هونەری گۆرانی گوتن، دونیایەکی پڕ لە جوانییە، بەڵام ئەو جوانییە هەموو دەنگ بێژێک و هونەرکارێکی گۆرانیبێژ ناتوانێ جوانی بنوێنێ لەنێو ئەو دونیایەدا، دونیای موزیک و گۆرانی وەک تەختەی شانۆ وایە، هەموو هونەرمەندێک ناتوانێ شانۆکارێک یا ئەکتەرێکی سەرکەوتوو بێ لە کاتی بەرجەستە کردنی رۆڵەکەی خۆی دا لەنمایشەکاندا، دەگمەنن ئەوانەی دەتوانن سەرنجی هەست و خەیاڵی چاوی بیسەری گۆرانی بۆ لای خۆیان ڕابکێشن، زۆربەی هونەرمەندان ساڵانی هەشتاکان بەسەردەمی زێڕینی هونەری موزیک و گۆرانی کوردی هەژمار دەکەن،
لەو سەردەمەدا دەنگی هونەرمەندێک هاتە نێو ئەو کۆڕەی هونەری گۆرانی کوردیەوە، ئەو دەنگ هونەرمەند (بەهجەت یەحیا) بوو، ئەو هونەرمەندە بە کارە ناوازەکانی توانی سەرنجی جەماوەرێکی زۆر بەلای بەرهەمەکانی دا رابکشێت، (بەهجەت)ـی هونەرمەند تا ئێستاشی لە گەڵدا بێت، هەوڵدەدات بەرهەمێک گۆرانیەک ئاوازێک هۆنراوەیەک لەرێگەی دەنگیەوە ئاڕاستەی گوێگرانی گۆرانی کوردی بکات، ئەو بەرهەمە ناسنامەی ڕەسانەیەتی و بۆن و بەرامی کوردانەی لێوە بێت، جگە لەوانەش بەرهەمەکانی ئەو هونەرمەندە تایبەت مەندیەکی دیکەی هەیە، زۆر جار بۆنی (تەسوف)ـو شێوازە سۆفی گەرەی لە گۆرانیەکانی بەدی دەکرێت، هەر ئەوەشە وایکردووە، کە بەرهەمەکانی رابردوو و ئێستای بەنەمری بمێنێتەوە، ئەگەر چی لە ئێستادا گۆرانیبێژمان زۆرە بەڵام هونەرمەندمان رێژەی کەمە، بەڵام (بەهجەت یەحیا) دەمێکە مەدالیای هونەرمەند بوونی لەلایەن هونەر دۆستان و هونەر ناسنانەوە پێ بەخشراوە.
(بەهجەت یەحیا) یەکێکە لەو هونەرمەندانەی کە گۆرانییەکانی عاشقانی دەنگی بەرەو خەڵوەت دەبات و، وەکو شێخێک سۆزیان پێ دەبەخشێت، بەدەنگە خۆشەکەی بەرەو دونیای عشقانیان دەبات، بەشینی شمشاڵ و سۆزی نەی بەلکێشی دونیای تەسوفیان دەکات، ئەو رازە سەوداسەرەی کە لە دەرونیایەتی بۆیانی ئاشکرا دەکات و، ئەوانیش دەبنە سۆفی خەڵوەت و بەدوای عەشقدا وەکو فەرهاد وێڵی کێوان دەبن.
دیارە سازدانی دیمانەیەک لەگەڵ هونەرمەندێکی وەکو (بەهجەت یەحیا) تاڕادەیەک ئەستەمە، ئەگەر چی ئەو کەسێکی رۆح و سادە و ساکارە بۆ وەڵام دانەوەی پرسیار، من هەر جارێک ئەگەر بۆ چاک و چۆنیەک بێت یاخوود بۆ ئەنجامدانی دیمانەیەکی رۆژنامەوانی، هەمیشە بە شێوازێکی جوان وەڵامی داوەتەوە، دوای ئەوەی لە دوو هەفتەی رابردوودا دواین ئەلبومی گۆرانی ئەو هونەرمەندە لەلایەن ناوەندی بڵاوکراوەی هونەری “ئارۆ” بڵاو کرایەوە، پەیوەندیمان کرد بە هونەرمەند (بەهجەت یەحا) بۆ باس کردن لەو ئەلبومە تازەیەو چەند لایەنێک لەکارە هونەرییەکانی، لەو گفتوگۆ تەلفۆنیەدا لەگەڵ ئەو هونەرمەندە بەو شێوەیە رێکخست و وەڵامی بۆ پرسیارەکان بەو شێوەیە دانا
سەرەتا لە سەر دوایین بەرهەمەت دەست بە پرسیارەکان دەکەم، بۆچی ئەلبومەکەی ئەم جارەت ناو لێنا “من کوڕی رۆژ هەڵاتم” ؟
بەهجەت یەحیا : “ئەو ناوە یەکێکە لەگۆرانیەکان کە لەغوربەتەوە لەگەڵ نیشتمان ئەدوێت و پێی ئەڵێت :
عومرم بەخشی فیدای خۆشەویستیمان
کوا باوەشی گەرمی تۆ ئەی نیشتمان
“من کوڕی رۆژ هەڵاتم” مانای من کوڕی نیشتمانم لە رۆحی مندا هەمیشە لە نیشتمانەوە رۆژ هەڵدێت، ئەگەر جەستە لە هەر جێگایەکی ئەم دونیایە بێت، “رۆح” هەر لە نیشتمانە هەر ئەم دابەش بوونەیە، دەبێتە هۆی ئازارە گەورەکەی غوربەت، کە هیچ تاراوگە نشینێک، ناتوانێت بەقەدەر خۆی گوزارشتی لێبکات!.
کاتێک گوێ لە بەرهەمە تازەکەت دەگرین، هەست دەکەین جیاوازیەکی زۆر بەدی دەکرێت، بە بەراورد لەگەڵ بەرهەمەکانی پێشووتر، بەتایبەتی لە هەڵبژاردنی ئاوازەکاندا، ئەم گۆرانکاریە چۆن پێناسە دەکەی ؟
بەهجەت یەحیا : “ئەوە بۆ من خۆشترین هەواڵە، چونکە ئەوە ئاواتی هەموو هونەرمەندێکە، کە هەر بەرهەمێکی تازەی هەنگاوێکی نوێ بێت،
،هەر لەسەرەتای کارکردنی هونەریمەوە هەوڵمداوە شێوازێک و رێچکەیەکی کار کردنی تایبەت بە خۆمم هەبێت، هەڵبەتە ساڵانێکی دوور و درێژە لە کار کردنی هونەری و هەوڵ تەقەلای بێوچان هونەرمەند دەگەینێتە ئەزموونێکی نوێتر، ئاوازەکان لەلایەن خۆم دامناون،
مۆسیقای ئەو بەرهەمەو لەلایەن هونەرمەند (دلێر حوسێن) و هونەرمەند (گۆران کامیل)ئامادەکردن و دابەشکردنێکی هارمۆنیی زۆر جوان بۆ کراوە، بەشێوازێکی ئۆرکسترایی تۆمار کراوە، مامەڵەیەکی هونەریی زۆر گونجاویان لەگەڵ ئاوازەکاندا کردووە، سەرجەم هۆنراوەکانی ئەو بەرهەمە هی شاعیر (هێمن مام نادر)ـە، چیرۆکی عەشقێکی بێ کۆتای دەگێڕنەوە.
کاری میکس و ماسترینگ لەلایەن هونەرمەند (ئارا ئەحمەد) لە ستۆدیۆی (لانەی دەنگ) ئەنجامداوە.
لەلایەن (سامان مستەفا، کارزان کامیل، شوان کەریم، رێباز قاسم، ئاکۆ عومەر، کاوان مەحمود و ئارا ئەحمەد)ـەوە کاری تۆمارکردنیان ئەنجامداوە
دیزاینی ئەلبومەکەم، (هەرێم عوسمان)ـو فۆتۆ (ناسیح عەلی خەیات) جێ بەجێکراوە.
بۆچی سەرجەم گۆرانییەکانی ئەلبومی ئەم جارەت لەلایەن شاعیر (هێمنی مام نادر) تێکستەکانی ئامادە کراوە، هەرچەندە لە ئەلبومی رابردووشدا تێکستی هەمان شاعیرت بۆ گۆرانییەکانت هەڵبژارد بوو، چۆنە بۆ بەرهەمەکانی ئێستات زیاتر تێکستی ئەو دەکەی بە گۆرانی؟
بەهجەت یەحیا : “پێش هەموو شتێک دەمەوێ ئەوە بڵێم هۆنراوەی جوان خۆی خۆی دەسەپێنێت، کاک (هێمن) هاوڕێیەکی ئازیزی منە و شاعیرێکی زۆر هەست ناسکە، هۆنراوەکانی باس لەو دونایە ئەکەن، کە من دەگەڕێم بە دوایدا، لێرەدا من ئەتوانم هەر ئەوەندە بڵێم کە هۆنراوەکانی ئاشنا و ئاوێتەن بە رۆحم، بۆیە دەتوانم ئاوازیان بۆ دابنێم و بیان کەم بە گۆرانی”.
حاڵەتێکی رۆمانسی قوڵ ، کە بارگاویە بەخەمێکی گەورە لە گۆرانیەکانتا بەدی دەکرێت، هەوێنی ئەو خەمە پەیوەندی بە دووری و غوربەتەوە هەیە یان ستایلی گۆرانییەکانی تۆ وا دەخوازێت ؟
بەهجەت یەحیا : “بەرای من خەم بەشێکی گەورەی لە ژیانی مرۆڤەکان داگیر کردووە، خەم ئەگەر لەمانا کلاسیکیەکەی دەربکەیت، مانای هەست کردنە، بە بەر پرسیارێتی بۆ گەیاندنی پەیامێک، ئەگەر کەسێک ئەرکەکانی سەر شانی بەجێ نەگەینێت، پێ ی دەڵێن کەسێکی خەم سارد!، کەواتە خەم مانای مشوور خواردن یان بەتەنگەوە هاتنە، ئەگەر هونەرێک هونەری جددی بێت، ناتوانێت لەخەم بێ بەری بێت، ئەم جۆرە لە هونەر رەنگدانەوەی خواست و ئاواتەکانی ئێمە، ئەو هاوارنەیە کە لە ناخی هەمووماندا پەنگیان خواردۆتەوەو دەنگیان نایەت، هونەر باس لە خۆشەویستی و ئەوین دەکات، خۆشەویستی و ئوینیش وەک مرۆڤ بە ئازارەوە لە دایک دەبن، رۆمانسیەت، ئەو ساتە ئارامیە، کە رۆح تێیدا ئاسودە دەبێت و، هەست دەکات تەنها لە جێگایەکدا دەژی، کەتەنها خۆشەویستی لێیە”.
تۆ کە ماوەی (4) ساڵە بەرهەمی تازە بڵاو نەکردۆتەوە، تا چەند پێویستە هونەرمەند پەلە نەکات لە بەرهەم هێنانی ئەلبومی گۆرانی؟
بەهجەیت یەحیا : “بێگومان هەر کارێکی هونەری ئەگەر بتەوێت، بە جوانترین شێوە تەواو بێت، ناتوانێت پەلەی لێ بکەیت، بەڵام مانای ئەوە نیە پاڵی لێ بدەیتەوە، چونکە دەبێت هەموو کارێک ماوەیەکی دیاریکراوی هەبێت بۆ تەواو بوونی، کاری هونەری بەتەنها کەسێک ناکرێت، بەڵکو کارێکی هەرەوەزیە، هەر یەکە لە ئاستی خۆیەوە کارێکی تۆزێک دوابکەوێت، ئاوا بەگشتی بەرهەمەکە زۆر دوا دەکەوێت، من چوار ساڵە خەریکی ئەو بەرهەمەم، هەموو تەمەن پێک هاتووە لەچەند چوار ساڵیەک، هیوادارم بەرهەمی ئایندەم ئەوەندە نەخایەنێت و زووتر بێتە بەرهەم”.
تۆ لەو هونەرمەندانەی کە لەساڵانی هەشتاکاندا دەستت بەکاری هونەری گۆرانی کردووە، ئەو کاتەو، تا دەگاتە ئێستاش، جێگایەکی بەرچاوتان لە مەیدای هونەری گۆرانی کوردی دا هەبووە، ئایا پێت وانیە تام و چێژی کارەکانی ئەو کاتە، بە بەراورد لەگەڵ گۆرانی گۆرانیبێژانی ئێستا جیاوازیەکی زۆری تێکەوتووە؟
بەهجەت یەحیا : “بێگومان هەر وایە، چونکە هەر هونەرێک زادەی سەردەمەکەی خۆیەتی و ڕەنگدانەوەی زەمەنێکی پێوەیە، بیرو بۆ چوونێک هەیە، لەلا شعوری هەمووماندا ئامادەیە، وا دەزانین دوێنی لە ئەمڕۆ جوانتر و راست گۆتر و بێگەرد تر بووە، بەڵام مەرج نیە وابێت، هەر سەردەمەێک مێژووی خۆی دەنووسێتەوە، بەڵام قسەی خۆمان بێت جاران هەر کەسێک دەنگی خۆش نەبوایە گۆرامی نەدەگوت.
ئاستی ئێستای گۆرانی چۆن هەڵدەسنگێنێت، ئایا بەرای تۆ ئەگەر ئەمڕۆ چەند هونەرمەندێک لە نێو بواری گۆرانی کوردی دا دەربهێنیت، پێت وانیە هونەری گۆرانی لە گیانەڵەدایەو خەریکە بەرەو لەناو چوون دەڕوات؟
بەهجەت یەحیا : “ئەم پرسیارە زۆر جار دووبارە دەبێتەوە، زۆر بە ئاسانی ئاڕاستەمان دەکرێت، بەڵام بڕوات هەبێت ئەمە قوڕسترین پرسیارە، چونکە هونەری هەر میللەتێک پڕە لە ڕەنگ و دەنگی جیاواز، بەرهەمی هەر یەکێک لەم دەنگ و ڕەنگە جیاوازانە، جەماوەری جیاواز جیاواز پێشوازیان لێدەکات، کەس ناتوانیت بە پەلەو بە دێرێک، حکوم بدات بەسەر هەموویاندا، من هەر ئەوەندە دەڵیم سەنگی مەحەکی هەر هونەرمەندێک کارەکانی خۆیەتی”.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا