دیـــدار نانەکەلی : خۆ خزاندنە نێو پاڵەوانیەتیە نێودەوڵەتیەکان بۆ ھەڵبژاردەی تۆپی پێی کوردستان بە شێوەیەکی فەرمی لەنێو چاڵاکیەکانی یەکێتی تۆپی پێی جیھانی (فیفا) زۆربەی ئەستەمیەکانی تێپەڕاند و توانی نیشانی بدات کە ھێز و توانای پڕ لە بەرائەت و برایەتی وەرزش دەتوانێت ھەموو ئەو ھەنگاوانەی پێشکەوتنی ووڵاتێک ببڕێت کە زۆر جار سیاسەت دەرەقەتی نایەت و تێیدا دەستەوەستان دەوەستێت.
لە کاتێک کە خەونی ھەموو وەرزشدۆست و وەرزشەوانێکی کوردستان بوو کە ھەڵبژاردەکەیان لەنێو رکابەڕیە نێودەوڵەتیەکانببینن، بەرەوپێشچوونی قۆناغەکانی سەرکەوتنی ئاستی وەرزش لە ھەرێمدا توانی بەشێک لەو شاخە سەھۆلبەندانیە بشکێنێت و دەستی پێش ھەنگاوە سیاسیەکان بێخی. چونکە ئەو ھەنگاوانەی ئیستا ھەڵبژاردەکە دەیبرێت پێشوەختە لەگەڵ سەربەخۆیی ووڵاتێکی ئازاد و پشتیوانکار.
پاش چوار جار بەشداربوون لە جامی جیھانی ھەرێمەکان و بەدەستھێنانی پلەی دووەم لە دوو پاڵەوانیەتی، ھەڵبژاردەی تۆپی پێی کوردستان توانی میوانداری جامی (ڤیڤا) بکات لەنێو خاکی ھەرێمی کوردستان.پێنجەم پاڵەوانیەتی جامی ھەرێمەکان لە بەرواری ٤/٦/٢٠١٢ لەسەر یاریگای نێودەوڵەتی شەھید فەڕەنسۆ ھەریری لە ھەولێری پایتەخت بە بەشداری ٩ ھەڵبژاردە کە دابەشکرابوون بۆ سەر ٣ گرووپ دەستی پێکرد.
ھەڵبژاردە بەشداربووەکان پێکھاتبوون لە کوردستان، بیابانی رۆژئاوا، ئۆکستانیا، زەنزیبار، رایتیا، تامی ئیلام.
قوبرسی تورکیا، دارفور، پرۆڤنس.
یاری کردنەوەی ئەو پاڵەوانیەتیە لەنێوان ھەڵبژاردەی کوردستان و بیابانی رۆژئاوا بوو کە یاریەکە لە بەرژەوەندی ھەڵبژاردەی خاوەن ماڵ کۆتایی پێھات بە ٦ گۆڵی بێ بەرامبەر.ھەرچەند وەکو پێشبینی دەکرا کە ئاستی تەکنیک و ئەزموون و لێھاتووی ھەڵبژاردە بەشداربووەکان لە یەکتر جیاوازبوون.ھەربۆیە چەند ئەنجامێکی سەیر لە تۆپی پێ لەو پاڵەوانیەتیە تۆمارکرا بە تایبەت لە بەرامبەر ھەڵبژاردەی دارفور کە تەنھا لە ٢ یاریدا ٣٣ جار تۆڕی گۆڵەکەیان ھەژاند.بەڵام میوانداریکردنی ھەموو ھەرێمی کوردستان بە شارەکانی ھەولێر و سلێمانی و دھۆکەوە بۆ رکابەریەکانی ئەو پاڵەوانیەتیە، تام و چێژی خستە دڵ و دەروونی وەرزشدۆستانی کوردستان.
بەشێوەیەکی گشتی ئاستی میوانداریکردنی پاڵەوانیەتیەکە و رێکخستنی چاڵاکی پێنجەمین جامی (ڤیڤا) سەرکەوتووترین پاڵەوانیەتی مێژووی جامی جیھانی ھەرێمەکان بوو کە تەمەنی کەمتر لە ٨ ساڵە .
ھەڵبژاردەی تۆپی پێی کوردستان بە سەرپەرشتی راھێنەر عەبدولڵا مەحمود و بە پێکھاتەیەکی بەھێز و ئاوێتە لە یاریزانانی ھەولێر و سلێمانی و کەرکوک و دھۆک و زاخۆ توانی ئاستێکی باش و دڵخۆشکەر پێشکەشی ھاندەرانی بکات و خاڵێکی پرشنگدار لە سەرەتای مێژووی خۆیدا بنوسێتەوە، کە لە ئایندەدا دەکرێ ببێتە ھاندەرێک بۆ خۆ خزاندنە نێو پاڵەوانیەتیە نێودەوڵەتیە مەزنەکانی یەکێتی تۆپی پێی جیھانی.