چاوپێکەوتن: زانا دزەیی- باوان رزگار : خانمە ھونەرمەند شەھێن تاڵەبانی بەسەردانێک گەڕاوەتەوە کوردستان و لەماوەی سێ ھەفتەدا دوو کلیپی ئەنجامداوە و بڕیارە سەری ساڵ دوو کلیپەکەی پەخش بکات و کلیپێکی دیکە بۆ گۆرانییە تازەکانی ئەنجام بدات و بگەڕێتەوە کوردستان، لەسەردانێکی بۆ ھەولێر (سڤیل) چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ئەنجامدا و رایگەیاند “کاتی ئەوە ھاتووە منداڵەکانم سەربەخۆ بژین و خۆشم بگەڕێمەوە کوردستان”.
+ ئێستا بەچ مەبەستێک گەڕایەوە بۆ کوردستان؟
شەھێن تاڵەبانی: ئامادەکردنی چەند کلیپێک لە گۆرانییەکانییە تازەمانم، بتوانم بۆ سەری ساڵ و دوای سەری ساڵ پێویستە ئەنجام بدرێت، سوپاس بۆ خوا لەھەولێر دوو کلیپم تەواو کردووە، بەھیوام کلیپێکی تریش ئەنجام بدەم، بەداوەتی فەرمان محەمەد ھاتوومەتەوە کوردستان لەکەناڵی ھەولێر، ھەر ھەمان کەناڵ سپونسەری کلیپەکانی کردم، جگە لەوەش بۆ یەکەمجار کۆنسێرتم لە ھەڵەبجەی شەھید و کۆیە ئەنجام دا، گروپی باواجی کارەکانی ئەنجامدا.
+ کێ رێگربوو شەھێن تاڵەبانی نەتوانێ بەیەکجاری ماڵەکەی بێنێتەوە کوردستان؟
شەھێن تاڵەبانی: ئەو ماوەیە کە لەوڵاتی بەریتانیا ژیاوم سێ کوڕم لەوێ بوو، دەبوایە بوەستم تاوەکو زانکۆ تەواو دەکەن و بتوانن سەربەخۆ بژین، ئێستاش کاتی ئەوە ھاتووە ئەوان بۆ خۆیان بژین و منیش بگەڕێمەوە کوردستان، ئیتر رێگری ئەوکاتم تەنیا منداڵەکانم بوو.
+ بەتەمەن بوونت کاریگەری لەسەر دەنگی تۆوە نەبووە؟
شەھێن تاڵەبانی: تەمەن ھەر دەڕوات ھەموو کەس دەزانێ کاتێک تەمەنم ١٨ ساڵ بوو کە نەفسم ھەبوو دەمخوێند بێگومان لەگەڵ ئێستام جیاوازی ھەیە بەڵام ھێشتا دەنگم ماوە و توانای گۆرانیگوتنم ھەیە.
+ باشترین شت کە لەژیانی خۆت کردووتە چییە؟
شەھێن تاڵەبانی: یەکەم شت توانیوومە دایکێکی باش بم بۆ سێ کوڕەکەم، کارێکی زۆر باشم کرد دوای وازھێنانم لەگۆرانیگوتن دووبارە گەڕامەوە سەر گۆرانیگوتن بەھۆی ئەوەی ئەو ھەموو جەماوەرە خۆشەویستە منیان خۆش دەوێت.
+ لەگەڵ رۆژنامەنووسەکان نێوان چۆنە؟
شەھێن تاڵەبانی: نێوانم باشە، ھەر دێن و منیش دڵم نایەت بڵێم نا، ھەموویان حەزدەکەم گفتۆگۆ و چاوپێکەوتن بکەن لەگەڵم، قەت دڵم نەھاتووە قسەی رۆژنامەنووسان بشکێنم.
+ لای شەھێن تاڵەبانی کێ باشترین ئاوازدانەرە؟
شەھێن تاڵەبانی: حەزناکەم ناوبێنم، ئەو کەسە باشترین ئاوازدانەرە کە راستەقینە خۆشەویستییەکی ھەیە بەرامبەر گۆرانی رەسەنی نیشتیمان و وڵات، کە دەتوانێت باشترین گۆرانی دانێ لەدڵی خەڵک و بۆ ھەمیشە بمێنێتەوە، بەڵام لەئەمڕۆدا ئەم جۆرە ئاوازادانەرانە کەم بۆتەوە کە بتوانن گۆرانییەک دانێن بۆ ماونەوە بێت، پێشتر دانە دانە گۆرانی دەکرا دەمایەوە ئێستا بەئەلبووم گۆرانی دەکرێ و بەئەلبوومەوە دەمرێت.
+ ئەی بۆچی پرۆژەکەی خۆت لەگەڵ ئاوازدانەر ھەڵکەوت زاھیر نەکرا؟
شەھێن تاڵەبانی: ساڵی ٢٠٠٧ بڕیاربوو کلیپ و ئەلبووم بۆ بکات، دەستخۆشیم لێکرد و زۆریش خۆشحاڵ بووم، بەڵام ئەو شێوازەی ئەو دەیویست نەمتوانی قبووڵی بکەم، ئەگەر میلۆدیەکی رەسەنی کوردییم بۆ بکات و بەجلی کوردیی بێت لەسەرچاو، من شەھێن تاڵەبانیم بەمنداڵی و بەگەنجیم ھەر حەزمکردووە بەجلی کوردییەوە دەرکەوم، ئەگەر ھەڵکەوت زاھیر ئەوەم بۆ بکات بەدڵ ز بەگیان قبووڵی دەکەم.
+ ھیچکات ھەوڵتنەداوە شیعر بنووسی؟
شەھێن تاڵەبانی: نەخێر ھیچکات شیعرم نەنووسیووە، ئەوە کاری رمن نەبووە، چونکە شیعرێکی بەھرەیەکی ترە، وەک ئەوەی من بەھرەی دەنگم ھەیە یەکێکی تر بەھرەی شیعر نووسینی ھەیە، شاعیر دەتوانێ ئەوە بنووسێ و کە کۆمەڵگە ونی کردووە شاعیر بەوشە جوانەکانی دەیدۆزێتەوە و دەیداتەوە بەخەڵک، جاھەندێ لەگەڵ وەریدەگرێ و ھەندێکی تر وەریناگرێت. من نەمتوانیووە شاعیر بم بەڵام بۆ ھەڵبژاردنی شیعری گۆرانییەکانم سەلیقەم ھەبووە و دائیمەن شیعری ناسک و جوان و عاشقانم ھەڵبژاردووە، خۆشبەختانە بەشێکی زۆر خەڵک وەریانگرتووە.
+ جیاوازی بەریتانیا و ھەولێر چییە؟
شەھێن تاڵەبانی: ئەگەر بەراستی من باسی بکەم ئەوروپا یان بەریتانیا کە من لەناو ئەو وڵاتە ٢٢ ساڵە دەژیم زۆر پێشکەوتوون، ئەوان بیرکردنەوەیان زۆر جیاوازە لەگەڵ ئێمە، ئێمە زۆرمان ماوە بگەین بەوان، ساڵەھای ساڵە وڵاتن، فێربوون چۆن لەگەڵ منداڵ ھەڵسووکەوت بکەن چۆن پەروەردەیان بکەن، لەم رووەوە زۆر لەگەڵ ئێمە جیاوازن، ھەموو شتێکیان بە قانوون و کاتە. بەڵام لەلای ئێمە پێشکەوتن ئەوەیە جلوبەرگ و جانتامان مارکە بێت و ماڵەکەمان خۆش بێت.
+ گۆرانیبێژی ئافرەت چۆن دەتوانێ وابکات سووک نەبێت؟
شەھێن تاڵەبانی: ھەروەک گوتم لێرە جیاوازی ئێمە و ئەوروپا وڵاتانی نیشان دەدات، ئێمە وا دەزانین ئەگەر شێوازی ئەوان بگرین و ئێمەش گۆرانی بڵێین ئیتر پێشکەوتووین، نەخێر جارێ وڵاتی ئێمە زۆری ماڵەوە، زۆر ئاساییە ئافرەت گۆرانی بڵێت، بەڵام لەمیلۆدی و شیعر و جلوبەرگی وانیشان بدات کە کوردە ئەوکاتە خۆشەویست دەبێت و خەڵک سوودی لێ وەردەگرێ، ئەگەر ھەر ھونەرمەندێک عەشقێکی راستەقینەیان ھەبێ بۆ فەرەھەنگ و کەلتووری خۆیان، قەت ناڕۆن خۆیان بەمشێوەیە نیشان بدەن و خۆیان سووک بکەن.
+ لەناو کوردەواری قسەیەک ھەیە دەڵێن “بریا ھەموو شتێک ھەبوایە پیری نەبوایە”. تۆش لەگەڵ ئەو قسەیەی؟ یان پیربوون ھەبوایە مردن نەبوایە؟
شەھێن تاڵەبانی: بەڵێ بریا پیری نەبوایە، مردن ھەبوایە منیش سەد لەسەد لەگەڵ ئەو قسەیەم، پیری خۆش نییە، بەڵام ئەوەش قۆناخێکی ژیانە، کەس بەگەنجی نامێنێتەوە و ھەموومانیش دەمرین، ئێمەش قبووڵمان کردووە.
+ حەزدەکەی بچیتەوە سنە، بەڵام قەت گۆرانی نەڵێی؟
شەھێن تاڵەبانی: حەزی من سنەیە، شارەکەم سنە، ١٩ ساڵە سنەم نەبینیووە، ھیوادارم بەزوویی بارودۆخێک دروست بێت بتوانم بچمەوە سنەوە، نەک من ھەموو ئەوانی تریش بتوانن بگەڕێنەوە شارەکەیان، زۆریش ھەیە، یەکێک لەوانە خۆمم، کە بتوانم کۆنسێرتیان بۆ بکەم، بەڵام بۆ ھەڵبژاردنەکە دیسانەوە گۆرانی ھەڵدەبژێرم و نەچمەوە سنە، چونکە لەھەر کوێیەک گۆرانی بڵێم ئەوان لەدوورەوە گوێیان لەدەنگی من دەبێت، ناتوانم بەبێ گۆرانی و مۆسیقا بژیم.
+ بۆچی فەیسبووکت نییە؟
شەھێن تاڵەبانی: فەیسیبووکم ھەیە، حەوت ھەزار ھاوڕێم ھەیە و پێکەوە چات دەکەین.
+ دوا وتەت؟
شەھێن تاڵەبانی: داوا لەخەڵک دەکەم ئەگەر بیانەوێت پێشبکەوین لەھەموو بوارێک دەبێ پشتگیری بکەن لەھونەرمەندانی خۆمان، ھونەرمەندانی بێگانەیان زیاتر خۆشدەوێت، ئێمەی ھونەرمەندی کورد بەوە دڵخۆشین ئەگەر جەماوەر پشتمان بگرێت.