ئامادەکردنی/ رزگار رەزا : بزووتنەوەی گۆڕان لە چەندین لێدوان لە زاری خودی رێکخەری گشتییشەوە داوای ئەوەیان دەکرد کە دەبێ، پەیوەندییەکانی دەرەوە بە دامەزراوەیی بکرێ و لە رێی دامەزراوەیی نیشتیمانیی بن، بەڵام لەم رۆژانەدا رێکخەری گشتیی بزووتنەوەکە سەردانی ئێرانی کرد و وەکو حیزب لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکانی، دانیشتنی فەرمیی کرد، ئەمە تا چەند دوورە لە دروشمەکانی رابردوو، خوێندنەوەتان چییە بۆ جیاوازیی لە نێوان دروشم و پراکتیکی کاردا؟
دارا ئەحمەد: بزووتنەوەی گۆڕانیش وەک پارتی و یەکێتی و ئیسلامییەکان و وەک هەر حیزبەکی ستەمگەر و تۆتالیتاریی کە حیزبی خەڵک نین و هەر یەکە و حیزبی یەک کەسی دیکتاتۆر و کۆمەڵەک مافیا و چەورەن.. زۆر ئاساییە بەو شێوازە هەڵسوکەوت بکا، لە بارودۆخی هەنووکەی کوردستان کە حکومەت تێیدا تەنیا ناوەکی بێ نێوەرۆکە.. هەروا سەروەریی نیشتمانیی و ئاسایشی نەتەوەییش کە خۆیان لە کاتی ئاساییدا تاکتیکگەلەکی بێزەوەری سیستەمی هەنووکەی تێکڕای حکومەتەکانی جیهانن.. ئەو دەستەواژانە لە نێو بزووتنەوی گۆڕان و هەموو حیزبەکانی کوردستان و عێراقیش قسەگەلەکی رووتن و تەنیا لە پێناو لەخشتەبردنی جەماوەرە سادە و ناهۆشیارەکە دەیجوونەوە و دەیجوونەوە.. چونکە ئەوان هیچیان ناتوانن بەرژەوەندییە تەسکە حیزبییەکانی خۆیان بە قوربانی هیچ تشتەک بکەن، ئەو جۆرە پەیوەندیی و سەردانانەی حیزبەکانیش کە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و جیهان ئەنجامی دەدەن جگە لە پەیوەندییەکی سیخوڕیی لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیان هیچی دیکە نین.
لێ نەوشیروان لەو سەردان و پەیوەندییە گومانکارانەی (بیانگە)کانی لە (نەنگیی)ەکانی گەورەترن! چونکە ئەوان هەمیشە لە میدیایەکەیان – کە توانستە مادییەکانی گەلی تێدا دەدزرێ و لێی بەفیڕۆ دەدرێ – باس لەوە دەکەن کە پەیوەندییە دیبلۆماسییەکان لەگەڵ وڵاتان پێویستە لە رێی حکومەت و دامەزراوەکانی رێکبخرێن نەک هەر حیزبە و بە ئارەزووی خۆی جرت و فرت سەردانی وڵاتان بکا و پیلانی دژەگەلیی دابڕێژی و کاری ژێربەژێر لەگەڵ سیخوڕانی دەسەڵاتدارانی ناوچەکە و جیهان ئەنجام بدا، کەچی وەک دەیبینین ئەوانیش درۆ لەگەڵ خەڵک دەکەن و خۆشیان بە هەمان شێوەی یەکێتی و پارتی و ئیسلامییەکان ئەنجامی دەدەن بە تایبەتییش خودی نەوشێروان کە مێژووەکی دوورودرێژی هەیە لەو پەیوەندییە سیخوڕییانە و هەمووشی بە زیانی میللەت و بە کارەسات تەواو بوونە.. باشترین نموونەش ئەوەیە کە نەوشێروان لە چوارچێوەی ئەو پەیوەندییانەی لە سەردەمی شەڕی ئێراق و ئێران بووە کەوا سۆری بەر لەشکری حکومەتی کۆنەپەرستیی ئیسلامیی ئێران لە دەستڕاکێشانیان لۆ سەر بیرە نەفتەکانی کەرکووک و هێرشکردنە سەر شارۆچکەی هەڵەبجە.. ئەوانەش بیانگە و هۆکاری زۆر گەورە بوون لۆ هێرش و شاڵاوە دڕندەییەکانی حکومەتی سەدامی دیکتاتۆر لەو سەردەم کە ئەنفالەکان و کیمیابارانەکانی پێ گەیشتنە ئەوپەڕی دڕندەیی.
هەرچەندە ئەمن وای دەبینم کە ئەگەر لە کوردستان ئەو سەرەوەرییە نیشتیمانیی و ئاسایشە نەتەوەییەش هەبی کە لە وڵاتان هەیە و پەیوەندییە دیبلۆماسیی و نیشتیمانییەکانیش بە یاسا و لە سەر بنچینەی دامەزراوەی دەولەتیی رێکبخرێن و حیزبەکان – دەسەلاتدار یان بەرهەڵستکار – نەتوانن وەک حیزب ئەو پەیوەندییانە ببەستن.. هێشتا هەر گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ یان ریشەیی بە قازانجی خەڵک لەو مەسەلەیە دروست نابی.. چونکە لەبەرئەوەی حیزبەکانی نێو دەسەڵات نوێنەری خەڵک نین و فڕیان وەسەر بەرژەوەندییەکانی گەل و ئامانجەکانیەوە نییە بەڵکە خۆیان هەر یەکەیان بەشێکن لەو سیستەمە چەوسێنەرەی کە ژیان و گوزەرانەکی کوللەمەرگیی وەسەر خەڵک داسەپانییە.. ئەو دەزگە دیبلۆماسیی و دامەزراوە حکومییانە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە بەرژەوەندیی تەسکی حیزبەکانی خۆیان بەکاردەبەن و بە دەیان پیلانی گوماناویی خۆیانی پێ جێبەجێ دەکەن.. هاوکات حیزبە بەرهەڵستکارەکانیش بە شێوەیەکی نهێنیی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ولاتان و حیزبەکانیان رێکدەخەن و هەمان کاری خۆیان دەکەن، لەبەرئەوە چارەسەر تەنیا ئەوەیە کە ئەو سیستەمە لە بنەڕەتەوە بگۆڕدرێ و سیستەمەک دابمەزرێ خەڵک خۆی نوێنەری خۆی بی و دەزگە دیبلۆماسییەکان و هەموو دەزگە و دامەزراوەکانی دیکە لە لایەن نوێنەرانی راستەقینەی گەل و لە نێو خەڵک ئاوا بکرێن و خۆیان بەڕێوەیان ببەن.
سەڕای هەموو ئەوانەش.. ناکرێ و نابی لایەنەکی بەرهەڵستکار کە بانگەشەی گۆڕان لە کۆمەڵ و وەدەستهینانی ماف و ئازادییەکانی خەڵک و سەرخستنی دۆزە نەتەوەیی نیشتیمانییەکانی خەڵکی کوردستان دەکا ئەو جۆرە پەیوەندییە سیخوڕییە حیزبییانە ئەنجام بدا.. بە تایبەتییش پەیوەندیی لەگەڵ کێ؟ لەگەڵ کۆنەپەرستترین و دژەمرۆییترین حکومەتی سەر رووی زەوی کە بێجگە لەوەی داگیرکەری سەرسەختی بەشەکی زۆری خاکی کوردستانی مەزنە و بە دڕندەترین شێوە مافە نەتەوەیی و نیشتیمانیی و مرۆییەکانی خەڵکی کوردستانی رۆژهەڵات پێشێل دەکا و دژ بە هەموو بزووتنەوەیەکی نیشتیمانیی و پێشکەوتنخوازیی تێکرای پارچەکانی کوردستان پیلانی دوژمنکارانە ئەنجام دەدا.. هۆکارەکی گەورەشە کە تا ئێستا کوردستانی باشوور نەیتوانییە سەربەخۆیی خۆی وەدەست بخا.. ئەویش حکومەتی دڕندەی کۆماری ئیسلامی ئێرانە!!!
دیارە ئەو جۆرە پەیوەندییە و چەندین کار و هەڵسوکەوتی دیکەی گۆڕان پتر و پتر ئەوە ئاشکرا دەکا و دەیخاتەڕوو کە گۆڕان ئەو بزووتنەوە نییە کە لە سەرەتای دروستبوونی خەڵکەک هەبوون ئومێدەکیان لەسەر بنیات نابوو و چاوەڕوانی ئەوە بوون بە جۆرەک لە جۆرەکان لە یەکێتی و پارتی باشتر بی یان لە خراپ باشتر بی! بێگومان ئەوەش لە دوو هۆ بەدەر نییە.. ئەوانیش ئەوەن کە لە لایەک ئەو حیزبە کەرتی حیزبەکی تۆتالیتاریی وەک یەکێتییە و لە لایەن نوێنەرانی چینە چەوسێنەرەکانی گەلەوە دامەزرایە و لەژێر هەمان هزر و فەلسەفەی ئەوان بەڕێوەدەچی.. لە لایەکی دیکەش کەسەکی وەک نەوشێراوان سەرپەرشتیی دەکا کە مێژووەکەی پڕە لە شەڕ و داپلۆسین و پاکتاوکاریی و شەڕی نێوخۆ.. پڕە لە سەرکوت و پێشێلکردنی ئازادییەکان و قڕکردنی ژنان و بەکارهینانی دین.. پڕە لە ناوچەگەریی و شارچێتیی… بە کورتییەکەی ئەگەر لۆی بلوێ دەبیتە دیکتاتۆرەکی مۆدێل تازە. ئەمن دڵنیام ئەگەر خەڵکی کوردستان بتوانن لەنەوپاش ئاستەک لۆ گەندەڵکاریی و دڕندەییەکانی یەکێتی و پارتی ئیسلامییەکان دابنێن.. ئەوە بە بێ گومان ئیدی ئەو خەڵکەش کە تا هەنووەکە لەژێر کارتێکردنی پڕوپاگەندەکانی گۆڕان دان هووردە هوورە وازیان لێدەهینن.. چونکە گەل پێویستی بە دووبارەکردنەوەی هەمان ئەو ئەزموونە تاڵە نییە کە لەگەڵ یەکێتی و پارتی هەیانە.