“مارتین ئیسکۆرسیزی” فیلمی سینەمایی “وەرزی کەرگەدەن” لە دەرھێنانی “بەھمەن قوبادی” لە بەشی تایبەتی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “تۆرێنتۆ” و ھەروەھا لە سەرتاسەری جیھان پێشکەش دەکات.
فیلمی سینەمایی “وەرزی کەرگەدەن” Rhino Season دوایین بەرھەمی سینەماکاری ناودار و بەئەزموونی کورد “بەھمەن قوبادی” لە یەکەمین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا لە بەشی تایبەتی سی و حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “تۆرێنتۆ” لە وڵاتی کەنەدا نمایش دەکرێت و لە یەکەمین تیزێری ئەم فیلمەدا، سینەماکاری بەناوبانگ و بەئەزموونی جیھان “مارتین ئیسکۆرسیزی” Martin Scorsese ئەم فیلمە نوێیەی قوبادی لەم فیستیڤاڵە و ھەروەھا لە سەرتاسەری جیھاندا پێشکەش دەکات.
“وەرزی کەرگەدەن” لە بەشی تایبەتی ٣٧مین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “تۆرێنتۆ” لە یەکەمین نمایشی خۆیدا و بە ئامادەبوونی بەھمەن قوبادی و ئەکتەرە پیشەییەکانی سینەمای جیھان، لەوانە: “بێھرووز وسووقی”، “مۆنیکا بێلوچی”، “بێران سات”، “یەڵماز ئوردووگان” و “بئێلجیم بێلگین” کە لەم فیلمەدا رۆڵیان بینیوە، کاتژمێر ٩ی شەوی ١٢ی ئەیلوول / سێپتەمبەری ٢٠١٢ نمایش دەکرێت و لە پاشاندا لە دوو سانسی جیاوازدا لە کاتژمێر ٤٥/١٢ی نیوەڕۆی رۆژی ١٣ی ئەیلوول / سێپتەمبەری ٢٠١٢ و ھەروەھا کاتژمێر ٤٥/٨ شەوی ١٥ی ئەیلوول / سێپتەمبەری ٢٠١٢ لە شاری تۆرێنتۆ نمایش دەکرێت.
سینەماکاری ئەمەریکی مارتین ئیسکۆرسیزی ھۆگرییەکی تایبەتی بە سینەمای بەھمەن قوبادی ھەیە و لە ئەرشیڤی خۆیدا لە ئۆفیسەکەی لە سەرتاسەری جیھان، ١٠٠ باشترین فیلمی دەستنیشانکردووە کە لە نێوانیاندا ٣ بەرھەمی سینەماکاری کورد بەھمەن قوبادی بەرچاودەکەوێت، لەوانە: فیلمی سینەمایی “کاتێک بۆ مەستی ئەسپەکان”، فیلمی سینەمایی “گۆرانییەکانی وڵاتی دایکییم” و فیلمی سینەمایی “پشیلەی ئێرانییەکان”.
لە یەکەمین تیزێری فیلمی سینەمایی “وەرزی کەرگەدەن”دا کە چەند رۆژە ئامادەکراوە و لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتێر Twitter بڵاوکراوەتەوە، “مارتین ئیسکۆرسیزی” ئەم فیلمەی “بەھمەن قوبادی” پێشکەش بە ھۆگرانی سینەما لە سەرتاسەری جیھان دەکات.
بەھمەن قوبادی ماوەی ٣ ساڵ و نیوە کە لە وڵاتی ئێران دوورە و ساڵی پار بە بەشداری کۆمەڵێک لە ئەکتەرە ناودارەکانی سینەمای ئێران و تورکیا، فیلمی سینەمایی “وەرزی کەرگەدەن”ی لە شاری ئیستانبوول لە وڵاتی تورکیا وێنەگرت.
ئەم فیلمە چیرۆکی شاعیرێکی کورد بۆ بینەر دەگێڕێتەوە کە لە رێگای شیعرەکانییەوە بە شوێن ژیانی ونبووی خۆیدا دەگەڕێت. قوبادی لەم فیلمەشدا لە دەرەوەی وڵات، وەکوو فیلمەکانی پێشووی لەسەر بابەتێکی کوردی ئەم فیلمەی سازکردووە.
فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “تۆرێنتۆ” کە یەکێکە لە فیستیڤاڵە گرینگ و پلە یەکەکانی سینەمای جیھان، بە بەشداری بەرھەمی سینەماکارانی ناودار و بەئەزموونی سەرتاسەری جیھان لە چەندین بەشی جۆراوجۆری پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە: بەشی “فیلمسازە سەربەخۆکان”، بەشی “مامۆستایان”، بەشی “کەشفی بەھرەمەندان” و بەشی “دیکۆمێنتاری” لە رۆژانی ٦ تا ١٦ی ئەیلوول / سێپتەمبەری ٢٠١٢ لە شاری تۆرێنتۆ لە وڵاتی کەنەدا بەڕێوەدەچێت.
تیزێری فیلمی سینەمایی “وەرزی کەرگەدەن” لە دەرھێنانی بەھمەن قوبادی: