دیدار نانەكەلی : مۆندیال, وەكو گەورەترین ڤیستیڤاڵی وەرزشی لە سەرانسەری جیهان هەموو چوارساڵ جارێك خۆی دەكاتە خانەخوێی كیشوەر و ووڵاتێك. مێژووی مۆندیال ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت , كە مۆندیال هۆكاری سەرەكی بووە بۆ لەبیربردنەوەی جەنگ و نەهامەتیەكانی شەڕی جیهانی یەكەم و هەربۆ ئەو مەبەستەش بایەخی پێدراوە. تا ئەوكاتەی ئامانجەكان دەپێكێت و خەم و خەفەتی پاشماوەكانی جەنگ لە ئەوروپا و ئەمریكای لاتینی و جیهان وەلادەنێت و دەبێتە بواری حەز و تامەزرۆیی و پێشبڕكێیەكی پاك و برایانە.
هەر بۆیە جگە لە سڕینەوەی ئاسەواری جەنگ مۆندیال بووە هۆكارێكی گرینگ بۆ لەیەكتر نزیك كردنەوەی ووڵاتە ناكۆكەكان.نكۆڵیش لەوە ناكرێت وەرزش بواری جوانی و تەبایی و ڕێزگرتن و لێبوردەیی و پاكیە.ئەگینا مۆندیال لە جەنگی دووەمی جیهانی نەدەوەستا و هاوشانی جەنگە مەترسیدار و دژوارەكان بەردەوامی دەبوو. بەڵكو وەستانی شەڕی كردە مەرج بۆ دەستپێكردنەوەی ئەو كەرنەڤاڵە مەزنە. لەگەڵ دەسپێكردنی جامی جیهانی هەموو چوار ساڵ جارێك تەواوی دونیا بەهەر حەوت كیشوەرەكەیەوە سەرقاڵ و تامەزرۆ دەكات. ئەو ووڵاتەی چانسی میوانداریكردنی مۆندیالی پێ دەسپێردرێت , خۆشی ڕووی تێدەكات و بە سەدان هەزار میوان لە شوێنە جیاوازەكانی جیهان ڕووی تێدەكا و دەبنە خاوەن بەختێكی باش.بەداخەوە ئێمەی هەوادارانی وەرزشی لە كوردستان هەموو كات خۆمان داوەتە پاڵ هەڵبژاردەیەكی بیانی و لە لای خۆمان هاندەریانین و پێمان خۆشە بیبەنەوە.لەبەر ئەوەی خاوەن ووڵاتی سەربەخۆی خۆمان نین تا بەشداربین لە پێشبركێ ی هاوشێوەی مۆندیال. وە زۆر بە ئەستەمیش دەتوانین ببینە هاندەری نێو یاریگا, هەمیشە لە ڕێگەی كەناڵەكانی تەلەفزیۆنەوە سەیری دوواترین پێشهات و گۆڕانكاریەكانی جامی جیهانی دەكەین. بۆیە تام و بۆی مۆندیال زۆر سارد و كرچوكاڵ لای ئێمە هەستی پێدەكرێت.وەلێ ئەوەی زیاتر ئەو مەسەلەیە لە گەرموگوڕی و جوانی و تازەگەری خۆی دەكەوێنێت , بوونی چەند دەنگێكی نەشاز و لێكۆڵینەوە و لێوردبوونەوەیەكی زۆر نەشارەزایانە و بێ بنەمایانەی هەموو ئەو بێژەرە وەرزشیانەی خۆمانن كە لە كەناڵە ناوەخۆییەكان هەڵدەستن بە گواستنەوەی یاریەكان.چونكە بەڕای زۆرینەی هەوادارانی وەرزش لە كوردستان ئەو پێشكەشكردنەی بێژەرە وەرزشیەكان لە كەناڵەكانی تەلەفزیۆن نەبوونی باشترە لەوەی ئەمڕۆ هەیە.چونكە ئەو بێژەرە بەڕێزانە باش دەزانن نە دەنگیان هەیە نە شارەزایی لەو بوارە. وە لێدوان و توانجە عەرەبیەكە زۆر باشتر و گەرم و گوڕترە. لەبەر ئەم هۆكارانە:
1-ئەوانەی ئێستا كاری بێژەری وەرزشی دەكەن لە كوردستان ئارەزوومەندانە هەستاون بە كارەكە, نە شارەزایی و نە بڕوانامەیەكیان هەیە لەو بوارە, ئەوەی كە دەیزانن تەنها لاسایی كردنەوەیەكی زۆر سارد و سڕە.
2-زانیاریان لە دووا پێشهات و گۆڕانكاریەكان زۆر كز و سادەیە, كە هیچ كات سوود بە بینەر ناگەینێت.
3-بێژەرە خۆشەویستەكانی لای خۆمان هەر وەكو ئێمە لە شاشەی تەلەفزیۆن سەیری یاریەكان دەكەن, نازانم ڕوونكردنەوەی زیاتر لە كوێ دەینن؟ بەو كەسە دەگوترێت بێژەر كە لەناو جەرگەی گۆڕەپانەكە بێت.ئاگادری هەموو جموجۆلێكی ناو یاریگا بێت و هەست بە گەرمی و ساردی یاریەكە بكات.
4-لێدوان و ڕونكردنەوەكان لە كاتی یاریكرنی هەڵبژاردەكان لەلایەن بێژەرەكانمان زۆرینەی كات دروستكراوە.
5-بێژەری وەرزشی لە كاتی گواستنەوەی یاری بۆی نیە هەڵسەنگاندن لەسەر ئاستی یاریزان و توانا و تەكنیكەكانی ڕاهێنەرێكی بەشداربووی مۆندیالێكی مەزن بكات, ئەگەر خاوەن شارەزاییی و ئەزموون و مێژوویەكی دوور و قوڵی وەرزشی نەبێت لەسەر ئاستی جیهان.ئەوە كاری بێژەر نیە ,لەسەر لێكۆڵەر و شارەزاو خاوەن گەورەترین بڕوانامەكانی ئەو بوارەیە قسە لەسەر ئاست و تەكنیك و جموجۆڵ بكەن , نەوەك كەسێك لەژیانی وەرزشی نەكردبێت و ڕەخنە لە ڕاهێنەر و یاریزانێكی ئەزموونداری نێو مۆندیال بگرێت.
بۆیە پێمان وایە كەناڵە ناوەخۆییەكانمان خزمەتێكی گەورە و كارێكی پیرۆز دەكەن ئەكەر یاریەكان وەكو خۆی لە زمانی موعەلیقی نێو یاریگا و بە دەنگی هاندەرانی یاریگاكان بگوازنەوە, هیچیش پێویست ناكات بە دەنگێكی نەشازی بێژەرەكانمان كە هیچ كات ئەوە نابێتە كاری ئەوان یاریەكان لە جوانی خۆی بكەوێنن.بڕیاریش وایە دەزگای جەزیرەی وەرزشی قەتەڕی بە 5 كەناڵ و بەدەنگی باشترین بێژەری وەرزشی لەسەر ئاستی جیهان و بە ئامادەبوونی لێدوانەكانی گەورەترین شارەزاكانی بواری تۆپی پێ هەڵبستن بە گواستنەوەی یاریەكان و گەیاندنی گەرمترین هەواڵە وەرزشیەكانی مۆندیالی باشوری ئەفریقیای 2010. جابۆیە دەنگی ئەو بێژەرانەی خۆمان لەسەر ئەو یاریانە دەبێتە هۆی ناڕەزاییەكی دروست,كەناڵە ناوەخۆییەكانیشمان پێویستە ئەوە بزانن كە مۆندیال وەرزێكی پڕ بایەخ و هەل و دەرفەتێی گونجاوە بۆ ڕاكێشانی بینەر بۆ لای خۆیان, بەڵام ئەوەی ئەو دەرفەتە لە كیس دەدات دەنگی ئەو بێژەرە كوردیانەن كە زۆر بە زەحمەت هەواداری وەرزشی دەتوانێت خۆشی و كەیفی لێوەرگرێت .بۆیە من پێم وایە مۆندیال لە ئێمەی دەوێت ڕكابەری و ململانێكانی نێو یاریگا وەكوخۆی بگوازرێتەوە لای بینەر.