ئەنقەرە- پۆلیسی سنووری تورکی دەستگیرکردنی کەسێکی بە ڕەگەزنامەی ئەڵمانی ڕاگەیاند کە دەیویست سنوور ببڕێت بەرەو یۆنان و جانتایەکی بەدەستەوە بوو گەنجێکی لوبنانی خۆی تیا حەشاردابوو.
ڕۆژنامەی “حوریەت” ی تورکی بڵاویکردەوە کە پۆلیسی تورکی کابرایەکی دەستگیرکردووە بە ڕەگەزنامەی ئەڵمانی لە دەروازەی بازاڕ کولی سنووری لە کاتێکدا بە مەبەستی دەربازکردنی گەنجێک لە جانتاکەیدا لە تورکیا بەرەو یۆنان.
هەروەها ڕۆژنامەکە باسی لەوە کرد کە پۆلیسی سنوور سەرنجی ئەوەیان دا کە کابرای ئەڵمانی بە زەحمەت جانتاکەی بە دوای خۆیدا ڕادەکێشا ئەوانیش داوایان لێی کرد جانتاکەی بکاتەوە، ئەو کات گەنجە لوبنانیە بیست ساڵییەکەیان تیا دۆزیەوە کە بە شێوەی کۆرپەلەی نێو سکی دایک خۆی حەشاردابوو.
کابرای لوبنانی دوای ئەوە ڕادەستی نووسینگەی بیانی کرا و ئەڵمانیەکەش دەستگیرکرا بە تۆمەتی قاچاخاچێتی کۆچبەران.