ئاکۆ عارف : ھەواڵی ئەنجامدانی یارییەکی دۆستانە لە نێوان ھەردوو ھەڵبژاردەی ئەرجەنتین و عێراق دا ، بەجۆرێک لە جۆرەکان ھەمووان و بەتایبەتی ھەوادارانی وەرزشی لە کوردستاندا بەدیوی دڵخۆشیدا ھەژاند ، ئەم یارییە ئەگەر ئەنجام بدرێت لەچەندان لایەنەوە واتای گرینگ و بایەخی خۆی ھەیە ، گەرچی دۆستانەشە بەڵام دەبێتە یارییەکی مێژووی ، لەھەمووی گرینگتر بۆ ئێمە ئەوەیە کە وەک باسی لێکراوە یارییەکە لە کوردستان ئەنجام دەدرێت .
یاریکردن لەبەرامبەر ھەڵبژاردە بەھێزەکانی جیھاندا بەتایبەت لەبەرامبەر ھەڵبژاردەکانی ئەرجەنتین ، بەرازیل ، ئیتاڵیا ، ئەڵمانیا و ئینگلتەرا ھەڵوەستە و قسەی زۆر ھەڵدەگرێت ، ئەمە بۆ ئەرجەنتین کە جەمسەرێکی گەورەی تۆپی پێی جیھانە لە ئێستادا بەھاو کاریگەر ییەکانی لە خوێندنەوە وێنای زیاترە ، چونکە لە کورترین ئاماژەدا دەکرێت ھێما بەوەبکەین کە سەرباری گەلە ئەستێرەکانی ئەو تیپەو تیپی ھەڵبژاردەکە وەک یەکێک لە دیارترین ناو لەجیھاندا ، ئەمرۆ تیپی تانگۆ خاوەنی لیۆنێل ئەندرێس میسی چاکترین یاریزانی جیھانە و ئەو وەک مارادۆنای ساڵانی ٨٠ کان بەتەنیا بۆخۆی تیپێکە .
جیاوازیەکانی نێوان ھەردوو ھەڵبژاردەی عێراق و ئەرجەنتین گەلێک زۆر و زۆرجیاواز و ھێندەی مەودای دوری نێوان ئاسمان و زەمینە ، ئەگەر باس لە ناو و دەسکەوت و نازناو و ئەنجامی یاری و یاریگا و یاریزانان و یانەکانیش نەکەین کە ھەموو ئەمانە و زۆر خاڵیتریش ئەرجەنتین ی کردۆتە ئەو تیپەی کە پێی بووترێت پاڵەوانێک بۆ ھەمیشە یاخود زەمینی تۆپ و ئەستێرەکان ، ئەوە ئەگەر بەدێڕکیش بووە دکرێت بڵێین لەوێ عەقڵ گەمە دەکات ، بەڵام لە عێراق ی دوێنێدا دەسەڵاتێکی شۆفێنست و لەئەمرۆشدا زۆرجار بەرژەوەندی تۆپی ئاراستەکردوەو لەھەندێک قۆناغ و سەردەم وکاتیشدا شار و ناوچەگەرێتی تیپ بەرھەم دێنێت !، لە ئەرجەنتین تاکتیک و پلان بناغەی تیپ و یارییەکانە لەعێراقی سەردەمی دیکتاتۆریەت دا نەوەکانی عۆجە تۆپیان دەجوڵاند و ئێستاش بەداخەوە وەرزش گرفتاری جۆرەھاگرفت و نەخۆشیە .
چەند خۆشە خەڵکی کوردستان و عێراق لەنزیکەوە یاری ئەو تیپە ببین کە لەدورترین شوێنی دنیایە و ئەمان لێرەوە خۆشەویستی بێسنوریان بۆی ھەیە ،بێگومان چەندساڵێکە زۆر بە ئاشکرا تۆپ و یاری و ستارەکانی تۆپی پێ لەنێویشیاندا میسی و تیڤیز و ئەگوێرۆ و ھیگواین وێردی سەرزمانی وەرزش دۆستانی کوردستان و عێرقن ،ھاو ووڵاتانی کێمبس و کانیجیا و باسارێلا و مارادۆنا و باتیستوتا کەلەترۆپکی یاریکردندان لێرە ھەوادارگەلێکی زۆریان ھەیە و ئەگەربێت و ھاتنیان رێکبخرێت ، خۆئەگەر لەنزیکترین دەرفەتیشدا نەبێت و ھارکاتێک بێت ھاتنی ئەوان ببێتە راستی و بێنە کوردستان ، ئەوا ئەگەر لەرێگای ھاندانیشەوەبێت وەرزش دۆستی گەلێکی مەدەنی خواز دەبینن کەجەنگ و ماندوێتی ژیان و زوڵم و ستەمی دیکتاتۆریەت ی داگیرکەران نەیتوانیوە دەنگی شارستانیەت و ئازادیخوازانەی کپ بکات ، بەڵکو کوردستان و خەڵکەکەی وەک ھەمیشە دۆستی گەلانی جیھانن .
تائێستا ھاتنی ھەڵبژادەی ئەرجەنتین بۆ کوردستان و یاریکردنی بەرامبەر ھەڵبژاردەی عێراق تەنیا وەک ھەوڵ و ھەواڵ ماوەتەوە ، دەخوازین ھەر رۆژێک بێت ئەو رووداوە مێژوویە ببێتە راستی و رووبدات ، وەک تاکێکی کوردستانیش دەخوازم رۆژێک بێت خەونی یاریکردنی ھەڵبژاردەی کوردستان یش بەرامبەر ھەڵبژاردەی ئەرجەنتین ببێتە واقع .