ئەلبوومی “بارەگا” بە ئاوازدانەری ئەرسەلان کامکار، بە دەنگی پەیام عەزیزی و بە شیعری شاعیرانی ناوداری کورد لە ئێران بڵاوکرایەوە.
ئەلبوومی “بارەگا” بە ئاوازدانەری موزیکزانی ناوداری کورد و ئامێرژەنی ڤیۆڵۆن و عوود ئەرسەلان کامکار، بە ھاوکاری ئەندامانی گرووپی موزیکی کامکاران، بە دەنگی گۆرانیبێژی لاوی کورد پەیام عەزیزی و بە شیعری شاعیرانی ناوداری کورد، لەوانە: گۆران و مەولەوی کورد، لە لایەن دەزگای “نووفە” لە تاران و شارە جۆراوجۆرەکانی سەرتاسەری ئێران بڵاوکرایەوە.
ئەم ئەلبوومە دوو رۆژ پێش ئێستا بە ئامادەبوونی ئەرسەلان کامکار و پەیام عەزیزی و ژمارەیەکی زۆر لە ھونەرمەندان و ھۆگرانی موزیک و گۆرانی کوردی لە ڕێوڕەسمێکی بەشکۆدا لە ھۆڵی سەرەکی تاوەری تازەسازکراوی میلادی تاران پەردەی لەسەر لادرا.
ئەلبوومی موزیکی “بارەگا” ٩ پارچە موزیک و گۆرانی کوردی و فارسی لە خۆگرتووە کە موزیکزانی بەئەزموونی سنەیی ئەرسەلان کامکار ئاوازی بۆ داناوە و دابەشکردنی موزیکی بۆ ئەنجامداوە و گۆرانیبێژی کورد پەیام عەزیزی بە دەنگی خۆی گۆرانییەکانی چڕیوە.
“بارەگا” ئەم پارچە موزیکانەی لە خۆگرتووە: “خاڵۆی رێبوار” بە شیعری مەولەوی کورد، “ھیوای ژیان” بە شیعری گۆران، “باڵی فڕین” بە شیعری مەولەوی کورد، “بارەگا” بە شیعری مەولانا خالید نەقشبەندی و موشفیق کاشانی، “خوانی ئاسمانی” بە شیعری مەولانا، “رازی سەر بە مۆر” بە شیعری حافز، “ملکا” بە شیعری حەکیم سەنایی غەزنەوی، “زھی عیشق” بە شیعری مەولانا و “مغنی” بە شیعری حافز.
ھەندێک لە ئەندامانی گرووپی موزیکی کامکاران و چەندین ژەنیاری ئۆرکسترای سەمفۆنیکی تاران لە ئەلبوومی موزیکی “بارەگا”دا ئامێریان ژەنیوە، کە بریتین لە: ئەرسەلان کامکار ـ ئاوازدانەر، دابەشکردنی موزیک و ژەنیاری ڤیۆڵۆن، ئاڵتۆ و عوود، ئەڕژەنگ کامکار ـ ژەنیاری زەرب، سیاوەش کامکار ـ ژەنیاری سەنتوور، نەیریز کامکار ـ ژەنیاری تار، عەلی جەعفەری ـ ژەنیاری ڤیۆڵۆن، پێدرام فەریووسفی ـ ژەنیاری ڤیۆڵۆن، حامی کەریمی ـ ژەنیاری ڤیۆڵۆن، سۆھراب بەرەھمەندی ـ ژەنیاری ئاڵتۆ، خاتوو پەریچێھر خواجە ـ ژەنیاری قانوون، ھۆمایوون نەسیری ـ ژەنیاری ئامێرە کوتراوەکان و ھونەرمەندی کورد زەکەریا یووسفی ـ ژەنیاری دەف.
ئەم ئەلبوومە ئەمساڵ لە ستۆدیۆ “بێل”ی تاران بە دەنگھەڵگری ئومید نیکبین و سیاوەش کامکار تۆمارکراوە و میکس و مەسترینگیشی لە لایەن ئومید نیکبین لە ستۆدیۆ “بێل” ئەنجامدراوە و ھەروەھا خاتوو یەگانە ئیسفەندیاری رووبەرگی سی دییەکەی دیزاین کردووە.
پەیام عەزیزی لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا دوو ئەلبوومی بە ناوەکانی “سەرۆکی دڵ” بە زمانی کوردی و “ھەتاوی مەستان” بە زمانەکانی کوردی، فارسی و عەڕەبی بە ھاوکاری گروپی موزیکی کامکاران بڵاوکردۆتەوە.
ھەروەھا ئەلبوومی “با قدسیان” بە گۆرانی ناوداری “اللە مەدەد” بە ئاوازدانەی موزیکزانی کورد جەلیل عەندەلیبی، ئەلبوومی “لەبەیک” بە ئاوازدانەی موزیکزانی ناودار و کۆچکردووی کورد موجتەبا میرزادە و ئەلبوومەکانی “پەیامی عاشیقان” و “مەلێکا” بە ھاوکاری عەلی پەژووھێشگەر و پاشا ھەنجەنی ژەنیارانی ئۆرکسترای سەمفۆنیکی تاران بڵاوکردۆتەوە.
عەزیزی تاکوو ئێستا لە وڵاتانی جۆراوجۆری کیشوەرەکانی ئەورووپا، ئاسیا و ھەروەھا لە ھەرێمی کوردستان بە زمانەکانی کوردی، فارسی و عەڕەبی کۆنسێرتی پێشکەش کردووە.