مەسعودی مەلا ھەمزە : بە شێوەیەکی فەرمی لیژنەی وەرگرتنی فیلم لە فیستیڤاڵی (ستێپ) ی تایبەت بە مافی مرۆڤ لە وڵاتی ئۆکرانیا ناوی فیلمە بەشداربووەکانی راگەیاند. کورتە فیلمی دەنگە نەبینراوەکان بە نوێنەرایەتی ھەرێمی کوردستان، یەکێکە لە فیلمە بەشدار بووەکانی ئەم بۆنە سینەماییە گرنگە کە لە رۆژانی ھەشت تا دوانزدەی مارس لە شاری خارکۆڤ لە ئوکرانیا بەڕێوە دەچێت. ئەم فیلمە لە سیناریۆ و دەرھێنانی نووسەر و سینەماکار
(فەرزین کەریم)ە و ئەرکی بڵاوکردنەوەی لە سەر ئاستی فیستیڤاڵە جیھانییەکان لە ئەستۆی کۆمپانیای ستاک فیلمی سنەیە لە وڵاتی ئێران. فیلمەکە لە وێنەگرتنی ساڵم سەڵەواتی و مۆنتاژی تۆفیق ئەمانیە و، ھەر یەک لە ئەکتەران رۆژان حەمە جەزا و سەربەست رەزا رۆڵی سەرەکیان تێدا گێڕاوە.
شایانی باسە ئەم کورتە فیلمە لە دوای تەوابوونی بەرھەمھێنانی، لە مانگی شەشی ساڵی رابردوو بە دواوە بەشداری کۆمەڵێک فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کردووە لە وانەش پارامۆنتی تەکساس لە ئەمریکا، کازان لە روسیا، ئەلتەرناتیڤ لە رۆمانیا، ئەستەنبول لە تورکیا، جیپور لە ھیندستان و … ھتد.