ئاماری چالاکییه‌که‌ی گه‌ریلاکان له رۆژی 19ی حوزه‌یران بۆ سه‌ر سه‌ربازانی ئاماده‌کراو بۆ ئۆپه‌راسیۆن تا ده‌چێت روونتر ده‌بێته‌وه. به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی HPG رایگه‌یاند زیاتر له (100) سه‌رباز کوژراون و (4) کۆپته‌ر تێکشێکنراون. HPG رایشی گه‌یاند که (15) گه‌ریلاش ژیانیان له‌ده‌ستداوه و سه‌باره‌ت به چالاکییه‌که HPG لێدوانێکی بڵاو کرده‌وه.
له لێدوانه‌که‌ی HPG دا هاتووه :”کاتژمێر 04.00ی به‌ره‌به‌یانی رۆژی 19ی حوزه‌یران، له‌دژی بنکه سه‌ربازییه‌کانی سه‌ر به سوپای تورکی داگیرکه‌ر که له ئاماده‌کاری ئۆپه‌راسیۆنی پاکتاوکردنی گهریلاکاندابوون، له‌لایه‌ن گهریلاکانمانهوه ئۆپه‌راسیۆنێکی شۆڕشگێڕانه ئه‌نجامدراوه”
دوو بنکه‌ی سه‌ربازی کۆنترۆڵ کران
HPG رایگه‌یاند:” بنکه سه‌ربازییه‌کانی ناوچه‌ی شیتازان و ده‌وروبه‌ری که (20) کیلۆمه‌تره له‌ناو هێڵی سنووریدایه و سه‌ر به شارۆچکه‌ی گه‌ڤه‌ری جوله‌مێرگه، گه‌ریلاکانمان چاودێریان ده‌کرد که ماوه‌ی مانگێک زیاتره سه‌رباز و که‌ره‌سته‌ی سه‌ربازی لێ کۆده‌کرایه‌وه، گه‌ریلاکانمان ئۆپه‌راسیۆنێکی شۆڕشگێڕییان له‌دژی ئه‌و هێزه‌ی دوژمن ئه‌نجامدا که له ئاماده‌کاری ئۆپهراسیۆندابوون. به‌شێکی گه‌وره‌ی سه‌ربازگه‌که له‌نێوبراوه و هه‌ر له‌لایه‌ن گهریلاکانیشمانهوه دوو بنکه‌ی تری سه‌ربازی ده‌وروبه‌ری سه‌ربازگه‌که کۆنترۆڵکرا.”
HPG رایشیگه‌یاند که له‌ناوچه‌ی رووبارۆکی سه‌ر به شه‌مزینان و ئۆره‌ماری سه‌ر به گه‌ڤه‌ری جوله‌مێرگ، پاشه‌کشه به‌و سه‌ربازانه کرا که هه‌وڵی ده‌ستێوه‌ردان و فریاکه‌وتنیان ده‌دا.
(4) سکۆرسکی تێکشکێنران و به‌ردرانه‌وه گورز له (3) کۆپته‌ری تر درا
HPG ئاماژه‌ی به‌وه کرد که له ئه‌نجامی گورزی گه‌ریلاکاندا (4) کۆپته‌ری جۆری سکۆرسکی تێکشێنراون و به‌ردراونه‌ته خواره‌وه و وتی:” هه‌ر له سه‌رله‌به‌یانی هه‌مان رۆژه‌وه به کۆپته‌ری جۆری سکۆرسکی و به‌یاوه‌ری کۆبراکان سوپای تورک هه‌وڵیداوه له‌ناوه‌نده‌کانی گه‌ڤه‌ر و جوله‌مێرگه‌وه سه‌رباز ره‌وانه‌ی ناوچه‌ی پێکادانه‌که بکات، له ئه‌نجامی ئه‌مه‌شدا تا کاتژمێر 20.00ی هه‌مان رۆژ له چه‌ندین شوێن شه‌ڕ و پێکادانی سه‌خت رویانداوه، له شه‌ڕ و پێکادانه‌کاندا که به‌درێژایی رۆژ به‌رده‌وام بوو له مامشک (1) له زهری سۆر (1) له سێگۆشه‌ی رهسکێ (1) و له سه‌رپێل (1) به‌گشتی (4) سکۆرسکی تێکشکێنراون، هه‌روه‌ها گورز له (3) کۆپتهی جه‌نگی تر له جۆری کۆبرا و (6) کۆپته‌ری تر دراوه و ناچاربوون له هه‌رێمی پێکادانه‌کان دوور بکه‌ونه‌وه. له‌لایه‌کی تریشه‌وه هه‌ر له‌و پێکادانانهدا زرێپۆشێکی جۆری (پانزه‌ر) و زرێپۆشێکی جۆری (عه‌قره‌ب) تێکشکێنراون. به‌و شێوه‌یه له‌لایه‌ن گهریلاکانمانهوه هه‌وڵه‌کانی ده‌ستێوه‌ردان و فریاکه‌وتنیان تێکشکێنراوه و سوپای تورک دووچاری شکست کراوه.”
HPG رایشیگه‌یاند:” هه‌رێمی پێکادانه‌کان که به فڕۆکه‌ی جه‌نگی، کۆبرا، ئۆبیس و هاوه‌ن به‌شێوه‌یه‌کی چڕ بۆردومان ده‌کرێن و تا ئێستاش ناو به‌ناو پێکادان به‌رده‌وامه.”
(109) سه‌رباز کوژراون، (15) گه‌ریلا ژیانیان له‌ده‌ستداوه
ناوه‌ندی چاپه‌مه‌نی و راگه‌یاندنی HPG له لێدوانه‌که‌یدا راگه‌یاند که له پێکادانه‌کانی به‌درێژایی رۆژی رابردوو دا گه‌ریلاکان چوونه‌ته سه‌ر ته‌رمی (109) سه‌رباز و وتی:”له چالاکی و پێکادانه‌کانی به‌درێژایی رۆژی دوێنێدا کوژرانی (109) سه‌ربازی دوژمن ده‌ستنیشان کراوه و زیاتر له (100) برینداریشیان هه‌یه. له ئه‌نجامی شه‌ڕ و پێکادانه‌کان له‌گه‌ڵ سوپای تورکی داگیرکه‌ر که له هه‌واڵی ئۆپه‌راسیۆن و دهستێوهرداندایه (15) گه‌ریلامان شه‌هید بوون، له‌ماوه‌یه‌کی زۆر نزیکدا ناسنامه‌ی ئه‌و گه‌ریلایانه‌مان راده‌گه‌یه‌نین.”