مەسعودی مەلا ھەمزە :لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا و لەمیانی فێستیڤاڵی بەدرخاندا پێشانگایەکی تایبەتی فۆتۆگرافی بۆ ھێمن جەمیل-ی فۆتۆگرافەر کرایەوە.
لە ھۆڵی ھۆتێل نۆڤۆتێل لە پاریس پێشانگای تایبەتی فۆتۆگرافی ھێمن جەمیل کرایەوە، لە پێشانگاکەدا کە خاتوو خەمان زرار نوێنەری حکومەتی ھەرێمی کوردستان و بەرزان فەرەج نوێنەری(ی.ن.ک) و سەرۆکی شارەوانی سیڤەر و نوێنەری پارتی سۆسیالیستی فەرەنسی و ژمارەیەک لە روناکبیران و ھونەرمەندانی کورد و رەوەندی کوردی لە فەرەنسا و چەند ووڵاتێکی دیکەی ئەوروپی ئامادەیبون، ھێمن جەمیل ١٢ فۆتۆی نمایش کردبوو کە گوزارشتیان لە سروشتی کوردستان و ژیانی خەڵکی کوردستان دەکرد.
لە ووتەیەکیدا ھێمن جەمیل-ی فۆتۆگرافەر لەبارەی پێشانگاکەی ووتی: لەم پێشانگایەدا ١٢ فۆتۆی قەبارە یەکسانی ٦٠\٩٠ سم نمایشکراوە بە ھەردوو رەنگی رەشوسپی و رەنگاو رەنگ و بابەتی سەرەکی فۆتۆکانیش پێک دێت لە گێڕانەوەی ژیانی رۆژانەی ھاوڵاتیانی کوردستان و نیشاندانی کلتور و سروشتی جوانی کوردستان.
ھەروەھا ووتی: مەبەستم بووە کلتوری گەلەکەم نیشانی گەلی فەرەنسی بدەم و ئاشنایان بکەم بەو وێنانەی کەبەشێکن لە گێرانەوەی جوانیەکانی کوردستان و چۆنێتی ژیان لای ھاوڵاتیانی کورد.
ھێمن جەمیل لەدایکبوی شاری سلێمانیە و جگەلە کاری رۆژنامەنوسی وەک ھونەرمەندێکی فۆتۆگرافەر کاری ھونەری فۆتۆ دەکات و بەشداری زیاتر لە ١٨ پێشانگای ھاوبەشی لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان کردووە و ئەمە یەکەم پێشانگای تایبەتیەتی.
پێشانگاکە بەیانی ٩-٧-٢٠١١ کرایەوە و ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت.