راگەیاندنی دەزگای کەڤاڵ : بەئامادەبوونی ھەریەک لە “نەوزاد ھادی- پارێزگاری ھەولێر و تاھیر عەبدوڵڵا- جێگری پارێزگاری ھەولێر و نیھاد لەتیف قۆجە- قایمقامی قەزای ناوەندی ھەولێر و شاڵاو کۆسرەت رەسول- ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان” و کاتژمێر ١١ی سەرلەبەیانی رۆژی چوارشەممە ٢٣/١١/٢٠١١ لە ھۆڵی پێشەوای شاری ھەولێر دەزگای
کەڤاڵ بەھاوکاری لقی ھەولێری سەندیکای ھونەرمەندانی کوردستان مەراسیمی راگەیاندن و دابەشکردنی بیۆگرافیای ھونەرمەندانی ھەولێری سازکرد.
لە دەستپێکی مەراسیمەکەدا ھاوشانی سروودی ئەی رەقیب ئامادەبووان دەقەیەک وەستان بۆ گیانی پاکی شەھیدان و دواتر شاڵاو کۆسرەت رەسول بەشێوەیەکی فەرمی یەکەم دانە لە کتێبی بیۆگرافیای ھونەرمەندانی ھەولێری پێشکەشی نەوزاد ھادی پارێزگاری ھەولێرکردو پاشان نەوزاد ھادی وتارێکی پێشکەش کرد.
نەوزاد ھادی پارێزگاری ھەولێر لە سەرەتای وتەکەیدا دەستخۆشی لە دەزگای کەڤاڵ و لقی ھەولێری سەندیکای ھونەرمەندان کرد کە توانیویانە ئەو مراسیمە بۆ ئەو پرۆژە مەعریفی و مێژووییە رێکبخەن.
لە بەشێکی دیکەی وتەکەیدا نەوزاد ھادی دەستخۆشی خۆی لە شاڵاو کۆسرەت رەسول کرد لەپای گرتنەئەستۆی چاپکردنی کتێبی بیۆگرافیای ھونەرمەندانی ھەولێرو ئاماژەی بەوەکرد کە لەپاڵ دەستخۆشی کردن لە شاڵاو کۆسرەت رەسول پێویستە دەستخۆشی لە خودی کۆسرەت رەسول عەلی بکرێ کە ماوەیەک لەمەوبەر ئەرکی چاپکردنی ئینسکلۆپیدیای ھەولێری گرتەئەستۆ.
دوابەدوای ئەوانە گروپی میوزیک کە بەسەرپەرشتی ھونەرمەند ھەڵبەست سەڵاح کاریان کردبوو گشتێکی میوزیکیان کرد بەنێو میلۆدییە رەسەنەکانی کوردو پاشان وتاری لیژنەی باڵای مەراسیم و “د. عەبدوڵڵا عەلیاوەیی- سەرۆکی لیژنەی باڵای مەراسیم” لەلایەن حەمەسوار عەزیز خوێندرایەوە، لەم وتارەدا حەمەسوار عەزیز ئاماژەی بەوەکرد کە ئەمڕۆ لەپاڵ راگەیاندنی دەزگای کەڤاڵ بە سەرۆکایەتی “مەسعودی مەلا ھەمزە” کتێبی بیۆگرافیای ھونەرمەندانی ھەولێر بەسەر ھونەرمەندان و ئامادەبووان دابەش دەکرێ و دەخرێتە کتێبخانەی کوردییەوە.
لەبەشێکی دیکەی وتاری لیژنەی باڵادا حەمەسوار عەزیز ئەندامی لیژنەی باڵای مەراسیمەکە بەپێویستی زانی دەستخۆشی لە “شاڵاو کۆسرەت رەسول” بکات کە ئەرکی چاپکردنی ئەو کتێبەی گرتەئەستۆو ئاماژەشی بەوەکرد کە ئەوجۆرە کارانە نامۆنییە بەو بنەماڵە خەباتگێڕە، ئەو نموونەی بە ئینسکلۆپیدیای ھەولێر ھێنایەوە کە خودی کۆسرەت رەسول عەلی ئەرکی چاپکردنی گرتەئەستۆ، ھەروەک سوپاسی نەوزاد ھادی پارێزگاری ھەولێریشی کرد کە ھەمیشە خەمخۆری ھونەرو ھونەرمەندان بووە.
دوابەدوای وتاری لیژنەی باڵاو پێشکەشکردنی بەرھەمێکی دیکەی میوزیکی، وتاری لقی ھەولێری سەندیکای ھونەرمەندانی کوردستان لەلایەن “ھیوا سوعاد” سەرۆکی لقی ھەولێر خوێندرایەوە، لە دەستپێکی وتەکەیدا ھیوا سوعاد دەستخۆشی تایبەتی خۆی و ھونەرمەندانی لە “مەسعودی مەلا ھەمزە” ئامادەکاری کتێبەکە کرد و بەجێگەیاندنی ئەم ئەرکەی بە ئەرکێکی پیرۆزو گرنگ وەسف کرد، ھەروەک دەستخۆشی تایبەتی لە پارێزگاری ھەولێرو جێگری پارێزگارو شاڵاو کۆسرەت رەسول کرد کە ھەمیشە ھاوکاری ھونەرمەندان بوونەو ئامانجیان خزمەتکردنی ھەولێر بووە.
ھەر لەو مەراسیمەدا چەندین بروسکەی پیرۆزبایی خوێندرایەوە کە سەرجەمیان وێڕای دەستخۆشی لە مەسعودی مەلا ھەمزە ئامادەکاری کتێبەکەو دەزگای کەڤاڵ ھیوای بەردەوامی و سەرکەوتنیان دەخواست.
لەکۆتابەشی مەراسیمی راگەیاندن و دابەشکردنی کتێبی بیۆگرافیای ھونەرمەندانی ھەولێر نوێترین و پرۆژەی داھاتووی دەزگای کەڤاڵ راگەیەندرا کە بریتی بوو لە “بیۆگرافیای سەرجەم تیپ و گروپە ھونەرییەکانی کوردستان”.
لە کۆتایی مەراسیمەکەدا بەشێوەیەکی شایستە کتێبی بیۆگرافیای ھونەرمەندانی ھەولێر بەسەرئامادەبووان دابەشکرا، کە لەسەر ئەرکی شاڵاو کۆسرەت رەسول چاپکراو یەکەم بڵاوکراوەی دەزگای کەڤاڵ بوو.
شایانی باسە کتێبی بیۆگرافیای ھونەرمەندانی ھەولێر لە ٤٧٢ لاپەڕە پێکھاتووەو ژیان و بەرھەمی زیاتر لە ٤٢٠ ھونەرمەندی پارێزگای ھەولێر لەخۆدەگرێ لەنێوان ساڵانی ١٩٥٠ تا ٢٠٠٠ و ئەمە یەکەم بەرگی پرۆژەکەیەو لە ئایندەدا کاری زیاتری تێدادەکرێ بۆ فراوانترکردنی پرۆژەکە.