بەچەند پەڕاوێک لەنووسین هەرگیز ناتوانین پێناسەیەکى تەواوى ئەم ئەستێرەیە بکەین کە ساڵانێکى زۆر خزمەتى تۆپى پێى کوردستان بەگشتى و شارى هەولێرى بەتایبەتى کردووە، ئەم کەسایەتیە لەکۆتای یەکانى سەدەى ڕابردوو ئەستێرەى سەرجەم یاریگاکانى کوردستان بوو، کە ناتوانرێ هەمووى لە چەند پەڕێکدا باس بکرێ، د. شاخەوان مەجید بەقاڵ لە پایزى ساڵى 1962 لە هەولێرى کۆنترین شارى جیهان چاوى بۆ قەڵا و منارە هەڵ هێناوە وە سەرجەم قۆناغەکانى خوێندنى تا پۆلى شەشەمى ئامادەیى هەر لەم شارەدا تەواو کردووە، هەر لەم شارەش شکى بە بەهرەیەک کردووە لەبوارى وەرزشى لەخۆیدا، کە دواتر ئەم بەهرەیەى پەرەى سەندو و سەرجەم وەرزش دۆستانى پێ ئاشنا کرد، دکتۆر شاخەوان یەکەم تیپ کە یارى بۆ کردبێت لەسەردەمى هەرزەکاریدا تیپى (( پەژارە )) بووە،
دواتر لەساڵى 1976 چووەتە تیپى (( تەحریر )) بۆ ماوەى دوو ساڵیش لەوێ یارى کردووە، ئەم یاریزانە تادەهات ئاستى بەرز دەبووە وە لە یارى کردن، بۆیە هەرزوو بووە جێى سەرنجى یانەکان، بۆیەکەم جاریش ساڵى 1979 بانگهێشت کرا بۆ یانەى لاوانى هەولێر، دواى ساڵێک یارى کردن، لەڕیزى پلەیەکى یانەى هەولێر وەرگیرا، دواى دوو ساڵ بەهۆى خۆشەویستى بۆ یانەکەى پلەى (( کاپتن ))ى پێدرا، ئەمەش هاندەرێکى تر بوو بۆئەوەى ناوبراو زیاتر لە هەوڵ وخزمەتکردنى یانەکەیدا بێت، ئاست بەرزى ئەم یاریزانە لە نێو یانە و ڕاهێنەرانى سەرانسەرى عێراقدا ناوى دایەوە بە شێوەیەک زۆر لەیانە بەهێزەکانى عێراق لەهەوڵ دابوون بۆ ئەوەى یاریان بۆبکات، بۆیە چەندین بۆندى لە یانە بەهێزەکان پێ گەیشت، بەڵام ئەم لاوە بەئەمەک بوو لەگەڵ خاک و یانە و جەماوەرى شارەکەى و نەیتوانى دەستبەرداریان بێت، دووبارە لەساڵى 1984 بۆندێکى لە لایەن یانەى (( وەحدات ))ى ئوردنى پێگەیشت بۆیارى کردن لەڕیزى ئەو یانەیە، بەڵام خوالێخۆشبوو سوور بوو لەسەر خزمەتکردن و بەجێ نەهێشتنى یانەکەى، دواى تەواو کردنى ئامادەیى لە ساڵى 1982 لە کۆلێژى پەروەردەى زانکۆى موسڵ وەرگیرا، لە ساڵى 1986 بەهۆى تەنگەتاو کردنى لەلایەن ڕژێمى بەعسەوە ناچار بوو ڕوو لە هەندەران بکات و خاکى دایک بەجێ بهێڵێت، بەڵام خۆشەویستى بۆ وڵاتەکەى واى لێ کرد زوو بگەڕێتەوە بۆ باوەشى یاریگاکانى.
ئەم یاریزانە تا ساڵى 1992 لە ڕیزى یانەى هەولێر بەردەوام بوو لە یارى کردن، تاکە هیوا و ئامانجیشى ئەوەبوو کە یانەى هەولێر بێتە ڕیزى پلەیەکەکانى عێراق. وە لەهەمان ساڵدا ژیانى هاوسەرى پێک هێنا، کە زۆر جاریش وەکو خێزانەکەى باسى ئەکات وەرزشى لە سەر بەرژەوەندى ماڵەوە ئەنجام داوەو خۆشەویستى بۆ پیشەکەى بێ پایان بووە.
لە ساڵى 1992 دکتۆر شاخەوان وازى لەیارى کردن هێنا، بەڵام دوور نەکەوتەوە لە تۆپى پێ و ئەمجارە وەک یاریدەدەرى ڕاهێنەر گەڕایەوە نێو یارگاکان، لە ساڵى 1998 بڕوانامەى (( ماجستێرى )) بەدەست هێنا و نامەکەشى هەر دەربارەى یارى تۆپى پێ بوو، بۆیە داوایان لێ کرد کە ببێت بە ڕاهێنەرى یانەى هەولێر، بەڵام ئەو وتى هێشتا ماومە دەمەوێت پلە بەپلە سەرکەوم، بەهۆى خۆشەویستى بۆ تۆپى پێ دکتۆر شاخەوان زیاتر پەرەى بە بەهرەکانى خۆى دا تا لەساڵى 2003 بڕوانامەى دکتۆراى بە پلەى (( نایاب)) بەدەست هێنا، ئەمە کۆتاى خزمەتکردنى نەبوو بۆ وەرزش، بەڵکو بەردەوام بوو لەسەر پەرەپێدانى وەرزش لە کوردستان تا لەسەر پێشنیازى ئەو (( قوتابخانەى تۆپى پێى تازە پێگەیشتوان و لاوان )) لەیانەى هەولێر کرایەوە، بەڵام سەد حەیف و مخابن ئەم مرۆڤە باک و بێ خەوشە وەرزش پەروەرە هەرزوو ماڵئاوایى لێمان کرد و یاریگاکانى لێمان چۆڵ کرد .
هەزار هەزار ڕەحمەت لەگۆڕت بێت ئەى مرۆڤە پاک و نیشتیمان پەروەر و وەرزش دۆستەکە، عاشقەکەى خاک و خۆڵى کوردستان، وەرزشوان (( دکتۆر شاخەوان مەجید)) .