بەدواداچوونی: توانا تەھا
بەشێک لە گەنجان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن بەھۆی ھاتنی کولتووری بێگانە لەسەرجەم ئەو بوارانەی کە گەنج لە ژیانی رۆژانەیدا بەکاری دەھێنێت وایکردووە کولتووری کوردی کاڵ ببێتەوە و ئەو کولتوورە پێشکەوتوانە بەکاربھێنن، باوکان و دایکانیش نەوەی ئێستا تۆمەتبار دەزانن و پێیان وایە نەوەی دوای راپەڕین ھیچ نرخێک بۆ کولتووری کوردی دانانێت و ھۆکارێکیشە بۆ لەناو بردن و شێواندنی ئەم کولتوورە.
مام ئەنوەر پیاوێکی تەمەن ٥٥ ساڵەیەو خێزاندارەو خاوەنی ٣ کچ و ٤ کوڕە، بەراوردێکی خۆی دەکات و دەڵێت “ئێمە ھەمیشە لەسەر داب و نەریتی کوردەواری و داپیرەو باپیرەکانی خۆمان رۆیشتووینەو بەم قۆناغەمان گەیاندووە، کەچی ئێستا کچان و کوڕانی ئێمەو نەوەی تازە ھیچ باکیان بەم کولتوورەی ئێمە نییەو ھیچ بەلای داناچن”. بەبڕوای ئەم ھاوڵاتییە ھەم لەڕووی جل و بەرگ و شێوازی قژ داھێنان و باڵا پۆشی و چەندین شتی دیکە بەھیچ شێویەک ناگونجێت لەگەڵ کولتووری کوردی کە لەماوەی ساڵانی رابردوو خەڵکی لەسەری دەڕۆشت و پابەند بوو پێیەوە.
ئەوین ستار تەمەن ٢٠ ساڵ قوتابی زانکۆیە بەشی کوردی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد و گووتی “ناکرێت بەراودرکارییەکی وەھا بکرێت لەنێوان رابردو ئێستا، چونکە دووزمەنی جیاوازن و ئەوکات کوردستان بەم شێوەیە بەڕووی دونیا نەکرابوەوە، کەچی ئێستا لە سەروەختی پێشکەوتنی تازەو ئایپاد و ئایفۆن و ئەو نەوەیەیی دوایی راپەڕین ئەستەمە بتواندرێت لەگەڵ باب و دایکی ئێمە بەراورد بکرێت”. ئەوین ئەوەشی گووت “دوای چەند ساڵێکی دیکە ئێمەش لەگەڵ نەوەی فەیسبووک بەراورد ناکرێین، چونکە ئەوانیش زۆر لە ئێمە باشترو پێشکەوتوتر دەبن و ئاشنا دەبن بە دونیای پێشکەوتوو.
لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا ئەم قوتابیەی زانکۆ باسی لە رۆڵی میدیا کردو پێیوابوو نیشاندانی ئەم ھەموو فیلم و ئەنجامدانی بەرنامەو ریکلامکردن بۆ گشت کاڵایەکی بیانی و کاری گەری وڵاتانی دراوسێ بەسەر ئێمەوە، راستەخۆ کاری گەری لەسەر کولتووری ئێمە دەبێت، چونکە گەنجان زیاتر لەگەڵ ئەم جۆرە شێوازە خۆیان دەگونجێنن.
ئەوین لە کۆتایدا گووتی “ئەو شێوازە زیاتر کاریگەری لەسەر نەوەی نوێ دەبێت، چونکە بەکولتووری بێگانەوە لەدایک دەبێت و ھەست ناکات شتێک ھەیە بەناوی کولتووری کوردی ئەمەش، وایکردوە کولتووری کوردی بەرەو کاڵبوونەوە بڕوات، لەم نێوەندەشدا ھەمیشە ئێمە ئەکەوینە بەر توانجی نەوەی پێشخۆمان و کەسانی لەخۆمان بەتەمەنتر کە ئەوان دەڵێن ئێوە ھۆکاری لەناوبردن و شێواندنی کولتووری کوردین.
راژان کچێکی گەنجەو تیشکی خستەسەر ئەوەی وەک گەنجێک ئەوەی لە فیلمە بیانیەکانەوە فێربووە زۆرکاریگەری لەسەری ھەبووە، چونکە ئەوشتە جوانانەی لەو وڵاتانە بینیویەتی کاریگەری لەسەر گۆڕینی ژیانی ھەبووە.
ھەمیشە لەماڵەوە بەوە دەم شکێنەوە کە پێم دەڵێن تۆ ناتوانیت نان بکەیت و گشت جۆرە خواردنە کوردەوارییەکان ئامادە بکەیت، دایکم ھەمیشە ئەوەم پێدەڵێت کچم ئێمە بمرین ئێوە ھەموو شتێکتان لەدەست ئەچێت و ھیچ زانیارییەکتان لەسەر خواردنی کوردەواری نییەو تەنیا ئەتوانن خۆتان جوان بکەن و خۆشەویستی بکەن و بخوێنن و لەماڵەوە بچنە دەرەوە. ئەمە وتەکانی کچێکە بەناوی راژان، تەمەنی ٢٣ ساڵە.
گووتیشی “من بەزۆری جل و بەرگی تورکی لەبەر دەکەم ئەمەش زیاتر لە فیلمەکانەوە ھەر جل و بەرگێکم پێ جوان بووبێت کڕیوومە، لەکاتی پۆشینیدا زۆر ئاسوودەم و لێم دێت، واتا ھاوڕێیانم ئەوەم پێدەڵێن کە جل و بەرگەکەم جوانەو لەگەڵ خۆم ئەگونجێت.
سەبارەت بە بەکارھێنانی جلوبەرگی کوردی ئەو کچە گووتی “من ھەندێک جار لە ماڵەوە جلی کوردی لەبەردەکەم یان لە بۆنەکاندا، بەڵام بۆ دەرەوە و بۆ بازاڕ بەشێوازێکە یان وەک شتێکی دەگمەنە یان رووبەڕووی توانج دەبیتەوە، ئەمەش وایکردوە کولتوورەکەمان ھەر لە جل و بەرگەوە تا بگاتە ئامادەکردنی دەیان جۆری خواردەمەنی کوردی، کە ئەوەش کاری گەری لەدەبێت لەسەر نەمان و کەم بوونەوەی ئەم شێوازەی کوردەواری.
نەوەی ئاڵتوونی بەم نەوەیە دەوترێت کە دوای راپەڕین و ئێستای سەردەمی ئینتەرنێت و ئایپاد و ئایفۆن چاوی بەدونیا ھەڵێناوە بەجۆرێک لەجۆرەکان ئاشنایە لەگەڵ ئەم ئامێرە پێشکەوتووانەو دونیای دەوربەر، ھەمیشە ئەم نەوەیەش بە جۆرێک لە جۆرەکان لێی دەڕواندرێت لە لایەن نەوەی پیشووتر.
شەوقی ئازاد قوتابی زانکۆ، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد سروشتی ھەموو گەنجێک وایە بەشێوەیەکی جوان و کەشخە دەربکەوێت و ئەو جل و بەرگەی پێی جوان دەبێت خۆی بڕازێنێتەوە، کە گرنگ نییە جل و بەرگەکە کولتووری چ وڵاتێک بێت، یان کێ پێی ناخۆشە بیپۆشێت”. ئەم قوتابیەی زانکۆ گووتیشی “من بەزۆری جل و بەرگی تورکی و ئیتاڵی لەبەر دەکەم، ئەمەش لەبەرئەوەی لەم شارەدا باشترین مارکە ئەو جلوبەرگەیە، بۆیە ناتوانین کولتووری تورکی لە جلوبەرگدا کاڵ بکەینەوە یان نەیھێڵین. بەڵام دەکرێت ئەمە ببەسترێتەوە بە شێوازی دیکەو ھەندێک داب و نەریت و کولتووری لە مێژینەی ئێمەی کورد کە پێویستە ھەموومان شانازی پێوە بکەین.
شەوقی ئازاد، پێیوابوو کۆمەڵگەی ئێمە و شارەکانی ئێمە ئێمە بەگشتی و گەنجەکانی بەتایبەتی بەرەو شێوازێکی ئەوروپا ھەنگاو دەنێن بەھۆی ئەو پێشکەوتنە تەکنەلۆژیەی کە کوردستانی گرتوەتەوەو کاریگەری راگەیاندنەکانیش بۆ خۆی ھۆکارێکیترە بۆ ئەوەی گەنجان بەتەواوی کولتووری کوردیان لا کاڵ ببێتەوە، بەڵام ئەم جۆرە لاسایکردنەوەی گەنجان سروشتیە، لەبەرئەوەی گەنج دەیەوێت سەرنجی دەوروبەرەکەی بۆ خۆی رابکێشێت بۆ ئەم مەبەستەش گەنج بەدوای تازەترین و نوێترین مۆدێلی جلوبەرگ دەگەڕێت بۆ ئەوەی بیپۆشێت.
شەیما فوئاد کچێکی تەمەن ١٨ ساڵەیە ھۆکاری نەپۆشینی جلوبەرگی کوردی لە لایەن گەنجانەوە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە تا ئێستا ھیچ نوێکردنەوەیەک لە جلوبەرگی رەسەنی کوردی نەکراوەتەوە ھەر شێوە کۆنەکەی جارانیەتی.