ئەحمەد سەنگاوی: بەو پێیەی کاپتنی تیپەکان بەرپرسیاریەتیەکی زیاتریان لەسەرشانە بە بەراورد بە یاریزانانەکانی دیکەی تیپ، بۆیە پێویستییەکی بەردەوامە زۆر بەرپرسیارانە کردار بنوێنن, بۆ وێنا زۆربەی کەڕەت دەبینن لە خول و پاڵەوانیەتیەکاندا بڕێک لەکاپتنی تیپەکان ھیچ گوێیەک بەم بەرپرسیاریەتییە نادەن و زۆر بێباکانە لەنێو گۆڕەپانی تۆپی پێ دا ڕەوتاری ناجۆر دەنوێنن، بۆ وێنا چەندین جار ( جۆنتێری, فراچیسکۆ تۆتی و…تاد) دەبینین بەھۆی بەنارشیەت و توندوتیژیەوە ناوبژیوان بە کارتی سوور لە ئەنجامدانی یاری بێبەشیان دەکات, ئەمە لەکاتێکدا دەبێت کاپیتان لە سەرلەبەری یاریزانانی دی ھۆشیارانەتر مامەڵە بکەن, بەڵام لەبەرابەر ئەم چەشنە لە کاپیتان جۆرێکی ھەیە کە ئێجگار دانسقە و دەگمەنن، ئەو یاریزانانەی کە ھێمای ڕابەرایەتی لە قۆڵیان دەئاڵێنن و دەبن بە کاپتنی تیپەکەیان، قودرەت و توانایەکی باشیان ھەبێت لە ڕاگرتنی ھاوسەنگی و باڵانس لە نێوان خۆیان و یاریزانان و ڕاھێنەران و جەماوەراندا، تەنانەت لەگەڵ ئەو تیپانەی کە لە ساڵانی پێشوودا لە دژیان وەستاوەتەوە.
(خافیەر زانێتی) یاریزانی ھەڵبژاردەی ئەرجەنتینی تەمەن (٣٩)ساڵ، یەک لەو کاپیتانە دیار و بەرچاوانەیە، کە بووەتە سیمبوولی ڕێز و وەفا و ئەمەکداری و ڕەوشتبەرزی. زانێتی ئەو ئەستێرەیەیە کە لە ساڵی (١٩٩٥)وە گرێبەندی دەگەڵ یانەی (ئینتەر میلان)ی ئیتاڵی واژۆ کردووە. بەدرێژایی حەڤدە ساڵی ڕابووردووی یاریکردنی لە یانەکەی شاری میلانۆـ تا ھەنووکە لەگەڵ ئەو ژمارە زۆرە لە یاریزان و ڕاھێنەر و ھەواداری یانەکە زۆر ئارام و لەسەرخۆ ڕەفتاری نواندووە و توانیویەتی خاوەنی کەسایەتییەکی زۆر بەھێز و پتەو بێت، بە چەشنێک وەک خۆشەویسترین یاریزانی یانەی (نیراتزۆری) باسی لێوە دەکرێت، گەر بڵێین زانێتی لە ڕووی پیشەگەرێتییەوە جوانترین و قەشەنگترین وێنەی پێشکەش کردووە، زیادەڕۆییمان نەکردووە، چونکە کەم کاپتن ھەیە بە ئەندازەی زانێتی خاوەنی ئەو ڕەوشت و خەلاقییەتە بەرز و باڵایە بێت، ئەمە جگە لەوەی خزمەتێکی زۆر گەورەی بە یانەکەی کردووە، کە توانیویەتی لە زۆر جێگای یلریگادا یاری بکات و کەلێنەکان پڕ بکاتەوە، واتا وەکو یاریزانێکی جۆکەر لە یاریگادا دەرکەوتووە. جارێک بەرچاومان نەکەوت کە ئەم یاریزانە ئەرجەنتینییە کێشەی دروست کردبێت لەگەڵ یاریزانانی ھاوکاری، تەنانەت بە چاوێکی پڕ ڕێز و حورمەتەوە لە تیپی بەرانبەری ڕوانیوە.
بۆیە ئەم جۆرە یاریزانانە ھێندە دەگمەنن، پێویستە بە چاویلکەی وردبینی بۆیان بگەڕێین، نووسین لەسەر ناوازەیی و ڕەوشتبەرزی و ئاکری جوانی ئەم کاپتنە لە یاریگادا زۆر لەوە زیاتر ھەڵدەگرێت، کە من لە گۆشەیەکدا جێی بکەمەوە، چونکە ئەفسوونی ئەم یاریزانە ھەر لە گۆڕەپانی نیشتمانەکەیەوە (ئەرجەنتین) تا دەگاتە خولی کاڵچۆی ئیتاڵی (ئەم خولە لە ساڵانی پێشوودا ناوە مۆندیالی بچووکی لێ نرابوو).
زانێتی لە ھەڵکشانی ئاستی یانەکەیدا ھەموو ھەوڵێکی داوە و تواناکانی خۆی بۆ ئەو مەبەستە خستووەتەگەڕ، لە پێناو خۆشنوودکردنی تەرەفگیرانی یانەی ئینتەر میلان. ئەم ئەستێرەیەی ئەلبی سێلێستی سەخاوەتێکی لە ئەندازە بەدەری لە بەتەنگەوەھاتن و خزمەتکردنی یانە ئیتاڵییەکە نیشانداوە، لە پێناو گەیاندنی ئاستی یانەکەی بە چڵەپۆپە و دوندی سەرکەوتن.
گرنگییەکی تری ئەوەیە، کە لەو ماوە زۆرەی تەمەنی یاریکردنی لە یانە شینپۆشەکە زۆر بە کەمی لەسەر کورسی یەدەگ دانیشتووە و بە بەردەوامی یەک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی تیپەکەی بووە و وەکو ڕابەری تیپەکە و ڕاھێنەری دووەمی یاریزانان لە نێو یاریگادا ڕۆڵی بەرچاوی گێڕاوە لە خرۆشان و جۆشدانی یاریزانانی ھاوەڵی، ھێندە غەمخۆرانە و دڵسۆزانە تێکۆشاوە لە خزمەتکردنی تیمەکەیدا، وەک ئەوەی یانەکەی پارچەیەک بێت لە ڕۆحی خافییەر. گەر بڵێین لە بیست ساڵی ڕبووردووی یانەی ئینتەر میلان زانێتی لە کن ھەوادارانی یانەکە بە خۆشەویسترین و وەفادارترین یاریزان دێتە ھەژمار، ئەوا دانمان بە ڕاستییەکی حاشا ھەڵنەگردا ناوە، چونکە لێبڕاوانە جەنگاوە و بە عومرێکی درێژەوە (٣٩ساڵ) ئەوەندە چالاکە، ھەست دەکەیت لاوێکی بیست بەھارەیە.
لە کۆتاییدا ماوەتەوە بڵێین، کاپیناتی پێچرانی پارچە قووماشێک نییە لە قۆڵ، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی زۆر گەورەیە، بە جۆرێک لەسەر ئەو یاریزانەی ئەم ھێمایە دەکاتە قۆڵی، پێویستە لایەق بەم نیشانەیە بێت، چونکە وەکو سومعە و ھەیبەت و شکۆی تیپەکە لێی دەڕوانرێت، ناکرێت یاریزانێکی ھەڵەشە و دەروونشێواو ھەڵگری ئەم جۆرە بەرپرسیارێتییە بێت.