فیلمی سینەمایی “وەرزی کەرکەدەن” لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد “بەھمەن قوبادی” لە بەشی تایبەتی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “تۆرێنتۆ” نمایش دەکرێت.
فیلمی سینەمایی “وەرزی کەرکەدەن” Rhino Season دوایین بەرھەمی سینەماکاری ناودار و بەئەزموونی کورد “بەھمەن قوبادی” لە یەکەمین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا و بە ئامادەبوونی ئەم فیلمسازە کوردە لە بەشی تایبەتی سی و حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “تۆرێنتۆ” لە وڵاتی کەنەدا نمایش دەکرێت. لەم بەشەدا ستافی ئامادەکردنی فیلمەکە دوای نمایشی فیلمەکەیان لەگەڵ بینەران و ئامادەبووانی ناو ھۆڵەکە وتووێژ دەکەن.
فیلمی سینەمایی “وەرزی کەرکەدەن” شەشەمین بەرھەمی “بەھمەن قوبادی”یە کە تیایدا “بێھرووز وسووقی” ئەکتەری ناوداری سینەمای ئێران و ھەروەھا ئەکتەری بەتوانای ئیتاڵی “مۆنیکا بێلوچی”، ئەستێرەی سینەمای تورکیا “بێران سات”، “یەڵماز ئوردووگان” و “بئێلجیم بێلگین” دوو ئەکتەری ناوداری تورکی و “ئاڕش لەباف” گۆرانیبێژی بەناوبانگی ئێرانی رۆڵ دەبینن.
فیلمی سینەمایی “وەرزی کەرکەدەن” چیرۆکی شاعیرێکی کورد بۆ بینەر دەگێڕێتەوە کە لە رێگای شیعرەکانییەوە بە شوێن ژیانی ونبووی خۆیدا دەگەڕێت. موزیکی ئەم فیلمە ١٠٤ خولەکییەی قوبادی لە لایەن موزیکزانی ناوداری کورد و ئامێژەنی بەتوانای کەمانچە “کەیھان کەڵھو ڕ” سازکراوە.
بەشی تایبەتی سی و حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “تۆرێنتۆ” یەکەمین نمایشی دوایین بەرھەمی “بەھمەن قوبادی” لە تەنیشت دوایین بەرھەمی چەندین فیلمسازی ناسراوی سینەمای سەربەخۆی جیھان نمایش دەکات. نوێترین بەرھەمی “رابێرت رادفۆرد” ئەکتەری ناوداری ئەمەریکی و فیلمەکانی ئەکتەری بەناوبانگی ئیسپانی “خاوییەر باردەم” و “جەکی جان” یەکێکن لەو فیلمانەی کە لەم بەشەدا پێشکەش دەکرێن.
“وەرزی کەرکەدەن” لە بەشی تایبەتی سی و حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “تۆرێنتۆ” لە یەکەمین نمایشی خۆیدا و بە ئامادەبوونی ئەکتەرە پیشەییەکانی سینەمای جیھان، رۆژی ١٢ی ئەیلوول / سێپتەمبەری ٢٠١٢ نمایش دەکرێت.
فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “تۆرێنتۆ” کە یەکێکە لە فیستیڤاڵە گرینگ و پلە یەکەکانی سینەمای جیھان کە بە بەشداری بەرھەمی سینەماکارانی ناودار و بەئەزموونی سەرتاسەری جیھان لە چەندین بەشی جۆراوجۆری پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە: بەشی “فیلمسازە سەربەخۆکان”، بەشی “مامۆستایان”، بەشی “کەشفی بەھرەمەندان” و بەشی “دیکۆمێنتاری” لە رۆژانی ٦ تا ١٦ی ئەیلوول / سێپتەمبەری ٢٠١٢ لە شاری تۆرێنتۆ لە وڵاتی کەنەدا بەڕێوەدەچێت.
“وایلدبانچ” wildbunch لە کۆمپانییە بەرچاوەکانی بڵاوکەرەوەی فیلم لە ئاستی ئەورووپا، مافی
بلاوکردنەوەی جیھانی فیلمی سینەمایی “وەرزی کەرکەدەن”ی لە ئەستۆدایە و لەو بەرنامەیەی کە بۆ نمایشی
ئەم فیلمە دیاریکردووە لە سەرەتای وەرزی پاییزی ئەمساڵدا لە سینەماکانی تورکیا و پاشان لە سینەماکانی ئەورووپا و ئەمەریکا نمایشی دەکات.
قوبادی ئێستاکە لە ئەمەریکا سەرقاڵی ئامادەکردنی قۆناغە کۆتاییەکانی فیلمێکی دیکەیە بە ناونیشانی “چاو لە سەرێی کە”. ئەم فیلمە یەکێکە لەو ١٠ کۆمەڵە فیلمە بە ناوی “خودا و مەزھەب” کە ١٠ دەرھێنەر بە ١٠ مەزھەبی جیاواز، لەم کۆمەڵەیەدا فیلمسازیان کردووە.
لە کۆمەڵە فیلمی “خودا و مەزھەب”دا چەندین دەرھێنەری ناوداری سینەمای جیھان، لەوانە: ئەمیر کۆستاریکا، میرا نایێر، گیلێرمۆ ئارییەگا و چەندین دەرھێنەری دیکە بەشدارن کە بەشی تایبەت بە دینی ئیسلام لەم ١٠ کۆمەڵە فیلمەدا، لە لایەن بەھمەن قوبادی ئامادەکراوە.
بۆ زانیاری زیاتر:
http://tiff.net/filmsandschedules/tiff/٢٠١٢/rhinoseason