كارۆخ مەلائەسعەد: “گۆرانیبێژ (سیریل) خەڵكی شاری سلێمانییە و ماوەی 20 ساڵە لە وڵاتی سوید نیشتەجێ بووە.
هاوكات خاوەنی سێ بەرهەمی تایبەت بەخۆیەتی و، ئێستایش سەرقاڵی بەرهەمهێنانی ئەلبوومێكە كە سەرجەم ئاوازەكانی لە لایەن (هەڵكەوت زاهیر)ـەوە دانراوە. لە دیمانەیەكی “هەولێر”ـدا پێیوایە ئەو كارە تازەی بۆ ئەو ئەزموونێكی نوێیە و بڕوای وایە بتوانێ بە باشی ئەو ئەزموونەیش ببڕێت. هەروەها باس لەو كارە تازەی دەكات و تیشكیش دەخاتە سەر چۆنییەتی سەرخستنی دەنگی گۆرانیبێژ.
* ئایا (سیریل) هەموو تواناكانی دەنگی تا ئێرە بووە؟ یاخود زیاتری لێ چاوەڕوان دەكرێت؟
ــ بێگومان گۆرانیبێژ دەبێت توانای دەنگی لە ئاستێكی باشدا بێت، ڕاستە لە ئێستادا لای بەشێك لە هونەرمەندانی گۆرانیبێژ گرنگی بە توانای دەنگ نادرێت، هەڵبەتە من ئەوەیش بە كارێكی خراپ دەزانم، بەڵام من وەكوو خۆم بەردەوام ڕاهێنان لەسەر دەنگ دەكەم.
سەبارەت بە دەنگی خۆم تا ئێستا من خاوەنی سێ بەرهەمی تایبەت بە خۆمم، وەلێ بەدڵنیایی كۆی ئەو بەرهەمانەیشم خۆشدەوێت.، كە بوونەتە هۆی ناساندنم. هاوكات دەتوانم بڵێم تا ئێستا توانای دەنگم بە باشی دەرنەكەوتووە.
* لە وڵاتە بیانییەكاندا زۆر جار لە لایەن چاودێرانەوە دەگوترێت، هونەر و میووزیك دنیایەكی تایبەتە و بە هەموو كۆمەڵگەوە گرێدراوە. ئایا لە وڵاتەكەی ئێمەیشدا هونەر و میووزیك هەمان لێكدانی هەیە لەگەڵ كۆمەڵگەدا؟
ــ ڕەنگە من فراوانتر لەو ڕوانینە لە هونەر بڕوانم، بە بڕوای من هونەر گرێدراوی بیركردنەوەیەكی هیۆمانستییە، هونەر سەرچاوەی سەرەكیی پێكەوە گرێدانی سەرجەم مرۆڤایەتییە، چونكە هونەر هێمایە بۆ گەییشتن بە خۆشەویستییەكی كامڵ، لە بەرانبەر سرووشت و مرۆڤایەتیدا، ئەمەیش وا دەكات هونەر ببێتە سەرچاوەی ژیان و ئارامی و خۆشەویستیی و پێكەوە گرێدانی سەرجەم مرۆڤایەتی. تۆ بیهێنە پێش چاوی خۆت، لە سەردەمێكی وەك ئێستادا، كە دنیای ماددییەت باڵای كردووە، شەڕ و نەهامەتی لە برەودایە، سیاسەت و ئابووری زۆربەی كۆمەڵگە و وڵاتانی لە یەك جودا كردووەتەوە.
هاوكات خەڵكی زۆری لێكجیا كردووەتەوە و بێ ئومێدییان گەیاندووەتە لووتكە، بەڵام هونەر دووبارە بە یەكیانەوە دەبەستێتەوە، ئەوەیش نیشانەی گەورەیی هونەرە وەك كایەیەكی فراوان، كە تێیدا جوانی لە لووتكەدایە، لە كۆمەڵگەی خۆشماندا هونەر لە بەرەوێكی بەردەوامدایە، هیواموایە بتوانێت لە داهاتوودا ببێتە ئەو خوانەی كە سەرجەم مرۆڤەكان لەسەر خۆی كۆ بكاتەوە.
* كۆمەڵگە دەتوانێت چ سوودێك یان چی هەستێك لە گۆرانیبێژ وەرگرێت؟
ــ هونەر و هونەرمەندان، هەمیشە بنەمای سەرەكیی خۆشەویستیی و یەكتر قبووڵ كردن و ئاشتی و ئارامین، هەر ئەوەیش گەورەترین سەرمایەیە بۆ كۆمەڵگە و مرۆڤایەتی.
* لە كلیپ و گۆرانییەكانتدا وا دەردەكەوێت كە (سیریل) لە ڕابردوویدا، وەفا و خۆشەویستییەكی زۆری هەبووبێت، بەرانبەر كەسێك و پاشانیش دووچاری پەشیمانی و دڵبریندار بوون بووبیتەوە؟
ــ یەكێك لە كێشەكانی مرۆڤی ئەم سەردەمە، تێنەگەییشتنە لە پەیام و پەیمانی خۆشەویستیی، بۆیە هەمیشە مرۆڤ رووبەڕووی حاڵەتی نامۆ دەبێتەوە، ڕەنگە گۆرانییەكانی منیش خستنەڕووی ئەم دۆخە بێت بە گشتی، چونكە لەم سەردەمەدا بەشێكی زۆری مرۆڤەكان، خەمەكانییان لە یەك دەچن.
* لە ئێستادا سەرقاڵی ئەلبوومێكی نوێی، ئەگەر باسێك لە وردەكارییەكانی ناو ئەو ئەلبوومە تازەیەت بكەی؟
ــ ئەو ئەلبوومە لای من گرنگی خۆی هەیە، هیواموایە بتوانم خزمەتێك بە هونەریی كوردی و گوێگرانی خۆم و هاووڵاتیانی وڵاتەكەم بكەم، كە سەرجەم ئاوازەكان لە لایەن هونەرمەند (هەڵكەوت زاهیر)ـەوە دانراون، كە بۆ من ئەزموونێكی نوێیە و بڕواموایە بتوانم بەباشی ئەو ئەزموونەیش ببڕم.
تێكستەكانیش لە لایەن هەریەك لە شاعیران (ئەحمەد محەممەد، فەرەیدون عەبدول بەرزنجی، حەمە سەعید حەسەن، سەباح بایەزنی، بەرهەم عەلی، ڕێبوار ڕەزا چووچانی، دەرباز یوونس، كاوە حوسێن)ـەوە نووسراون. هیواموایە هەموومان بتوانین پێكەوە خزمەت بە گەلەكەی خۆمان بكەین، سەبارەت بە ناوی ئەلبومەكەیشم هێشتا زووە كە باس لە ناوەكەی بكەین.