سەدیق سەعید ڕواندزی
چەند ساڵێکە لە ھەرێمی کوردستاندا، دیاردەیەک لە ژێر ناوی بە ناو وەرزشی شاخەوانی سەریھەڵداوە، کە لە ڕاستیدا شوێنکەوتن و لاساییکردنەوە و جۆرێک لە مۆدی کۆمەڵایەتییە، نەک شاخەوانی بە مانا تەکنیکی و ھونەری و وەرزشییەکەی. وەرزش وەک ھەر بوارێکی دیکەی ژیان، تایبەتمەندییانەی خۆی ھەیە و وەک چۆن ناشێ ھەموو کەسێک شاعیر، ڕەخنەگر، وەرزشوان، داھێنەر بێت، بەو شێوەیەش ناشێ ھەرکەسێک پیادەڕەوییەکی بۆ شاخێک و بەردەلانێک کرد، ناو لە خۆی بنێت شاخەوان، بە بێ ئەوەی ھیچ لەو بوارە شارەزا بێت. لە دنیادا، سەدان ھەزار وەرزشوان ھەن، بەلام چەندییان بوونە ڕۆناڵدۆ، زێدان، محمەد عەلی کڵای؟ ئایا ئەگەر ھەر کەسێک ئەو وەرزشانەی کرد، مانای وایە ئیدی وەک ئەوانە شوناسی وەرزشی ھەڵبگرێت؟ بۆیە شاخەوانی، وەرزشێکی ھەستیار، وردو مەترسیدارە و ئەوەی لای ئێمە ھەیە، فڕی بە سەر دنیای شاخەوانییەوە نییە. شاخەوانی، تەنھا چوونە شاخ و نێو ژینگەی شاخاوی نییە، بەڵکو چێژ وەرگرتنە لە جوانی سرووشت، ژینگە، ڕامان و میدیتایسۆنە ، ئاوێزانبوونێکی ڕوحییانەیە و جۆرێکە لە یۆگای دەروونییانە و ھزرییانە. شاخەوانەکان، بۆ ئەوە ئەو وەرزشە ناکەن کە گەیشتنە ھەر بەرد و ھەرد و لوتکەیەک، سێلڤییەک بگرن، ئەوان بۆ خەڵکی و بۆ سۆسیال میدیا، شاخەوانی ناکەن، بۆ حەز و دەرووندروستی و تەندرووستی و چێژ دەیکەن. ھوشیارییەکی گەورەی وەرزشی و شساخەوانییان ھەیە و بە ئاسانی ھەڵنادێردرێن. شاخەوانی ڕاستەقینە و پیشەمەند، بەدەست تەپۆلکەیەکەوە گیر ناخوات ، لە بەرد و زنار وتیوەڕە شاخەکاندا عاسێ نابن، لافاو نایانبات وەک ئەو بە ناو شاخەوانانەی قەرەداغ، چونکە شاخەوانان دەبێ بزانن لە کاتی بارانی بە خوڕو لێزمە، شیو و چەمەکان و دۆڵەکان، پڕ دەبن لە ئاو و لافاو دروست دەبێت و نابێ بچنە ئەو شوێنانە. شاخەوانان، بە ئاسانی بەرلوغم ناکەون، چونکە تەکتیک و ھونەری پیادەڕەوی و شاخەوانی دەزانن. لەو ڕۆژانەی ڕابردوودا، لە چیای زۆسک بە داخەوە شاخەوانێک ھەڵدێرا. ئەم چیایە، بەراورد بە ھەر شاخێکی دیکەی کوردستان، شاخێکی زۆر ئاساییە و سرووشتێکی ئەوتۆی سەختی شاخاوی نییە، ئاسۆیی ھەڵکەوتووە، دەتوانیت بۆ ھەر شوێنێک مەبەستت بێت، بچیت، بەڵام چونکە شاخەوانانی ئێمە، تەنھا وەرزشەکە دەکەن و ھوشیاری و تەکنیکی شاخەوانی نازانن، ئیدی بە ئاسانی لە شاخ ھەڵدەدێرێن. بە پێی زانستی پزیشیکی، ئەو کەسانەی نەخۆشی سیستی گورچیلە، ڕەقبوونی ماسوولکەکانی دڵ، نەخۆشی دڵ، شەکرە، بەرزە پەستانی خوێنیان ھەیە، نابێ ماندووبن، دەتوانن وەرزشێکی ئاسایی ڕۆژانە بکەن، کە چی لە ھەرێمی کوردستاندا، ھەزاران کەس کە ئەو نەخۆشییە جۆراوجۆرانەیان ھەیە دەچنە شاخ و گوایا وەرزشی شاخەوانی دەکەن، لەوێش بە نۆرەی دڵ، وەستانی گورچیلە، دابەزینی شەکرەی خوێن دەمرن. ئەمانە ھەمووی نیشانەی نەشارەزایی، تێنەگەیشتن و نەبوونی ھوشیارییە لە بارەی وەرزشی شاخەوانییەوە. ناکریچ ھەرکەسیچک کۆڵە پشتێکی لە پشت بوو، دوو داری گرتە دەست، بەرەو چیایەک سەرکەوت ناو لەخۆی بنیچ شاخەوان. ئومێدەوارم کۆمەڵگەی ئێمە، لەبری ئەوەی مۆدخوازو شوێنکەوتت بێت، ئەوا پەرە بەکولتووری خوێندنەوە بدات، کتێب بکاتە ھاودەمێکی ھەمیشەیی خۆی، بۆ ئەوەی کۆمەڵگەکەمان ھوشیار بێتەوە، بە کتێب ھوشیار دەبینەوە و پێشدەکەوین، بەڵام بە شاخەوانی و بەند جوێنی نێو سۆسیال میدیا نا. سەردەمانێک، مارادۆنا لە لووتکەی وەرزشی جیھان بوو، کەچی دواتر تلیاک خۆرێکی لێ دەرچوو ئەوسەری دیار نەبێت، ، بەڵام ئایا تا ئێستا سوکرات، بۆدلێر، گۆران، شێخ ڕەزاو لەیلی قاسم و عەبدولخالق مەعرو ھەر زیندوو نین؟! ئەمە بەو مانایە نییە ئێمە دژی وەرزش و شاخەوانی بین نەخێر، بەڵکو مەبەستمان ئەوەیە ناکرێ مرۆڤ لەگە عامی بچیچتە شامێ، چونکە ئەوکات فێری ھیچ نابێت !
Discussion about this post