لەم ڕۆدا ھیچ شتێک بە ئەندازەی ئەم وشە بەھارییە،بەرپرسانی دەسەڵات توشی شۆک ناکا،ئەم وشەیە ئەیانخاتە سەرھەزەی ترسو تۆقین،ئەم وشەیە قەڵای ھیواکانیان ئەڕوخێنێت و خەونی ناو ڤێلاو کۆشکەکانیان ئەزڕێنێت،
دڵنیام ئێستا کە ساڵیادی ١٧شوباتی خوێناوییە ،ترسی خۆپێشاندانی سەرتاسەریو وتنەوەی دروشمی ـ بڕۆ ـ بۆتە مۆتەکەی گیانیان ،خەمی قوتار کردنی سامانی بەناھەق براوی میللەت بڕستی لێبڕیون،ھەنوکە خێزانیی، بیر لە ژیانی داھاتویان دەکەنەوە لە وڵاتێکی خۆرئاوا،کچەکانیان ئەڵێن ئەچینە سوید،کوڕەکانیان وڵاتێکی تر ئیختیار ئەکەن،ئاخر ئەولادەکانیان لە سایەی باوکیاندا دەستیان گەیشتووە بە پارەو سەیارەو تەیارەو جنسیەو جنسی لەتیف و جەزیرەو ھەموو ئەوشتانەی کە گەنجە بەشمەینەتەکانی ھەرێمەکەم لە خەونیشدا نایبینن،بەڵێ ھەنوکە بەرپرسانی دەسەڵات بیرلەوە دەکەنەوە چۆن دەرگا لە سەر ھاواری ناڕەزایی جەماوەر داخەن،بەشێکیان لە دەست چونی کورسی دەسەڵاتیان تا ئاستی مەرگ لەلاسەختە،بۆیە وا پەشۆکاون ،کاتێ میللەت وتی بڕۆن،لە خۆڕا ئەم وشەیە بەھاوزمانە بەرپرسەکانیان ناڵێن، ئاخر بییست ساڵ سەبرو ئارامی لە نەبونی ئازادی و کارەباو سوتەمەنی و خزمەت گوزاری و ،سەرەڕای بونی زیندانی نھێنی و سەقەتی سستەمی خوێندن و سەربەخۆنەبونی دادگاکان و ئیشنەکردنی جدی بۆ گێڕانەوەی ناوچە دابڕاوەکان و بێدەنگی لەتۆپ بارانی سنورەکان و گەندەڵی و فەلاقەکردنی ڕۆژنامەنوس و ڕۆشنبیران و دەیان ئاریشەی تر،ئیترجام پڕ بووەو لێی دەڕژێت،کاتێک ئەم وشەیە دەبێتە دروشمی جەماوەر لەبەر ئەوەنییە معارەزەی لاخۆشەویستەو بە فریاد ڕەسی دەزانێت،نا بەڵکو ناپاکی و نادادی و خۆسەپێنی و بەڕەوا نەزانینیی ژیانی شایستە بە مرۆڤەکانی ئەم ھەرێمە و بەڵێنی بێکرداری سیاسیەکانی دەسەڵاتی عەجایبی کوردی،ئەوان ناچار بە ئەوە دەکات بڕژێنە سەرجادەو گەورەتریش لەم دروشمانە ڕۆحی خۆیان بکەنە قەڵغان بۆ پاراستنی ژین و کەرامەتی خەڵکی ستەم دیدەی ھەردوو سەردەمی بەعس و دەسەڵاتی کوردی!
ھەر دەسەڵاتێک ئامادەیی گوێگرتن نەبێت لە داواڕەواکانی خەڵکو چارەسەری ھەتوان و موعاناتیان نەکات،درەنگ یا زوو دەکەوێتە بەر شەپۆلی توڕەیی جەماوەر.
ئاوات ئالانی
awatalany@hotmail.com