ئاکۆ عارف : هەرچەندە لە ئێستادا تیپى تۆپى پێى یانەى سلێمانى لەهەوڵى گەیشتن بە خولى بژاردەى یانەکانى عێراق دایە و وەرزى نوێ ى خولى نایاب ى کوردستان و عێراق یشى لە پێشە ، هێشتا ئەم تیپە گەرچى یانەى هەموومانە و وەک هەمیشە
هاندەر و هۆگر و پشتیوانیشى دەبین ، بەڵام تیپێکى پۆشتە نیە و هەروەک ساڵانى رابردوو گیرۆدەى کۆمەڵە خەمێکى زۆرە ، هێشتا بودجە و نوێکردنەوەى بۆندى یاریزانان و جێهێشتنى یاریزانە سەرەکییەکانى تیپەکە و پەیوەندیکردنیان بە یانەکانى ترەوە زۆرترین کێشەیان بۆ دروست دەکات .
چەند ساڵە دەڵێین و بەردەوام دەوترێت کە یارى تۆپى پێ لەم دەفەرە حاڵى باش نیە ، تیپى یانەکانى ئەم سنورە ، بەتایبەتى تیپى تۆپى پێى یانەى سلێمانى بەردەوام گیرۆدەى قەیران و گرفت و کێشە گەلێکى زۆرە و سەربارى قسەو دەربڕینەکان و گەرچى هەندێک لە بەرپرسانى سیاسى ش یانەکە بەسەر دەکەنەوە ، کەچى هێشتا حەلێکى تەواو نیە لانى کەم بۆ دەربازبوون ى یانەى شارەکە لەبەشێکى سەرەکى ئەو کەند و کۆسپانەى هەنگاوەکانى سەرکەوتنى یانەکەى پەک خستووە .
ئێستا ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین بەتەنیا بەشداریکردن لە کایەکاندا بەهەند وەرناگیرێت ئەگەر دەسکەوت یاخود دەرنجامى باش و ئەنجامى گەورەت نەبێت ئەوە دواجار رەنگە بەشدار یکردنەکەت تەنیا سەرئێشە بێت و یەکسان بێتەوە بەسفر .
گومان لەوە ناکرێت ئەوانەى ئاشنایەتیان لە گەڵ وەرزش و رکابەریەکانى تۆپى پێ هەیە زۆرینەیان بە ئاسانى لە کێشەو خەمى تیپەکان و هۆکارگەلى بەشێکى زۆرى شکست و ئەنجامە خراپەکانیش تێدەگەن ،کەوایە بۆ هەموو ساڵێک ئێمە لەگەڵ گرفت و خەمى تیپەکانى ئەم سنورە ئاوێزان بینەوە ، بۆ ئێمە لە ئاست چارەسەرى خێرا و پشتیوانیکردن و پلانى زانستى هەمە لایەن دا بێدەنگ و بێ باکین ، ئاخر خۆ ئەم شارە پرە لە وەرزشکارى شارەزا و خەڵکى دڵسۆز و بەر پرسى وەرزشى ، ئێمە لە کوێین کاتێک تەنیا بەناو تیپمان هەیە ، ئێمە لە کوێین کاتێک یانەکانمان یان ناگەنە خولى بژاردەى عێراق یان کە گەیشتن هەر زوو دەبنە پۆڕى خوراو ، ئەى بەرپرسان و خەمخۆرانى وەرزشى ئەم شارە لە کوێن کاتێک پلانێکى زانستى و گشتگیر نیە بۆ گەیشتن بە قۆناغێکە زێڕین .
ئەگەر تەواوى کایەکان پڕ جوڵەو ئەکتیف یشبن ، ئەگەر لەتەواوى کایەکاندا پێشڕەو بین و داهێنان هەبێت ، بەڵام لاوازى و داماوى کایەى وەرزشى بەگشتى و یارى تۆپى پێ بەتایبەتى لە هەرکاتێکدا دەرکەوتەى هەبوو نیشانەى تەواو نەبوونى تابلۆکەیە ، کێ بڕکێ کانى تۆپى پێ کێ بڕکێى خۆناساندن و ژیان دۆستى و نیشاندنى ڕوویەکى شار ستانیەت و مەدەنیت خوازیە ، لەگەڵ جادەى پان و تەلارى بەرز دا وەرزشێکى جوانمان دەوێت ، لە گەڵ خزمەتگوزارى و ئاوڕدانەوە لە تەواوى چینەکانى کۆمەڵگە بوژانەوەى وەرزش یشمان دەوێت ، لە خولى بژاردەى عێراق و نایاب ى یانەکانى کوردستان دا بوون و ئامادەى و بردنەوەى یانەى سلێمانى مان دەوێت ، فریاى تۆپى پێى ئەم شارەکەون زۆر لەدواوەن ئیتر خەڵک پێشکەوتنى دەوێت .