز و کەس و کاری دەکەم، ئومێدم وایە ھەمیشە بەڕێزەوە سەیری ھونەرمەندان بکرێت، تا لە ژیان ماون نەک کە مردن پیاھەڵدانیان بۆ بکەیەن، چونکە ھەموو مرۆڤێک ئەگەر شتە جوانەکانی دونیا بە چاوی خۆی نەبینێ چێژی لێنابینێت!”.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا