لە نمایشێکی ئاست بەرزی منداڵانی رانیەدا, دەروازەی راپەرین سەروەریەکی تر لە دھۆکی دەلال لە مێژووی ھونەریدا تۆمار دەکات
دوای ئەو چالاکیە سەرکەوتوانەی کە تیپی ئۆکێسترای چالاکیە ھونەرییەکانی رانیە لە چەند نمایش و فیستیڤاڵی پەروەردەیدا بە دەستی ھێنا, بەتایبەتیش دوای چەند نمایشێک لە شارەکانی ھەولێر و سلێمانی. رۆژی پێنج شەممە رێکەوتی ٢١-٧-٢٠١١ کاتژمێر ١١ پێش نیوەرۆ لە ھۆڵی بەرێوبەرایەتی چالاکی قوتابخانەکانی دھۆک, تیپی ئۆکێسترای چالاکیە ھونەریەکانی رانیە نمایشێکی ئاست بەرزی مۆزیکء گۆرانیان لەو شارەدا پێشکەشکرد. لەو چالاکیە ھونەرییەدا کە بەرێوبەری گشتی وەزراەتی پەروەردەو بەرێوبەری چالاکی قوتابخانەکانی دھۆکء رێژەیەکی زۆری کەسایەتیء خەڵکی دھۆک تێیدا ئامادەبوون, تیپی ئۆکێسترای منداڵانی رانیە کە پێک ھاتبوون لە ٣٥ ژەنیارو کۆرس و گۆرانبێژ, چەندین بەرھەمی گۆرانی و مۆزیکیان بە شێوەیەکی زۆر سەرکەوتوو پێشکەش کرد کە بووە مایەی دەستخوشیء رەزامەندیەکی زۆری ئامادەبوان. ئەم چالاکیەی (یەکەی چالاکی قوتابخانەو خوێندگەکانی رانیە) تێکەڵاوی جوانیەکانی دھۆکی دەلالء خۆشەویستی خەڵکەکەی بوو, بە شێوەیەک کە دەروازەی راپەرین بەو چالاکیە سەروەریەکی تری لە مێژووی ھونەریدا خۆیدا تۆمار کرد. لەو بارەیەوە ( ھیوا مستەفا) بەرێوبەری چالاکیە ھونەریەکانی رانیە وتی: ئامانجمان لەو گەشتە نیشاندانی بەھرەو توانای منداڵانی ناوچەکەمانە کە لە یەکەکەمان و لە لایەن چەندین مامۆستای بە پەرۆشەوە راھێنراون. خۆشحاڵین کە چالاکیەکەمان بە شێوەیەکی سەرکەوتوو بەرێوە چوو, ھەروەھا سوپاسی خەڵکی خۆشەویستی دھۆک دەکەین کە بەو پەری خۆشەویستیەوە پێشوازیان کردین. وەک مژدەیەکیش دەمھەوێت ئەوە بە منداڵانی خۆشەویستی رانیە بڵێم کە ئاستی ئەو چالاکیە وای لە رێکخراوێکی بەریتانی کرد کە داوای بانھێشتی تیپەکەمان بکات بۆ ئەوەی لە وڵاتەکەیان نمایش بکات.